یەكێتی بۆ پارتی: بەشداریی نەكردنمان زەنگێكی گەورەیە بەرامبەر بە تاكڕەویی‌و خۆسەپاندن‌

28-05-2019 12:52


پەرەگراف

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڵێت، بەشداریی نەكردنیان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان‌و دەنگ نەدان بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، "زەنگێكی گەورەیە" بەرامبەر بە تاكڕەویی‌و خۆسەپاندن‌و وەفا نەبوونی پارتی بە ڕێككەوتنەكانی نێوانیان.

پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوەو نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی 68 پەرلەمانتار لە كۆی 81 پەرلەمانتاری ئامادەبوو بە سەرۆك هەڵبژێردرا.

هەرچەندە پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتنێكی سیاسی ‌و ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێیان واژۆ كردووە، بەڵام یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كردو هۆكارەكەی بۆ جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ پارتی بەتایبەت بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دەگەڕێنێتەوە كە پێشووتر هەردوو حیزب ئەو پرسەیان دابووە دەست مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی.

لە تیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمیی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا هەڵوێستی حیزبەكەی ڕوونكردەوەو ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە خوێندەوە كە تێیدا پارتی تۆمەتبار دەكات بە جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكان‌و سیاسەتی "تاكڕەویی‌و پشتگوێ خستن".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا پابەند دەبن بە بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم لە كاتێكدا ئەوان بەشدار نەبوون لە هەڵبژاردنیداو ئایا گرفت بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست دەبێت؟ لەتیف شێخ عومەر وتی "هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەوەی لە قۆناغی داهاتوو چی دەكەین، هەڵبەت یەكێتی بەرچاوی ڕوونە چ هەڵوێستێك وەردەگرێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەندە بەسە كە بڵێین بەشدارینەكردنمان زەنگێكی گەورەیە بەرامبەر بە تاكڕەویی‌و خۆسەپاندن‌و بەرامبەر بە وەفا نەبوون بە ڕێككەوتنەكان".

وتەبێژەكەی یەكێتی تەئكیدی لەوەكردەوە، دەبوو دانانی پارێزگاری كەركوك "وەك ڕێككەوتنی لەسەر كراوە" هەنگاوی بۆ بنرایە، وتیشی "ئەگەر نیەتێكی باشمان لە برایانی پارتی ببینیایە بە ئاڕاستەی جێبەجێكردنی بەشێك لە بەندەكانی ڕێككەوتنەكەمان هەڵبەت ئەم هەڵوێستەی ئەمڕۆمان نەدەبوو، هەڵوێستی پێشوومان بە ڕێككەوتن‌و هەڵوێستی ئەمڕۆمان بە بەشداریی نەكردن‌و هەڵوێستەمان لەسەر هەڵپەساردنی بەشداریمان لە پڕۆسەی سیاسی لە كوردستان، هەوڵێكی یەكێتییە بە ئاڕاستەی ڕێككەوتنێكی باشتر ئەوەش بە مانای ئەوەی جێبەجێكردنی ئەو دوو ڕێككەوتنەی هەمانە لەگەڵ پارتی".

وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەشی خستە ڕوو، حیزبەكەی هەرگیز لەگەڵ دووئیدارەییدا نییەو هەڵوێستەكەی ئەمڕۆیانی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان لەقەڵەمدا، وتیشی "تاكڕەویی لە كوردستان سەرناگرێ‌و نابێ سەربگرێ‌و نابێ ڕێگەی پێبدەین".

هاوكات یەكێتی لە ڕاگەیەندراوی ڕوونكردنەوەی هۆكاری بەشدارنەبوونی لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، نووسیویەتی "مەخابن ئەمڕۆ بەئێوەی ڕادەگەینین كە پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا دروستكردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراكسێۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناكا".

هەروەها ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتی هۆشداریی دەدات كە "ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاكڕەوییە ئاكامەكانی باش نابن".

جگە لە نێچیرڤان بارزانی 4 كەسی دیكە كاندیدبوون بۆ سەرۆكی هەرێم، بەڵام هیچیان هیچ دەنگێكی بەدەست نەهێنا. فراكسیۆنی نەوەی نوێ بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كردو هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامیی‌و یەكگرتوو دەنگیان بە سەرۆكی نوێ نەدا.

یەكێتی ئاماژە بەوەشدەكات هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەبێ دەنگی فراكسیۆنەكەی ئەوان، پرسی بڕیاردان و شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان "دەخاتە بەردەم بارودۆخێكی نوێوە"، هەروەك پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەخاتە بەردەم "ئەگەرو پیشهاتی تازە".

یەكێتی دەشڵێت "دەرئەنجام و لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەك بێت لە ئەستۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا نییە و ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر".