حكومەتی هەرێم ڕاپۆرتی قەرز و پابەندییە داراییەكان ئاڕاستەی چاودێری دارایی دەكات

31-05-2020 02:38
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەكان

پەرەگراف

حكومەتی هەرێم بڕیاریدا قەرزو پابەندییە داراییەكانی سەر هەرێمی كوردستان بە ڕاپۆرتێك ئاڕاستەی چاودێریی دارایی بكات.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكان، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوبردن و هەماهەنگی قەرزی گشتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێكی بەرفراونی بە خشتە و داتای پێویستەوە دەربارەی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەتی هەرێمی خستووەتەڕوو كە لە لایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادە كراوە.

"دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا ڕاپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەكان ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بكرێت وەكو لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا بخرێتە بەردەستی پەرلەمانی كوردستان و ڕای گشتی" ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە وادەڵێت.