مەسرور بارزانی: گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێ‌و هەرگیز سازش ناكەین

30-06-2020 02:16

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێم تێدا پارێزراو بێت.

"هەرێمی كوردستان داكۆكی و پێداگیریی لە مافە ڕەواكانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەكات و هەرگیز سازشیان لەسەر ناكات" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

ئەو وتانەی لە میانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغداد بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، تیشكی خستووەتەسەر سەردانی هەفتەی ڕابردوویان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و پێشنیارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

هێشتا هەرێمی كوردستان‌و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەر كێشەكانی نێوانیان، سەرەكیترین كێشە كە ڕیشەیەكی قووڵی هەیە، نەوت‌و بودجەو مووچەیە لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، حكومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی كە هیچ بڕە پارەیەكی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت هەتا نەوتی ڕادەست نەكرێت، ئەوەش كوردستان ڕوبەڕوی دۆخێكی سەختتر لە ئێستا دەكاتەوە كە مانگانە چاوەڕوانی دەستی بەغدایە بۆ ناردنی پارەو هێشتاش توانای پێدانی مووچەی نییە.

پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە ئاگاداری وردەكاریی دۆسیەكانە، بۆ پەرەگراف باسیلەوە كرد، هەرێمی كوردستان ناتوانێت خواستی بەغدا بەدیبهێنێت لە ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت. هەربۆیە گفتوگۆكانی هەرێم بە ئاڕاستەی پێدانی داهاتی نەوتە بە بەغدا نەك تەواوی دۆسیەی نەوت.

لە دوو مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم‌و بەغداد چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو لێكنزیكبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن؛ ئەو دۆخە داراییە سەختەی حكومەتی هەرێمی تێكەوتووە ناچاری كردووە كە چەند جارێك ئەوە ڕابگەیەنێت ئامادەیە نەوت ڕادەستی بەغداد بكات لە بەرامبەر ناردنی تەواوی مووچە، بەڵام ڕوونی نەكردووەتەوە مەبەستی لە ڕادەستكردنی نەوت چییەو لەو حاڵەتەدا ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم‌و كۆمپانیا نەوتییەكان‌و وڵاتان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟.

كێشەی نەوت لە نێوان هەردوولا ئاڵاوە بە پرسی كۆی داهات‌و خەرجییەوەو بەغداو هەولێر یەكتریی تۆمەتبار دەكەن بە قەرزاربوونێكی چەند ملیار دۆلاریی.