یوسف محەمەدو بەهار مەحمود خانەنشینیی پەرلەمانی كوردسان ڕەتدەكەنەوە

02-07-2020 12:41

پەرەگراف

هەریەكە لە د.یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌و د.بەهار مەحمود پەلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە ئێستا هەردووكیان پەرلەمانتارن لە عێراق، خانەنشینبوون لە كوردستان ڕەتدەكەنەوە تا ئەو كاتەی مەرجە گشتییەكانی خانەنشین بوون جێبەجێ دەبێت.

ڕەتكردنەوەی خانەنشین بوون لە چوارچێوەی جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازییە لە مووچەو دەرماڵەو خانەنشینی كە لە دوێنێوە چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەپێی یاساكە دەستبەرداربوون لە خانەنشینیی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئارەزوومەندانەیە، دوێنێش چەند پەرلەمانتارێكی كوردستان بەڵێننامەی ڕەتكردنەوەی خانەنشینییان پڕكردەوە.

یوسف محەمەدو بەهار مەحمود بەمەبەستی دەستبەرداربوون لە خانەنشینیی، هەریەكەیان بە جیا نووسراویان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمانی كوردستان كردووەو وێنەیەك لە نووسراوەكان دەست پەرەگراف كەوتووە.

لە نووسراوەكەدا هاتووە "لەڕێی ئەم نووسراوەوە ئاگادارتان دەكەم تا بەدینەهاتنی مەرجە گشتییەكانی خانەنشینی. خانەنشین نابم".

یاسای چاكسازیی

یاساكە چاكسازیی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، بەپێی یاساكە هەركەسێك بە نایاسایی خانەنشین كرابێت‌و مووچەی بۆ بڕابێتەوە هەڵدەوەشێندرێتەوە، هەركەسێكیش نادادپەروەرانە مووچەی وەرگرتبێت یاخود مووچەو پلەی وەزیفیی زیاتر لە شایستەیی خۆی پێدرابێت، پێداچوونەی پێدا دەكرێت‌و ڕێكدەخرێتەوە بەپێی یاسا.

بەپێی یاساكە پەرلەمانتارانی سەرجەم خولەكانی پەرلەمانی كوردستان ئارەزوومەندانە دەتوانن دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی ببن، بۆئەوەش ماوەی 30 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بەڵێننامە پڕبكەنەوەو لە دوێنێوە ئەو وادەیە دەستی پێ كردو چەند پەرلەمانتارێك بەڵێننامەی دەستبەرداربوون لە خانەنشینییان پڕكردەوە.

پڕۆژە یاسای چاكسازیی ناوەڕاستی مانگی 1ی ئەمساڵ بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەند كراو بوو بە یاسا، فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان دەنگیان بە كۆی پڕۆژەیاساكە دا و هەرسێ‌ فراكسیۆنی كۆمەڵ، یەكگرتوو و نەوەی نوێ بەر لە دەنگدان بە كۆی پڕۆژەیاساكە، دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بایكۆت كرد و دەنگیان پێ‌ نەدا.

ئەوكات خەڵكی كوردستان‌و ڕایگشتیی زیاتر چاویان لەسەر خانەنشینیی پلە باڵاكان بوو، پێنج پێشنیار لەو بارەیەوە هەبوون‌و ئەو پێشنیارە پەسەند كرا كە ڕای لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو، 84 دەنگی بەدەست هێنا.

مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە باڵاكانی دیكە، بەو جۆرە جێگیر كرا كە بە لە سەدا 15 لە كۆی مووچەو دەرماڵەی ئەوەی لە كاتی خزمەتدا وەریدەگرن خانەنشین بكرێن، هەروەها ڕێژەی لەسەدا 1.5 دەخرێتەسەر موچەكەیان بۆ هەر ساڵێكی خزمەت، لەبارەی بڕوانامەكانیشیان بۆ بڕوانامەی ئامادەیی سەدا 1، بڕوانامەی دبلۆم سەدا 2، بەكالۆریۆس لە سەدا 4، دبلۆمی باڵاو ماستەر لەسەدا 6، دكتۆرا لە سەدا 8، دەخرێتەسەر موچەی خانەنشینییەكانیان.

بەكۆی گشتی نابێت مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان، زیاتر بێت لە لەسەدا 50ی ئەو مووچەیەی لەكاتی خزمەت‌و پێش خانەنشین بوون وەریدەگرن.

هەروەها بە مەرجی 15 ساڵ خزمەت‌و تەمەنی 45 ساڵ خانەنشین دەبن، لە یاساكەدا ئەوەش جێگیر كراوە كە ئەو ئەندامانەی پەرلەمان كە خانەنشین بوون ڕەتدەكەنەوە، دەتوانن لە ماوەی 30 ڕۆژدا فۆرمێكی تایبەت پڕبكەنەوەو وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیی ڕەتبكەنەوە.

یاساكە مووچەی خانەنشینی دادوەران‌و داواكارانی گشتیی كەمكردەوە كە پێشتر بە لە سەدا سەدی مووچەكانیان خانەنشین دەبن، بەڵام بەپێی ئەوەی ئەمڕۆ پەسەند كرا، نابێ مووچەی خانەنشینییان لەسەدا 70ی مووچەكانیان تێپەڕ بكات.

هەربەپێی یاساكە، خانشینی بەپلەی وەزیرو بریكاری وەزارەت و ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و هەر پلەیەكی تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە ڕیزی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بوون پێش 5/3/1991 و وەك ڕێزلێنانێك مووچەی خانەنشینییان بەو پلانە پێدراوە، هەڵدەوەشێنەوەو بەپێی یاسا بەركارەكان‌و شایستەبوونیان مووچەیان پێدەدرێت.

هەروەها هەموو ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی یان بەپلەی بەرزتر لەپلەی شایستەی خۆیان خانەنشین كراون یان لەسەر بنەمای ئەژماركردنی نایاسایی ساڵانی خزمەت خانەنشین كراون، هەڵدەوەشێنەوە.