شەش ساڵ دوای جینۆسایدی شەنگال؛ ئێزدییەكان هێشتا ئاوارەن

03-08-2020 09:18
ئاوارەبوونی ئێزدییەكان لە شەنگالەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەهۆی پەلامارەكانی داعشەوە، 11-8-2014

پەرەگراف

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆداو شەش ساڵ لەمەوبەر داعش پەلاماری شەنگال‌و ناوچەی ئێزدیی نشینەكانیدا، ئەو ڕۆژە سەرەتای نەهامەتیی‌و جینۆسایدی ئەو پێكهاتەیەی كوردستان بوو لەسەر دەستی چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە.

3ی ئابی 2014 یادەوەرییەكی تاڵە بۆ ئێزدییەكان، سەرباری ئەوەی لەسەر دەستی داعش بەسەریان هات، ئێزدییەكان 4 ساڵە ناوچەكەیان لەو ڕێكخراوە پاككراوەتەوە، بەڵام هێشتا ئاوارەن‌و گیرۆدەی ناكۆكیی نێوان پارتی‌و هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لەلایەك‌، حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی بەغدان لەلایەكی دیكە.

"بە هەموو توانایەكمەوە پشتیوانی داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان دەكەم بۆ ئەوەی سەربەرزانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانێكی ئاسوودە و ئارام و دوور لە ستەمكاری و چەوساندنەوەیان هەبێت و بتوانن كاروباری خۆیان لە ناوچەكانیان بەڕێوە ببەن" ئەمە بەشێكە لە پەیامی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بۆ یادی پەلاماردانی شەنگال.

ئەوكاتەی داعش تووشی ئەو كارەساتە بوو، بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان بوو، هێزەكانی پێشمەرگەی سەربە پارتی، تائێستاش تۆمەتبار دەكرێن بەوەی "بەبێ شەڕ كشاونەتەوەو ناوچەكەیان بۆداعش چۆڵ كردووە".

بارزانی لە پەیامەكەیدا باسلەوە دەكات، شەنگال لە دوای ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەری 2017 كەوتووەتەبەر كاریگەریی پیلانی ناحەزانی خەڵكی كوردستان، "ئەو كات بۆ ئەوەی ڕێگە لە كارەساتی تر و خوێنڕشتنی نێوان ئێزیدییەكان بگیرێت وا ڕێككەوتن كرا كە كۆنتڕۆڵی شنگال بدرێتە ئێزیدییەكان و ئێزیدییەكان هەر خۆیان ئیدارەی شنگال و ناوچەكانیان بكەن، بەڵام هەتا ئێستایش حكوومەتی عێراقی پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبووە و شنگال كەوتووەتە دەست خەڵكی تر. هەر بۆیەش هەتا ئێستا ئێزیدییەكانی دەڤەری شنگال لە ژیان و داهاتوویان دڵنیا نین و بۆ ناوچەكانیان نەگەڕاونەتەوە و هەر لە دۆخی ئاوارەیی و ژیانی كەمپەكاندا ماونەتەوە كە لە ڕاستیدا ئەوەیان زوڵمێكی گەوەریە".

بارزانی داوا دەكات "كۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییەی شنگال بهێنرێت و شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە ڕەسەنەكانی و پێویست دەكات ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی تر دووبارە نەبێتەوە".

هێشتا بەربەستی ئەمنی، سیاسیی‌و خزمەتگوزاریی ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، كارەباو خزمەتگوزاری سەرەتایی لە ناوچەكە باش نییە، هەروەها لە ڕووی ئەمنییەوە بووەتە سێ بەش‌و هەر بەشێكی بەدەست هێزێكەوەیە، هێزەكانی پارتی، هێزەكانی نزیك لە پەكەكەو هێزە عێراقییەكان.

بوونی ئەو هێزە جیاوازانە دۆخی ئەمنیی ناوچەكەی ڕوبەڕوی مەترسی كردووەتەوەو خەڵك هەست بە ئارامیی ناكەن، لە دوای ساڵی 2015 كە ناوچەكە لە داعش پاككرایەوە، چەندجارێك گرژی‌و پێكدادان لە نێوان ئەو هێزانە ڕوویداوەو كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە.

ئێزدییەكان پریشكی گەورەی هێرشەكانی داعشیان بەركەوت لە عێراق، لەكۆی 550 هەزار كەس 390 هەزاریان ئاوارەبوون‌و تائێستا ژمارەیەكی كەمیان گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان، 90 هەزاریشیان بەیەكجاریی عێراقیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتووە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە پەیامێكدا بۆ ساڵیادی جینۆسایدی شەنگال دەڵێت "لە كاتێكدا ئەم یادە بەئازارە دەكەینەوە، بەداخەوە هێشتا برینی خوشك و برایانی ئێزدیمان خوێنی لێ دەچۆڕیت و بە هەزارانیان لە كەمپەكانی ئاوارەییدا دەگوزەرێنن. شەنگال و ناوچەكانی دیكەی ئێزدییان هێشتا ئاوەدان نەكراونەتەوە و زەمینەیەكی لەباری گەڕانەوەی سەقامگیری و گێڕانەوەی ژیانیان تێدا نییە. شنگال كراوەتە مۆڵگەی چەكدارانی نایاسایی كە بێباكانە لەسەر برین و خەمی ئێزدییان خەریكی بەڕێوەبردنی ئەجێندا و بەرنامەی سیاسیانن".

هاوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەكان هاوكار بن بۆ ئاوەدانكردنەوە و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەك كە "هیچ هێزێكی چەكداری بیانی و میلیشیاكان لە شنگال نەمێنن و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە".

ئەوە لەكاتێكدایە هێزەكانی سەر بە حكومەتی عێراق و پێشمەرگە لە شەنگال هێشتا كێشەی گرتنەدەستی ئاسایشی قەزاكەیان هەیەو ناكۆكن، كە ناوچەیەكی "جێناكۆكە" بەپێی دەستووری عێراق‌و خاوەندارێتی لەنێوان هەولێر و بەغداد یەكلایی نەكراوەتەوە.