داوا دەكرێت پارتی‌و یەكێتی ملیاران دۆلار بگەڕێننەوە كە "بە كاش" بردوویانە

28-06-2020 06:04

پەرەگراف

سێ ملیار دۆلار لە پارەی عێراق دوای كەوتنی سەددام حسێن، چوار ملیار دۆلار پارەی شیرینیی نەوتی كۆمپانیا بیانییەكان لە ساڵی 2011، لەوانەش زیاتر، فەردە دۆلاری ژێر زەمینەكان كە مەلا بەختیار لە 2013 ئاشكرای كردن، بەشێك لەو بڕە پارانەن كە هی خەڵكی كوردستانن‌و بە وتەی نووسەرێك پارتی‌و یەكێتی بە كاش بردوویانەو لە نێوان خۆیاندا بەشیان كردووە، ئێستا ئەو نووسەرە داوا دەكات، ئەو دوو حیزبە دەست بكەن بە گیرفانیانداو وەك پابەندبوونێكی ئەخلاقیی بیگەڕێننەوە بۆ حكومەت تا بدرێت بە مووچە.

عارف قوربانی، نووسەر، كە بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسان زانیاریی لەبارەی ڕووداو و گۆڕانكارییەكان هەیە، لە وتارێكدا تیشك دەخاتەسەر قەیرانی دارایی هەرێم‌و سوودمەندبوونی پارتی‌و یەكێتی‌و بنەماڵەو بەرپرسانیان‌و پێكەوەنانی سەروەت‌و سامانێكی زۆر كە وایكردووە ئەو دوو حیزبە لە حكومەت دەوڵەمەندتر بن، دەڵێت "ئەم دوو حیزبە بە بڕی زۆر قەبە پارەی كاشی ئەم میللەتەیان لایە"، بۆئەوەش باسلە سێ حاڵەت دەكات.

قوربانی كە بۆ ماڵپەڕی ڕووداو دەنووسێت، لەبارەی حاڵەتی یەكەمەوە دەڵێت "هەموو لەبیرمانە دوای كەوتنی سەددام، پۆڵ بریمەر بە چەند هەلیكۆپتەرێك سێ ملیار دۆلاری لە پارەی عێراق هێنا و دایە كوردستان. ئەمانیش نەخستیانە خەزێنەی حكومەتەوە و نە دایانە خەڵكی كوردستان، بە دوو رێژەی جیاواز بەشیان كرد بۆ پارتی و یەكێتی و هەردوولایان پارەكەیان بردە دەرەوەی كوردستان".

حاڵەتی دووەمیش بردنی پارەی شیرینی نەوتە، "لە كۆتایی ساڵی 2011 ئەو كاتەی پارە لە بەغداوە زۆر دەهات و لە پێویستیی هەرێم زیاتر بوو، بڕی چوار ملیار دۆلار پارەی شیرینیی نەوتی كۆمپانیا بیانییەكان كەڵەكە بووبوو، لە ترۆپكی هەردوو حیزبەكەوە كەوتنە كەینوبەینی چۆنیەتیی خۆش و بەشكردنی ئەو پارەیە و ئەوەشیان لەنێوان خۆیان بەشكرد و بووە سەرمایەی پارتی و یەكێتی لە بانكەكانی دەرەوە".

عارف قوربانی لە سێیەم حاڵەتدا باسلە پارەی ژێرزەمینەكان دەكات‌و مەلا بەختیار بەرپرسی باڵای یەكێتی دەكات بە شایەت‌و نووسیویەتی "سەرەتای ساڵی 2013 بەهۆی پێشهاتێكی سیاسییەوە پارەی بانكەكان كە پارەی هاووڵاتییان، پارەی پرۆژە، پارەی لقی هەرێمیی بانكە عیراقییەكان بوون، هەمووی گوازرایەوە. ئەوەی تاكە كەسێك ئازایەتیی ئەوەی تێدا بوو باسی بكات، مەلا بەختیار لە رۆژنامە و ماڵپەڕی چاودێر وتارێكی نووسی و هاواری كرد كوردستان بەرەو قەیرانێكی دارایی ترسناك دەڕوات بەهۆی ئەوەی پارە لە بانكەكان نەماوە و ژێرزەمینەكان پڕكراون لە فەردە دۆلار. پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و داواكاری گشتی و تەنانەت خەڵك و میدیاكانیش خۆیان لێ كەڕ كرد".

ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەش دەكات، بە ئێستاشەوە كە قەیرانی دارایی بەرۆكی حكومەتی گرتووە و خەریكە بەچۆكیدا دێنێت، "هێشتا پارتی و یەكێتی داهاتیان كەمی نەكردووە و هەر دەوڵەمەندتر دەبن"، قوربانی ئەوەش دەخاتە ڕوو، پارتی‌و یەكێتی زۆر زیاتر لەو سێ حاڵەتەی باسی كردوون پارەیان بردووە، دەشڵێت "پارەی ئەم سێ حاڵەتە بەشی مووچەی دوو ساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەمەیان هەر بە ئاشكرا موڵكی ئەو میللەتەیە".

"بۆیە دەبێت پەرلەمانتاران لە جیاتی ئەو زێدەڕۆییەی لە شەڕی یەكدی و پینەوپەڕۆی عەیب و عاری دەسەڵاتداران دەیكەن، شەڕی وەرگرتنەوەی ئەم پارانە بكەن. پێویستە داواكاری گشتی لەسەر ئەمە بەدەنگ بێت، نەك ئەوەی ئێستا پێیدەكەن. هاووڵاتییانی كوردستان دەبێت داوای گەڕانەوەی ئەم پارە دزراوانە بكەن. بەمە كۆتایی بە قەیرانی دارایی دێت و رێ لە چەندبارەبوونەوەی تاڵانكردنی كوردستان دەگیرێت".

وتارەكەی عارف قوربانی لەكاتێكدایە كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو حكومەت توانای پێدانی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی نییە لەكاتی خۆیداو مانگانە چاوی لە دەستی بەغدایە پارەی بۆ بنێرێت، بەغدا لەم مانگەوە پارە بۆ هەرێم نا نێرێت تا نەگەنە ڕێككەوتن، بۆئەوەش گفتوگۆی چڕ لە نێوانیاندا هەیە.

عارف قوربانی گفتوگۆكانی هەرێم‌و بەغدا بە چارەسەر نازانێت‌و پێیوایە "چونكە ستراتیژی بەغدا ئەوە نییە پشتیوانی لە كوردستانێكی بەهێز بكات، بەپێچەوانەوە ئەو بەدوای ئەو رێگایانەوەیە كە زیاتر چۆك بە كوردستان دابدات".