قەرەیلان: توركیا هەر ناوچەیەك بگرێت باجێكی زۆر قورس دەدات

01-07-2020 07:09

پەرەگراف

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، شەڕ لە هەفتانین بەردەوامەو پلانی توركیا داگیركردنی باشوری كوردستانەو هەر ناوچەیەك بگرێت باجێكی زۆر قورس دەدات.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، بۆ میدیایەكی نزیك لە پەكەكە قسەی كردووەو تیشیكی خستووەتەسەر هێرش‌و پەلامارەكانی توركیاو دەڵێت "لە ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەفتانین داستانی قارەمانێتی گەورە تۆماركراون".

"دوژمن هەندێك دەڤەری كۆنتڕۆڵ كردووە. دەتوانێت بیگرێت، بەڵام گەریلاكانیش لەناویاندان، خۆی پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، دوژمن كە دەڤەرێك دەگرێت، با بیگرێت، بەڵام باجێكی زۆر قورس دەدات، واتە زۆری لێ دەكوژرێت و دواتر دەتوانێت شوێنێك بگرێت، ئەگەر لەوێ بمێنێتەوە هەموو كاتێك باجەكەی دەدات، لێیان دەكوژرێت" قەرەیلان وادەڵێت.

ئەو بەرپرسە باڵایەی پەكەكە، ئامانجی توركیا لەو هێرشانە بەوجۆرە شرۆڤە دەكات كە لە سەرەتادا دەیەوێت هەرێمێكی ئارام دروست بكات، ئامانجەكەی لە هەرێمی ئارام بە تەنها خواكوڕك تا هەفتانین نییە، دەیەوێت لە خواكوڕكەوە تا عەفرین هەرێمێكی ئارام دروست بكات، "ئەگەر هەرێمێكی بەم شێوەیەی ئارام دروست بكات، خۆی زۆربەی خاكی ڕۆژئاوا داگیر دەكات و هەرێمە ستراتیژەیەكانی باشووریش داگیر دەكات، ئاشكراشە كە دواتر هەموو خاكی باشوور داگیر دەكات"

"ئامانجەكەی ئەوەیە كە لەم چوارچێوەیەدا هێرش دەكات، بۆیەش ڕیسكی گەورەی لەبەرچاو گرتووە، زۆری لێدەكوژرێت بەڵام باسیان ناكات، هەرجارەو باسی یەكێكیان دەكات، بۆ نمونە دەڵێت 'ئەفسەرێك كوژرا'، باشە ئەو ئەفسەرە چۆن كوژرا؟، ئەفسەر فەرماندەی هێزێكە، ئایا ئەو لە ڕیزەكانی پێشەوەدابوو كە مرد؟ دیارە هێزەكەی هەمووی لەناوچووە و دواتر ئەفسەرەكە كوژراوە، واتە ژمارەیەكی زۆریان لێدەكوژرێت" قەرەیلان وادەڵێت.

قەرەیلان پەیامی بۆ خەڵكی كوردستان‌و گەلای ناوچەكەش هەیەو پێیوایە بەرخۆدانی ئەوان تەنها شەڕی نێوان پەكەكە‌و توركیا نییە، بەڵكو شەڕی نیوان كورد و هێڵی داگیركەری-شۆڤێنی توركە، لە هەمانكاتدا شەڕی گەلانی هەرێمەكەیە لەدژی ئەو خەتە.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، باسلەوەش دەكات توركیا دەیەوێت نەك تەنها لە باكوری كوردستان، بەڵكو لە باشورو ڕۆژئاواش سەردەست بێت، هەروەها توركیا دەیەوێت لە نێوان پەكەكە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیدا ناكۆكیی دروست بكات، "پیلانەكە بەمشێوەیەیە، دەیانەوێت لەنێوان هێزە كوردیەكاندا شەڕ هەڵگیرسێنن".

قەرەیلان داواش لە هەموو لایەك دەكات نەكەونە تەڵەی توركیاوە، "ئێمە ئەمە دەڵێین تورك ناتوانێت بگاتە ئامانجەكانی، پێویستە هەموو كەسێك ئەم پیلانە نوێیەی دەوڵەتی تورك ببینێت و كەس نەكەوێتە تەڵەوە، ئێمە لە لایەن خۆمانەوە ئەمە دەڵێین، ئێمە ناكەوینە تەڵەی داگیركەری توركەوە، پێویستە كەس نەكەوێت تەڵەكەوە و ئەم پلانانەی دوژمن بە تەئكیدی پووچەڵ بكەنەوە".