وەزیری داد بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: بڕیارەكەت بە نەبوو دادەنرێت‌و بڵاو ناكرێتەوە

30-06-2020 12:22
وەزیری داد - سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

پەرەگراف

وەزیری دادی هەرێم وەڵامی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر، دەڵێت: بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان پێچەوانەی ڕێسای گشتی پلەبەندی یاسایی دەرچووەو بە نەبوو دادەنرێت‌و لە ڕۆژنامەی فەرمیی(وەقائعی كوردستان) بڵاو ناكرێتەوە.

بەپێی نووسراوێك كە دوێنێ دەرچووە و واژۆی فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی كوردستانی لەسەرە (ماڵپەڕی ڕووداو بڵاویكردووەتەوە)، ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كراوە، وەڵامی نووسراوێكی سەرۆكی پەرلەمان دراوەتەوە لەبارەی بڵاوكردنەوەی بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائعی كوردستان كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتار سۆران عومەر.

"بەداخەوە كە بە بەڕێزتانی ڕادەگەیەن كە داوای لێبوردن دەكەین ناتوانین بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوبكەینەوە" وەزیری داد لە وەڵامەكەیدا وادەڵێت، بۆئەوەش پاساوی یاسایی دەهێنێتەوەو داوا لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات پاساوەكەیان قبوڵ بكات.

وەزیری داد بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان بە "نەبوو" لە قەڵەم دەدات، "پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی (سلم التدرج القانونی) دەرچووە"، ئەوەش دەخاتە ڕوو، ڕای سەرۆكی پەرلەمان كە بە "نەبوونی سەرچاوەی تانەلێدان" لە یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی یان سەرۆكی پەرلەمان ناكاتە جێگرەوەی و دەسەڵات و تایبەتمەندی چاودێری لەسەر یاسا دەرچوو لە پەرلەمانی پێنادات.

"بەپێی یاسای بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوە ناشێت و بڵاوكردنەوەی بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوانەی باسكران دەبێتە مایەی رەخنە و پێشینەیەكی ترسناك لەسەر پەرلەمان و سەرۆكایەتی و سیستەمی سیاسی هەرێم، هەروەها لەسەر وەزارەتی داد بەسەرپێچی لە رێسای گشتی و حكومەكانی یاسا تۆمار دەكرێت" وەزارەتی داد لە وەڵامەكەیدا وادەڵێت.

ئەو وەڵامە دوای ئەوەدێت دوێنێ سەرۆكی پەرلەمان كوردستان سووربوونی خۆی پیشاندا لەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر سۆران عومەر، ئەوەی خستە ڕوو، بڕیارەكەی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان، بۆ ئەوەی سیفەتی ئیلزامی وەربگرێت بۆ جێ بەجێ كردن.

ئەو هەڵوێستەی ڕێواز فایەق لە ڕوونكردنەوەیەكدا هات كە نووسینگەكەی بڵاویكردەوە، لەبارەی ئاگادار كردنەوەی سۆران عومەر بۆ ئامادەبوونی لەبەردەم دادگا.

دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر داوا دەكات سۆران عومەر لەبەردەم بنكەی پۆلیس ئامادەبێت، ئەو پەرلەمانتارە ئامادەی بەدەمەوەچوونی داواكەی دادگا نییەو ئاماژە بەوە دەكات بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی هەڵوەشاوەتەوە، بۆئەوەش داوای لە سەرۆكی پەرلەمان كرد وەڵامی دادگا بداتەوە.

نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت، بابەتی ئاگادار كردنەوەی سۆران عومەر لەلایەن دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، "بابەتێكی تەواو ئیداری و ڕێكاریە، پەیوەندی بە ناوەڕۆكی بڕیارەكەی ئێمەوە نیە".

لەبارەی جێبەجێ كردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، نووسینگەی ڕێواز فایەق دەڵێت "ڕاستەوخۆ دوای بڵاو بوونەوەی بڕیارەكەمان لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان ئاڕاستەی هەردوو دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر و سلێمانی دەكەین بۆ جێ بەجێ كردنی".

لەگەڵ سووربوون لەسەر هەڵوێستەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت، بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەو بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە‌و ئەو ناكۆكییانەی لەوبارەیەوە هەن دەبێت بە ڕێكاری یاسایی خۆیدا بڕوات، "پێمان وایە بابەتی ناكۆكی و یەكلایی كردنەوەی سیفەتی ئیلزامی بڕیاری ژمارە (4) ی ساڵی 2020 و هەڵوەشاندنەوەكەی دەبێت بە ڕێكاری یاسایی و ئیجرائی خۆیدا بڕوات و چیتر پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان بەم بابەتەوە سەرقاڵ نەكرێت".

بەپێی بڕیارێكی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر كە 10 ڕۆژ دوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر دەرچووەو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراوە، داواكراوە بە سۆران عومەر ڕابگەیەنرێت بۆ ئامادەبوونی لەبەردەم بنكەی پۆلیسی خانەقا، چونكە تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزاكان.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، دوێنێ نووسراوەكەی دادگای ڕوبەڕوی سەرۆكی پەرلەمان كردووەتەوە بۆ وەڵامدانەوەی، لەسەری نووسیوە "بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان، بەپێی بڕیاری ژمارە (37) لە 14-6-2020 بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر بەندە كە نایاسایی بوە، هەڵوەشاوەتەوە. تكایە وەڵامی دادگا بدەنەوە".

ئەو بڕیارەی سۆران عومەر ئاماژەی پێدەكات، بڕیاری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە كە تێیدا ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بەهۆیەوە پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگیرا، بەڵام دواتر هەریەكە لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و سكرتێری پەرلەمان وەڵامی سەرۆكی پەرلەمانیان دایەوەو بڕیارەكەییان بە پێچەوانەی یاساو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە قەڵەمداو دەڵێن، هیچ بنەماو بەهایەكی یاسایی نییە.

لە وەڵامەكەیاندا هێمن هەورامی‌و مونا قەهوەچی، 10 هۆكاریان خستووەتە ڕوو كە پێیانوایە بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان بەو هۆكارانە پێچەوانەی یاسایەو تێیدا دەشڵێن "ئەم نووسراوەتان بۆ لەناوبردنی شكۆی پەرلەمان‌و دیموكراسیەت‌و دەنگی زۆرینەی پەرلەمانە".

هێشتا ڕوون نییە دادگا كار بە بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكات یاخود بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی سەر سۆران عومەر، لە كاتێكدا بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا لە ڕۆژنامەی فەرمیی(وەقایعی كوردستان) بڵاو نەكراوەتەوە، بە پێچەوانەوە بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە لە وەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە‌و لە ماڵپەڕی پەرلەمانیش بە واژۆی هێمن هەورامی بڵاوكرایەوەو تێیدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە لەسەر 4 داوای یاسایی لە دادگاكانی هەولێرو سلێمانی‌و ڕێگە دراوە بە وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی لەبارەیانەوە لە بەرامبەر سۆران عومەر.

7ی مانگی ڕابردوو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی هێمن هەورامی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر چوار پەرلەمانتار خستە دەنگدانەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی تەنها 3 پەرلەمانتار لەگەڵ ئەوەدا بوون پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان 4 پەرلەمانتارو شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان بەهەمانشێوە 4 پەرلەمانتار، بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی 57 پەرلەمانتار دەستیان بۆ بەرزكردەوەو پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا.