سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: خەتای منە، من بەرپرسم، من داوای لێبوردن دەكەم

27-07-2020 12:33
ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هۆكاری كۆنەبوونەوەی پەرلەمانی لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوودا خستە ئەستۆی خۆی‌و داوای لێبوردنی لە خەڵكی كوردستان كرد، هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ "قەیرانێكی سیاسیی دروستكراو" كە ئەو گیرۆدەی بووە.

"قەیرانێكی سیاسیی دروستكراومان هەبووە لەناو پەرلەمان، من وەكو سەرۆكی پەرلەمان گیرۆدەی ئەو قەیرانە سیاسییە بووم كە هێنراوەتە ناو پەرلەمان، 5 مانگە كۆبوونەوە نەكراوە لەبەرئەوەی من دەستوپێم پێوەندبووەو نەمتوانیوە كۆبوونەوەكان بەڕێوەببەم" ڕێواز فایەق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا لە وەڵامی ڕەخنەی پەرلەمانتاران لەبارەی كۆنەبوونەوەی پەرلەمان وای وت.

سەرۆكی پەرلەمان وتیشی "هیوادارم واز لە موزایەدە بەسەر سەرۆكی پەرلەمان بهێنن، ئەگەر هۆكارێك هەبووبێت بۆ ئەنجام نەدانی كۆبوونەوە، خەتای سەرۆكی پەرلەمان بووەو دۆخێكی سیاسی ناجۆر وایكردووە سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوە نەكات، خەتای منە، من بەرپرسم، من داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان دەكەم".

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان دوای تێپەڕینی چەندین گرژیی‌و ئاڵۆزیی دێت لە نێوان لایەنە سەرەكییەكانی پەرلەمان، بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی لەسەر چەند پرسێكی جیاواز، لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی ناوچە سنورییەكان بەهۆی بۆدرومانی توركیاو ئێران، ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێم‌و بەغداو پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاوتوێ دەكرێن، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێم.

هەرچەندە سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریدابوو كە سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكەی بەشدارییان لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان هەڵپەسێرن، بەڵام ئەمڕۆی بەشداربوون‌و بڕیارەكەی حیزبەكەیان جێی خۆی نەگرت‌و ئەو خاڵە نەهاتەدی كە كرابووە پێش مەرجی بەشدارییان لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان كە ئەوەش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی یە بۆ گفتوگۆی كێشەكانی نێوانیان.

پەرەگراف دوێنێ ئاشكرای كرد، ئەو بڕیارەی سەركردایەتی یەكێتی ئەو حیزبەی توووشی "ئیحراجیی" كردووەو بۆ چارەسەری ئەوەش بە دوای دەرچەیەكی دەربازبووندا دەگەڕێت كە تاكە چارەسەر كۆبوونەوەیەكی "نمایشییە" لە نێوان پارتی‌و یەكێتی، بۆئەوەش شەوی ڕابردوو ئەو كۆبوونەوەیە كرا لە نێوان پارتی‌و یەكێتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی.

هەرچەندە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی یەكێتییە، بەڵام بەوپێیەی پارتی زۆرینەی پەرلەمانیی و جێگری سەرۆكی هەیەو سكرتێری پەرلەمان كە لە پێكهاتەی توركمانە هاوهەڵوێستی پارتییە، ئەو حیزبە دەتوانێت پەرلەمان ئاڕاستە بكات بەپێی خواستەكانی خۆی بەبێ گەڕانەوە بۆ یەكێتی، لەم خولەی پەرلەماندا ئەو هانگاوەشی ناوە.

بەرلەوەی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەم خولەی پەرلەمان دابەشبكرێن، پەرەگراف پلانی پارتی ئاشكرا كرد كە دەیەوێت لە چوار ساڵی داهاتوودا بەبێ خواستی ئەو هیچ یاساو بڕیارێك لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچێت بەتایبەت لە پرسە گرنگ‌و هەستیارەكاندا، بۆئەوەش پشت بە پێكهاتەكان دەبەستێت لەناو پەرلەمان، لەو چوارچێوەیەدا پۆستی دووەمی دەستەی سەرۆكایەتی بۆ خۆی‌و سێیەمی بۆ پێكهاتەی توركمان دەوێت، بەوەش قۆڵبەستی سەرۆكی پەرلەمان دەكات لەم خولەدا.