عەلی حەمەساڵح دۆسیەیەك ئاشكرا دەكات كە "چەندین ملیار دۆلار" بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە

05-07-2020 06:11
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان.

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەنجامی چەندین مانگ بەدواداچوونی بڵاوكردەوە لەبارەی دۆسیەیەك كە ئەو بە "ئاسانترین دۆسیەی چاكسازیی" ناوی دەبات‌و حكومەتی هەرێم دەتوانێت لە ڕێیەوە ملیاران دۆلاری دەستبكەوێت، داوای پشتیوانیی‌و دروستكردنی ڕایگشتی دەكات بە مەبەستی جێبەجێ كردنی لەلایەن حكومەتەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت، دۆسیەكە پشتیوانی یاسایی هەیەو بریتییە لەوەی؛ چەندین ساڵە ڕوبەرێكی زۆر لە زەوی لە سەرجەم شارەكانی كوردستان دراون بە چەند كەسێك، بە ناوی وەبەرھێنان‌و بەھاكەیان چەندین ملیار دۆلارە، "بەبێ ئەوەی كاری تێدا بكرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند كەسێك!".

ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەوییەك ە لە وادەی یاسایی بۆ مەبەستی دیاریكراو كاری تێدا نەكرا، لە وەبەرهێنەر وەردەگیرێتەوە، عەلی دەڵێت، لەسەرتاسەری كوردستان ئەو گرفتە ھەیە، چوار نمونەی لەوبارەیەوە هێناوەتەوە كە لە ڕێیانەوە حكومەت دەتوانێت "زیاتر لە شەش ملیار دۆلار" كۆبكاتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی عەلی حەمەساڵح لەوبارەیەوە كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە

بە ئومێدی پشتیوانی لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی.
ئەم دۆسیەیە ئەنجامی چەندین مانگ بەدواداچونە...

لە كۆبونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە بەدواداچونی پەرلەمانی؛ كارم لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە كردوە، پاش چەندین مانگ دەمەوێت لێرەوە ڕابگەیەنم، بەھیوای ئەوەی ڕایگشتی دروست بكات و كاری لەسەر بكرێت.
ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاكسازی، لەدەستدەرنەچوەو پشتیوانی یاسایی ھەیە! پارەیەكی ئێجگار زۆر دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی!
چەندین ساڵە ڕوبەرێكی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەكانی كوردستان دراوە بە چەند كەسێك، بە ناوی وەبەرھێنان، بەھاكەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی كاری تێدا بكرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند كەسێك!!
بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەویەك لە وادەی یاسای بۆ مەبەستی دیاریكراو كاری تێدا نەكرا، وەردەگیرێتەوە.

لەسەرتاسەری كوردستان ئەم گرفتە ھەیە، لێرەدا بە چوار نمونە دەتوانین زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بۆ حكومەت كۆبكەینەوە.

یەك :
‎زیاتر لە ١٣ ملیۆن مەتر زەوی، بەناوی پرۆژەی یارگای گۆڵف لە شوێنێكی نایابی هەولێردا سیمكراوە، بەپێی گوتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار كاردەكەن، بەھای زەویەكە زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە.
-ئەم زەویە گەورەترین پارچە زەوی ناو شارە مابێتەوە.

‎شوێنی زەویەكە:
‎لە دوای نەخۆشخانەی نەرۆز لە سەرجادەی ١٠ كیلۆمەتری بەحركە، ھەتا پردی ١٢٠ مەتری چواڕیانی ئەتكۆنستی تاوەكو بەرامبەر ئیتاڵی ٢ ، سیم كراوە...
ئایا لە كوردستاندا چوار یاریزانی گۆڵف ھەیە، ئەو زەویە باشەی پێبدرێت؟ بەدڵنیایی یارگای گۆڵف دروستناكرێت و مەتر مەتر دەفرۆشرێت!
بۆیە پێویستە حكومەت ئەم زەویە بكات شارێكی ھاوچەرخ و خۆی زەویەكان بفرۆشێت!

دوو: لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، ھەزار دۆنم زەوی تەرخانكراوە بۆ كەسێك بیكاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیك عەربەت، مەتر مەتری بكات و بیفرۆشێت!!! ئێستا ئەم زەویە وەك خۆی ماوە حكومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببتات و شارێكی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبكات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێت...

سێ: شاری خەونەكان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەویە لە عێراق و یەك ملیۆن مەتر دووجایە، زیاتر لە ١٥ ساڵە دراوە بە كەسێك و تاوەكو ئێستا مەتر مەتر، نزیكەی بە بەھای یەك ملیار دۆلار زەوی لێفرۆشتوە، نیوەی ئەم زەویە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای ٢٠٠ مەتر زەوی لەم جێگایە ٣٠٠ ھەزار دۆلارە، حكومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێكی شایستە بەبەھای یەك ملیار دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت!

چوار: لە باشترین شوێنی سلێمانیدا ٦٢٢ دۆنم تەرخانكراوە بۆ زانكۆی ئەمریكی، دەھێندەی ڕوبەری زانكۆی سلێمانیە، بۆ زانكۆی ئەمریكی ٢٢ دۆنم بەكارنەھێندراوە، ئەوی دیكە تەنیا دیوارێك بە چوارلای پرۆژەكەدا كراوە، بەم زەویە حكومەت دەتوانێت شارێكی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبون دروسبكات و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبكەوێت.

بەدواداچونم بۆ دەیان پارچە زەوی ھاوشێوە كردوە لە گەرمیانەوە بۆ دھۆك، لە بری ئەوەی چەندكەسێك بكاتە ملیاردێر، حكومەت دەتوانێت بە ماستەر پلانێكی شایستە چەندین ملیار دۆلار دەستبخات و سیمایەكی جوانیش بداتە شارەكان...

ئەگەر حكومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق ڕێككەوت و ئەو بڕیارانەی چاكسازی جێبەجێكراو ( موچەی نایاسای، نەوت، خاڵی سنوری، باج) گرفتی موچەش چارەسەر بوو، بەدڵنیاییی بەھای ئەم زەویانە زۆر بەرز دەبێتەوەو حكومەت سەروی ١٠ ملیار دۆلاری دەكەوێتە دەست و داھاتیش بەردەوام دەبێت و دەتواندرێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری كوردستان بەكاربێت.

بەھیوام ئەوانەی لە خەمی خاك و خەڵكیدان كاری جدی لەم دۆسیەدا بكەن.

عەلی حەمەساڵح: ئەم وێنەیە ١٣ ملیۆن مەترەکەی ھەولێرە.