ڕۆژئاوای كوردستان‌و كۆمپانیایەكی ئەمریكی گرێبەستێكی نەوت واژۆ دەكەن

31-07-2020 08:46
سەربازانی ئەمریكا لە نزیك كێڵگەیەكی نەوت لە ڕمێلان. وێنە؛ دەلیل سولەیمان/ ئەی ئێف پی

پەرەگراف

بەرپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان لەگەڵ كۆمپانیایەكی نەوتی ئەمریكی گرێبەستێكيان واژۆكردووە، ئیدارەی ترەمپ ئاگادارو پشتیوانیی پڕۆسەكەیەو توركیاو ڕوسیاش ناڕازیی نین.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی بڵاویكردەوە، كۆمپانیای دێلتا كریسنت ئینێرژی گرێبەستەكەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان واژۆكردووە كە تایبەتە بە پەرەپێدان، فراوانكردن و دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی ڕۆژئاوا.

بەپێی ماڵپەرەكە، ئەو گرێبەستە بە "ئاگاداری‌و هاندانی" كۆشكی سپی ئەمریكا واژۆ كراوە، ئەو كێڵگە نەوتییانە دەگرێتەوە كە لە ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزە ئەمریكییەكانەوە پارێزگارییان لێدەكرێت.

كۆمپانیاكە لە ویلایەتی دیلاوەری ئەمریكایەو بەپێی یاسا بازرگانییەكانی ئەو ویلایەتە مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ واژۆكردنی گرێبەستەكە لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش دوای ماوەیەكی زۆر گفتوگۆ لە نێوانیاندا.

بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە، ئەمریكییەكان هەریەكە لە ڕوسیاو توركیایان ئاگادار كردووەتەوە، ئەو دوو وڵاتەش ناڕەزایەتییان پیشان نەداوە.

ڕۆژئاوای كوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەیەكی سروشتیی، بەتایبەت نەوت‌و گاز، بەشێكی زۆری نەوت‌و گازی سوریا دەكەوێتە خاكی كوردستان بەتایبەت لە شارۆچكەی ڕمێلان كە نزیكە لە سنوری توركیا‌و لەژێر كۆنتڕۆڵی كوردانی ڕۆژئاوادایە، ئەمریكا ئەركی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكانی لە ئەستۆ گرتووە.

سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە ئەمریكا، ئەوەش پشتڕاست كردووەتەوە كە گرێبەستەكە لە نێوان ئەو كۆمپانیا ئەمریكییەو ڕۆژئاوای كوردستان واژۆ كراوە، بەڵام زانیاریی زیاتری نەبووە.

ماڵپەڕە ئەمریكییەكە ئەوە دەخاتە ڕوو، مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لیندزی گراهام سیناتۆری ئەمریكیی نزیك لە دۆناڵد ترەمپ كردووە كە بە دۆست‌و پشتیوانی كورد دەناسرێت، كۆبانێ باسی گرێبەستەكەی بۆ كردووەو داوای لێ كردووە كە زانیاریی‌و وردەكارییەكان بە دۆناڵد ترەمپ بگەیەنێت.

دوای ئەو گفتوگۆیە، لیندزی گراهام ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوەو بە ڕۆژنامەنووسێكی كەناڵی سی بی ئێسی ئەمریكی گوتووە كە مەزڵوم كۆبانێ باسی گرێبەستێكی نەوتیی بۆ كردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە لیندزی گراهامی گوتووە، كە ئەو گرێبەستەكەی بەلاوە باشە هەرچەندە ماوەیەكی زۆری پێچووە لەوەی كە هیوایان بۆ خواستووە، پۆمپیۆ دەڵێت "ئێمە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردنداین".

سوریا بەرلەوەی شۆڕش تێیدا سەرهەڵبدات‌و تووشی شەڕی ناوخۆیی ببێت لە ساڵی 2011، ڕۆژانە 380 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، ئێستا حكومەتی دیمەشق ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بە "دزینی" نەوتەكەی، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند تەنها ژمارەیەكی كەم سەرباز لە خاكی سوریا دەهێڵنەوە كە ئەركیان "پاراستنی نەوت" دەبێت.