بەیاننامەیەك لە بەرهەم ساڵحەوە؛ هەڵبژاردنی پێشوەخت‌و ڕێگریی لە ساختەكاری‌و فرتوفێڵ

04-08-2020 02:31
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف

بەرهەم ساڵح پشتیوانیی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ڕاگەیاندو داوا لە پەرلەمان دەكات بە زوویی یاسای هەڵبژاردن ئاڕاستەی سەرۆكایەتی كۆمار بكات تاوەكو پەسەند بكرێت، دەشڵێت: هەر كاتێك حكومەت پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان بخاتە بەردەست، ئامادەین پێشنیارەكە بەڕەزامەندی خۆمانەوە ئاڕاستەی پەرلەمان بكەین، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەو هەڵوێستەی سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا هاتووە كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، تێیدا پشتیوانیی لە پێشنیارەكەی مستەفا كازمی دەكات بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن‌و ئەوە دەخاتە ڕوو كە كۆمیسیۆن لە توانایاندایە هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدات لەو وادەیەدا. كازمی 6-6-2021ی دیاری كردووە.

بەرهەم ساڵح لە بەیاننامەكەیدا، تەئكید لە هەڵبژاردنێكی بێگەردو دوور لە ساختەكاری‌و فرتوفێڵ دەكات، بۆئەوەش داوای هاوكاریی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات‌و دەڵێت "گەندەڵیی تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنیشەوە بە هۆی ئەو یاریكردن و ساختەكارییەی كە بە ئەنجامەكانییەوە دەكرێت، ئەمەش بۆتە هۆی بێ متمانەی هاووڵاتییان و خۆبەدوورگرتن و ڕەوینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان".

دەقی بەیاننامەكەی بەرهەم ساڵح

داواكاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی پاك و بێگەرد، بەركەوتەیەكی نیشتیمانی و پێداویستییەكی چاكسازی سیاسی داواكراوە و دەرهاویشتەی داخوازی گەل و جوڵەی شەقامە.

لە دواھەمین كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقیشدا ئەم پرسەمان لەگەڵ هەردوو بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێكرد، پێكەوە جەختمان لە گرنگی پەیوەستبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی ئازاد و پاك و بێگەرد كردەوە.

لەم سۆنگەیەوە پێشوازی لە پێشنیارە ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بەدیاریكردنی وادەیەكی دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە كە دەربڕی پابەندبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە بەكارنامە حكومییەكەی.

لێرەدا لە پێناو زوو بە زوو گەیشتنیش بە هێنانەدی ئەو پابەندبوونە حكومییەش، جەخت لە گرنگی كاركردنی لێبڕاوانە دەكەینەوە، چونكە تەنگژە سیاسییەكەی عێراق بواری بۆ خۆدزینەوە و خەمساری نەھێشتۆتەوە. ئەو دۆخە ناهەموار و ئازاربەخشەی كە یەخەی گەلەكەمانی گرتووە، پێویستی بە بڕیارێكی نیشتمانی ئازایانە هەیە، كە هەڵقوڵاوی بەركەوتە و مافی گەل بێت لە دیاریكردنی حكومەتێكی نیشتمانی سەربەخۆی تۆكمە، لەسایەی هەڵبژاردنێكی ئازادی پاك و بێگەردا.

بێگومان چارەسەرە كارا و سەركەوتووەكان هەڵقوڵاوی ویستی ئازاد و بڕیاری سەربەخۆی هاووڵاتیانن بەدوور لە ساختەكاری و فرتوفێڵ و دروستكردنی كاریگەری نەرێنی و نەخوازراو لەسەر بژاردەی هاووڵاتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، بۆ ئەوەی وڵات بتوانێت بەرەو چاكسازییەكی بونیاتنەرانە، كە پێویستەیەكی ھەنوكەیی داواكراوە، هەنگاو بنێت.

لەو پێناوەدا داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین، زوو بە زوو یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاوەكو ئێمەش پەسەندی بكەین و حكومەت دەست بە جێبەجێكردنی بكات. ھەورەك چۆن داواكارین پەلە بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی، لەھەمانكاتدا جەختیش لەوە دەكەینەوە كە لە عێراق توانای دابینكردنی بودجە و ئاسانكارییە پێویستەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانمان ھەیە، بەجۆرێك كە كۆمیسیۆن بتوانێت سەربەخۆیی خۆی و پاك و بێگەردی ھەڵبژاردنەكان دەستەبەر بكات.

بێگومان دەشزانین كە حكومەت لەم پێناوەدا پێشوەخت دەستیكردوە بە كۆبونەوەی ڕاوێژكاری و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ كۆمیسیۆندا، ھەروەك دەشزانین كە كۆمیسیۆن ڕایگەیاندوە هەركات دەستكرا بە دابینكردنی پێداویستییە داواكراوەكان، كۆمیسیۆن لە توانایاندایە، هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدات لەو وادەیەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری كردووە.

لای خۆشمانەوە هەر كاتێك حكومەت پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان بخاتە بەردەست، ئامادەین پێشنیارەكە بەڕەزامەندی خۆمانەوە ئاڕاستەی پەرلەمان بكەین، بۆئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. بێگومان هەر كە بڕیاری پەرلەمانیش لەو بارەوە دەرچوو، ئێمە هەروەك لە دەستوردا هاتووە بە فەرمی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری دەكەین كە زیاتر نەبێت لە دوو مانگی پاش وادەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.

لەڕاستیدا هەڵبژاردنێكی پێشوەخەی ئازاد و پاك و بێگەرد، پێویستی بە هاریكاری و ھەماھەنگی نێودەوڵەتی هەیە، كە ھیوامان وایە لەلایەنی نێودەوڵەتیەوە ئەم ھاوكاری و دەسگرۆییە پێشكەش بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت، چونكە لەم پێناوەدا كۆمیسیۆن پێویستی بە سەرپەرشتی چاودێرە نێودەوڵەتییەكانیش ھەیە ھەتاوەكو ڕۆڵی نیشتمانی خۆی بە باشی بگێڕێت و پارێزراویش بێت لە دەستتێوەردانەكان و متمانەی هاووڵاتیانیش بە پڕۆسەی هەڵبژاردن قوڵتر بكاتەوە.

لەڕاستیدا بەرژەوەندی گەل و نیشتمان لەوەدایە چەند بكرێت ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە زووتر ڕێكبخرێت، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانین وڵاتەكەمان لەو تەنگژە سیاسییە مەترسیدارە دەرباز بكەین كە تێیكەوتووە، دەرفەتیش بدەینە هاووڵاتیان بۆئەوەی ئازادانە و سەربەخۆیانە و دوور لە هەموو فرتوفێڵ و ساختەكارییەك، چارەنووسی وڵاتی خۆی بە دەستی خۆی دیاری بكات.

كرۆكی ئەو تەنگژەیەی كە ئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە و بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هەڵقوڵاوی تەشەنەكردنی گەندەڵی و كاریگەرییە ڕاستەوخۆكانیەتی كە ھەردەم بەربەستن لەبەردەم ھێنانەدی چاكسازییە داواكراوەكان، ئەو گەندەڵییە تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنیشەوە بە هۆی ئەو یاریكردن و ساختەكارییەی كە بە ئەنجامەكانییەوە دەكرێت، ئەمەش بۆتە هۆی بێ متمانەی هاووڵاتییان و خۆبەدوورگرتن و ڕەوینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان.

بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق