بۆچی‌و كێ هیشامی تیرۆر كرد؟

07-07-2020 07:59
هیشام هاشمی شرۆڤەكاری دیاری عێراقی شەوی ڕابروو لە بەردەم ماڵەكەی لە بەغدا تیرۆر كرا

پەرەگراف

تیرۆركردنی هیشام هاشمی شرۆڤەكاری دیاری عێراقی، شەپۆلێكی تووندی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە هاوڕێ‌و كەسە نزیكەكانی پەنجەی تۆمەتیان بۆ گروپێكی چەكداری شیعەی نزیك لە ئێران ڕاكێشا، بۆئەوەش ئاماژەیان بەوە كردووە، هیشام بەرلەوەی تیرۆر بكرێت گوتوویەتی، لەلایەن كەسانی سەربەو گروپەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ كراوە.

هیشامی تەمەن 47 ساڵ، شارەزایی‌و زانیاریی وردی لەبارەی ڕێكخراوی داعش‌و گروپە چەكدارەكانی عێراق‌و ناو ماڵی شیعە هەبوو، سەرچاوەیەكی متمانە پێكراوی ناوەندە میدیایی‌و لێكۆڵینەوەكانی ناوخۆی عێراق‌و دەرەوە بوو، كەسێكی ڕەخنەگرو لایەنگری سەروەریی یاساو پشتیوانی خۆپیشاندەران بوو، تیرۆركردنەكەی ترسی خستووەتە دڵی ڕۆژنامەنووس‌و ڕەخنەگرانی عێراق كە ئەو ڕووداوە ببێتە سەرەتایەك بۆ هەڵمەتێكی تیرۆرو لەناو بردن لە بەغدای پایتەخت‌و شارەكانی دیكەش.

"عێراق ناخەوێت تاوەكو بكوژان نەداتە دادگا" ئەمە دواین كاردانەوەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراقە لەبارەی تیرۆركردنی هیشام‌و خۆی‌و حكومەتەكەی بە بەرپرس ناو دەبات لە بەدەستهێنانی دەستكەوت لەبارەی دۆزینەوەی بكوژان، كازمی دەشڵێت "ڕێگە بە سیاسەتی پاشاگەردانی و مافیا نادەین".

بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەكە، شەوی ڕابردوو چەند چەكدارێكی ماتۆڕ سوار لە نزیك ماڵی هیشام لە بەغداد چاوەڕوانی دەكەن تا دەگەڕێتەوە ماڵەوە، كاتێك هیشام دەگاتە بەردەرگاو ئۆتۆمبێلەكەی ڕادەگرێت، چەكدارێك دەچێتە تەنیشتی‌و ڕاستەوخۆ تەقەكەی لێدەكات، پێنج گولـلەی داوە لە سەرو سنگی، پاشان چەكدارەكان بە ماتۆڕ هەڵدێن‌و هیشام لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداو ئەمڕۆ لە نەجەف بەخاك سپێردرا.

هیشام سوننە مەزهەب بوو، چەند هەفتەیەك بەرلەوەی تیرۆر بكرێت لای هاوڕێكانی باسی لەوە كردووە كە هەڕەشەی لێكراوە، هاوڕێكانی پێیان باش بووە بەغداد بەجێبهێڵێت‌و ڕووبكاتە هەولێرو لەوێ بژی، تاوەكو دەستی گروپە چەكدارەكانی پێنەگات‌و ژیانی پارێزراو بێت.

پەنجەی تۆمەت ڕوو لە كەتائیبی حیزبوڵای عێراقە كە گروپێكی میلیشای ناو حەشدی شەعبیی نزیك لە ئێرانە، بە دیاریكراوی ناوی ئەبو عەلی عەسكەریی دێت كە فەرماندەیەكی سەربازیی حیزبوڵایەو باوەڕی زاڵ لەناو عێراقییەكاندا ئەوەیە چەكدارانی ئەو هیشامیان تیرۆر كردبێت.

چالاكوانان‌و هاوڕێیانی هیشام لە دوای ڕووداوەكە چەند پەیوەندیی‌و نامە گۆڕینەوەیەكیان ئاشكرا كرد لە نێوان هیشام‌و چەند هاوڕێیەكیدا كە تێیاندا باسلەوە دەكات لەلایەن حیزبوڵاوە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە، لە یەكێكیان هیشام داوا لە هاوڕێیەكی دەكات كە بەپێی ئەزموونی خۆی ڕێنمایی بكات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا بكات.

یاسین تەها شرۆڤەكارێكی كوردەو بە وردیی چاودێریی دۆخی عێراق دەكات، ئەو پێیوایە هیشام بەهۆی دواین كاری لێكۆڵینەوەیەوە تیرۆر كراوە كە لەسەر ململانێی نێوان باڵە چەكدارییەكانی ماڵی شیعەیە.

"دوا لێكۆڵینەوەی لەسەر ململانێی نێوان باڵە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی بووە، زۆر وردەكاری خستووەتە ڕوو كە چەند لەو چەكدارانە كە زیاتر لە 50 گروپن سەر بە مەرجەعییەتن یان سەر بە ویلایەتی فەقیهن، یاخود سەربە حیزبوڵان، یان ئەوانەی سەر بە تایەفەكانن و چەكداری ئاسایین بۆ بژێوی بوونەتە چەكدار" یاسین بۆ دەنگی ئەمریكا وادەڵێت.

یاسین پێیوایە زانیارییەكانی هیشام لەو لێكۆڵینەوەیەدا بەلای شیعەكانەوە "هێڵی سوور بووە"، لەبەرئەوەی شیعەكان بە تەبیعەت حەز ناكەن ناكۆكییەكانیان بچێتە دەرەوەو باس بكرێن، "كوشتنی دكتۆر هیشام هاشمی زیاتر پەیوەندی بەم لێكۆڵینەوەیەی دواییەوە بووە لەسەر حەشدی شەعبی".

ئەو شرۆڤەكارە كوردە كە لە نزیكەوە مامەڵەی هەبووە لەگەڵ هیشام هاشمی، دەڵێت "شیكەرەوەی وەها بێلایەن و پرۆفیشناڵ لە مەودای دووردا زەحمەتە دروست ببێتەوە، ئەو تاكە سەرچاوەی قووڵی سەر وردەكارییەكانی ڕێكخراوی داعش بوو، نزیكەی 90 كەناڵی ئەمریكی و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە پشتیان بە نوسین و شیكارییەكانی ئەو دەبەست، كەسایەتییەكی لێبووردە بووەو بۆ زۆربەی میدیاكان بێ جیاوازی دەدوا".

ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە، بەدەر لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمارو زۆربەی لایەن‌و كەسایەتییە عێراقییەكان ئیدانەی تیرۆركردنی هیشامیان كرد، حەشدی شەعبی‌و ئێرانیش لەناو ئەو لایەنانەدا بوون كە ڕووداوەكەیان ئیدانەكرد، باڵیۆزی وڵاتان‌و نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئیدانەی تووند‌و داوای دۆزینەوەی تاوانباران دەكەن.

لە هەرێمی كوردستانیشەوە پەیامی هاوخەمی‌و ئیدانەكردن بڵاوكرایەوەو سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكوەزیران‌و بارەگای بارزانی سەرباری ئیدانەی ڕووداوەكە، داوای دۆزینەوەی بكوژانی هیشام‌و ڕادەستكردنیان بە دادگا دەكەن.