دوو بەرپرسی باڵای نەوەی نوێ‌ لەبارەی مانگرتنی شاسوار عەبدولواحیدەوە بۆ پەرەگراف دەدوێن

23-05-2019 01:03

پەرەگراف - سەنگەر سالار

شاسوار عەبدولواحید ماوەی چەند ڕۆژێكە مانی لە خواردن گرتووە و باری تەندروستیی ناجێگیرە، ئەمەش بەپێی لێدوانی دوو بەرپرسی باڵا لە نەوەی نوێ‌ بۆ پەرەگراف.

دۆستی ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست ئێمە گەیشتووە، ئێستا شاسوار عەبدولواحید لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە و باری تەندروستیی ناجێگیرە".

هاوكات هیمداد شاهین، بەرپرسی ئۆفیسی دیسكی عێراق لە نەوەی نوێ‌، هەمان زانیاریی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە و وتی "چەند ڕۆژێكە سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ مانی لە خواردن گرتووە و بارودۆخی تەندروستیی خراپە".

لێدوانی بەرپرسانی نەوەی نوێ‌ لەبارەی مانگرتنی شاسوار عەبدولواحیدەوە لە كاتێكدایە، دۆستی ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە "شاسوار عەبدولواحید لە زیندانی تاكەكەسیدایە و ڕێگە نادرێت كە پارێزەر و كەسوكارەكەیشی بیبینن".

لەبارەی ئەوەی چۆن زانراوە شاسوار عەبدولواحید مانی لە خواردن گرتووە؟ بەرپرسانی نەوەی نوێ‌ هیچ زانیارییەكیان نەخستە ڕوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ دەڵێت "شاسوار عەبدولواحید پێشتریش باری تەندروستیی ناجێگیر بووە، هەر بۆیە 15 ڕۆژ بەر لەوەی بگەڕێتەوە كوردستان، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە دەرەوەی وڵات بووە".

"شاسوار عەبدولواحید لە كاتێكدا كە زانیویەتی پیلانێك لە دژی خۆی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ هەیە، لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و بەپێی خۆی چووەتە بەردەم دادگا. بەپێی یاسا كەسێك كە خۆی بەو شێوەیە بچێتە بەردەم دادگا و بەو ماددەیە تۆمەتبار كرابێت، دەبێت بە كەفالەت ئازاد بكرێت" دۆستی ئەحمەد وای وت.

ناوبراو دەشڵێت "بە ئەركی هەموو هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی و ڕێكخراوەكانی دەزانین، كە داكۆكی لە شاسوار عەبدولواحید و خۆبەخشەكانی نەوەی نوێ‌ بكەن".

ئەمە لە كاتێكدایە ماوەی چەند ڕۆژێكە جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ سەردانی بۆ لای حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دەست پێ‌ كردووە. تا ئێستا سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعیی كردووە.

پەرەگراف پێشتر لە زاری سەرچاوەیەكی نەوەی نوێ‌ كە لە كۆبوونەوەكاندا بەشدار بووەن ئەوەی ئاشكرای كرد كە ئامانج لەو سەردانانە بەدەستهێنانی پاڵپشتی بووە لە بەرانبەر ئەو فشارانەی لەسەر جووڵانەوەكە هەیە.

ڕۆژی 15/5 دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی، فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێی دەركرد. ڕۆژی 16ی مانگیش شاسوار عەبدولواحید خۆی ڕادەستی دادگا كرد و لەبەردەم دادوەردا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە كە ڕووبەڕووی كراونەتەوە، بەڵام دادوەر فەرمانی ڕاگرتنی دا و تا ئێستا لە زینداندایە.

پاش دوو ڕۆژ لە دەستگیركردنی، ڕێگە بە كەسوكارەكەی و سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ درا، شاسوار عەبدولواحید ببینن.

لە فەرمانی دەستگیركردنەوەی شاسوار عەبدولواحید دا كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو، بەپێی ماددەی دوو لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، فەرمانی دەستگیركردنەكە دەركراوە.

فەرمانی دەستگیركردنەكە دوای ئەوەدێت 10ی ئەم مانگە ئاسایشی هەرێم ڤیدیۆی تۆمەتبارانی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە كە دان بە وەدا دەنێن هەڕەشەیان لە چەند پەرلەمانتارێكی جووڵانەوەكەیان كردووە و چەندین تۆمەتیان بۆ سیاسییە ڕكابەرەكانی حیزبەكەیان دروست كردووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئەوان دەڵێن، ئەو كارەیان بە "ئاگاداری ‌و فەرمانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەكە كردووە"، بەڵام شاسورا بە تووندی ئەوە ڕەتدەكاتەوە‌و پێی وایە ئەو كەسانە لەژێر فشاردا بەو جۆرە قسەیان كردووە.

شاسوار عەبدولواحید بەر لەوەی بچێتە دادگا، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئەوەشی خستە ڕوو، خۆی دەڕوات بۆ بەردەم دادگا، وەك چۆن پێشتر چوووەتە بەردەم دادگا و سڵی نەكردووەتەوە.

"ئەمەی ئێمە و هاوڕێكانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەكانمانە، نەك باجی هەڵە. زۆرێك هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئازادانە دەسورێنەوە لەم وڵاتەدا" شاسوار وای وت.

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش كرد، گۆڕانكاریی گەورە قوربانیدانی دەوێت. وتیشی"هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە لە جاران بەهێزتر دەبین و كۆڵ نادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێ دەكەینەوە چەند ساڵێكی ترە، نەك ئەم وێستگە كاتییە بچووكانەی ئێستا، چونكە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، ڕاستی و خاوەن هەڵوێستییە".