ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی

27-07-2020 02:25
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی

پەرەگراف

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی حیزبەكەی بۆ حكومەتی هەرێم دووپاتكردووەتەوە.

"كێشەی لایەنە سیاسییەكان نابێت لە دامودەزگا حكومییەكاندا ڕەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەك بە پشوو فراوانییەوە ھاوكار بین بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو كێشەكان چارەسەر بكەین" بافڵ تاڵەبانی وای گوتووە. ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێستەكەی سەركردایەتی یەكێتییە كە بۆ فشارخستنەسەر پارتی بڕیاریدا بەشداریی سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكەی لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان هەڵپەسێرێت.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی مەسرور بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/7/27 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا.

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی وەك بەشدارێكی سەرەكی پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات. گوتیشی كێشەی لایەنە سیاسییەكان نابێت لە دامودەزگا حكومییەكاندا ڕەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەك بە پشووفراوانییەوە ھاوكار بین بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو كێشەكان چارەسەر بكەین. چونكە ھەموو دەسكەوتەكانمان ئەنجامی یەكڕیزی و تەباییمان بووە. بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدەین ھاوكار بین بۆ ئەوەی ئەو دۆخە سەختە و قەیرانەكان تێپەرێنین.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە خەڵكی ھەرێمی كوردستان، وێڕای تەحەمولكردنی سەختییەكان، نیگەرانن لە گرژییە ناوخۆییەكان و چاوەڕوانن لایەنەكان دۆخێكی لەباری سیاسی برەخسێنن. گوتیشی حكومەتی ھەرێم حكومەتی ھەموو هەرێمی كوردستانە و پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت پشتگیریی لە كارنامەی حكومەت بكەن، چونكە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم، بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی ناو حكومەتە.

سەرۆكی حكومەت جەختیشی لەوە كردەوە كە حكومەتی ھەرێم ھەموو تواناكانی خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەو رەوشە ئابووری و تەندروستییە نەخواراوە تێپەڕێنێت و دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان باشتر بكات، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی پالپشتیی ھەموو لایەنەكانە.