نامەی نەوشیروان مستەفا بۆ مەلا بەختیار لە زیندان: دەمەوێت حوكمی ئیعدامتان لەسەر لاببەم
پەرەگراف
هەڵسوڕاوانی گۆڕان نامەیەكی نەوشیروان مستەفایان بڵاوكردەوە كە بۆ مەلا بەختیارو پشكۆ نەجمەدینو شێخعەلی ناردووە لە زیندانی یەكێتی، لە نامەكەدا نەوشیروان مستەفا ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە بە بڕیاری كۆمەڵە ئەوان بە "خائین" دانراون بەهۆی دروستكردنی ئاڵای شۆڕشەوەو باسلە حوكمەكەیان دەكات كە ئیعدام كردنەو ئەوە دەخاتە ڕوو، ئەو دەیەوێت ئەو حوكمەیان لەسەر لاببات.
نەوشیروان مستەفا دەڵێت "من ویستم سەبارەت بە موقعی خۆم و برایەتی و دۆستایەتی و هاوڕێیەتی دە ساڵی رابردو كارێك بكەم ئەو حوكمەتان لەسەر لاببەم بە جۆرێك لێی دەربچن كە نە ئێوە بەو دەردە بچن و نە منیش پرتە و بۆڵەم بێتەسەر. خۆتان ئەزانن بۆ من لە ئەستۆگرتنی ئەو مەسئولیەتە واتە جێبەجێنەكردنی بڕیاری بە گشتی هەمو كادرەكان یەعنی چی، وە بۆ ئێوەش كە ئەو بڕیارەتان لەسەر لابچێ یەعنی چی و ئەبێ چی بنوسن و چی بكەن و چی بڵێن".
ڕۆژێك دوای ئەو نامەیەی نەوشیروان مستەفا، مەلا بەختیار ئەو نامەی پەشیمانیو تەنازولە دەنووسێت كە دوێنێ پەرەگراف بڵاویكردەوە، هەریەكە لە پشكۆ نەجمەدینو شێخعەلی نامەكەی مەلا بەختیار واژۆ دەكەن كە تێیدا نووسراوە "كاركردنمان بە چەشنی (تسلل) تاوانێكی تەنزیمی و سیاسی گەورە بوو، كارێكی ناشەرعی بوو، زیانی بۆ هەردوولا هەبوو، بۆیە لەوشێوە كارە پەشیمانین و بەتوندی ڕەخنەی لێدەگرین".
ئاڵای شۆڕش(ئاش) لەناو ڕیزەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانو یەكێتیدا لە ساڵی 1985 دامەزرێنرا، هەر هەمان ساڵ یەكێتی پێیان دەزانێتو سەركردەكانی ئاش دەستگیر دەكات لەناویاندا مەلا بەختیار لە كۆتایی ساڵی 1985 تا ناوەڕاستی 1989 لە زیندانی یەكێتی دەمێنێتەوە، ئێستا لە كتێبە نوێیەكەیدا بەناوی (لەبری بیرەوەی) مەلا بەختیار ڕەخنەی تووندی لە مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ ئاش هەیەو ئەوەش بە نەوشیروان مستەفاوە گرێ دەدات، لە كاردانەوەی ئەو كتێبەدا بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ نامەی دەستنووسی مەلا بەختیاری بڵاوكردەوەو ئەمڕۆش نامەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوان.
دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا
برایانی بەڕێز کاک بەختیار
کاک پشکۆ
کاک شێخعەلی
سڵاوێکی گەرم
لەو دو جارەدا کە سەردانم کردن و لەو نامەیەدا کە بۆم نوسی بون بە راستی ویستم بە جۆرێک قسە بکەم کە ئێوە هەست بە برینداربونی شعور نەکەن و هەوڵمدا زۆر بە نەرمی و دیپلۆماسی هەمو مەسەلەکانی لە سەرتانە و ئەوەی ئێمەش ئەمانەوێ تێتان بگەیەنم، بەڵام پێئەچێ لە کارەکەمدا سەرکەوتو نەبوبم بۆیە بە پێویستم زانی لەم چەند نقطیە ئاگادارتان بکەم:
١. ئەم نامەیەتان پاشگەزبونەوەیە لە هەمو قسەکانی پێشو و ئاشتان لە ریزی یەکێتیدا داناوە و مەجالی ئەوەتان تێدا نەهێشتوەتەوە کە لە پاشەرۆژدا پێکەوە لەگەڵ ئەوان تێهەڵچنەوە و پیاو بۆی هەیە ئەمەشتان وەکو قسە و ئیشەکانی ترتان بەرامبەر کۆمەڵە و یەکێتی بۆ حساب بکا.
٢. ئێوە لەلایەن پلینۆمەوە محاکەمە کراون و (تجریم) کراون، ئەگەر بڵێن خۆتان لەوێ نەبون، بەیان و بڵاوکراوە و نامە و نوسینەکانتان لەوێ بون، کردەوە و شایەتەکان و مدعییەکان لەوێ بون و هیچ دیفاعێکی خۆتان دادی نەئەدان و دیفاعی هیچ محامییەکیش لە تاوانەکەی سوک نەئەکردن. جا لەبەرئەوەی رەنگە واتان زانیبێ هەڕەشە یا بۆ ئیبتیزاز ئەوەمان کردبێ، حەز ئەکەم بیرتان بخەمەوە کە ئێوە بە (خائین) حوکم دراون بەرامبەر کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە و شۆرش. ئەشزانن لەم قۆناغەدا یەکێک خائین بێ بەرامبەر بەو مفهومانە یعنی چی و رەئی خەڵک و تاریخ چی ئەبێ لەسەری، وا بە کورتیش (حیثیاتی) حوکمەکەتان بیر ئەخەمەوە کە هەر ٦٠ کادرە سیاسی و عسکرییە اساسیەکەی کۆمەڵە بە ناوی سەریحەوە ئیمزایان کردوە:
١. ئێوە وەکو خط مائل لە ناو کۆمەڵە و یەکێتیدا کارتان کردوە، رێکخستنتان بە نیازی تێکدان و روخانی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە دروست کردوە لە ناو ریکخستنی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگەدا.
٢. ئێوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانی شۆڕشەوە کە بە حوکمی مەسئولیەتە قیادییەکانتان زانیوتانە جاسوسیتان بۆ دوژمن کردوە، ئەوەندی نهێنیتان زانیوە لە بڵاوکراوەکانتان دا بۆ ئێراق و عێراق و جود و لایەنەکانی ترتان نوسیوە. جگە لەوەی ئەو ئەندام و لایەنگرانەی ئێوە، ئەوەی تەسلیمی عێراق و ئێران و جود بوە، هەرچی زانیوە وتویەتی مەگەر بۆ خۆی خراپ بوبێ.
٣. ئێوە بازرگانیتان کردوە بە ناوی شەهیدەکانەوە، سوێندی درۆتان بە گۆڕەکانیان خواردوە و مقابەلەی درۆتان بە ناوەوە دروست کردون، تەوھینتان پێکردون و تربیەتی ئەندام و لایەنگرەکانی خۆیشتان بەم ئسلوبە کردوە.
٤. دوڕویی و دوزمانی و لیبرالیزم و هەلپەرستی و پیلانگێڕان و لە خشتەبردنی تێکۆشەرانتان بڵاوکردۆتەوە و ئەوەتان کردۆتە (قیم)ی سیاسی و اخلاقی حیزبی خۆتان.
٥. پەیوەندیتان کردوە بە دەوڵەت و لایەن و حیزبی بێگانەوە بۆ وەرگرتنی یارمەتی و پشتیوانی بۆ انشقاق و یاخیکردنی پێشمەرگە و تێکدانی ریزەکانی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە و معلوماتەکانی ئێمەتان بۆ مەبەستی خۆتان داوە بەوانە.
٦. بون بەهۆی روخاندن و سارکردنەوە و دانیشتنی سەدان کادر و پێشمەرگە و تەسلیم بونەوەیان بە عیراق و ئێران و رۆیشتنیان بۆ دەرەوە
جا براینە نامەوێ زیاتری لەسەر بڕۆم، من ویستم سەبارەت بە موقعی خۆم و برایەتی و دۆستایەتی و هاوڕێیەتی دەساڵی رابردو کارێک بکەم ئەو حوکمەتان لەسەر لاببەم بە جۆرێک لێی دەربچن کە نە ئێوە بەو دەردە بچن و نە منیش پرتە و بۆڵەم بێتەسەر. خۆتان ئەزانن بۆ من لە ئەستۆگرتنی ئەو مەسئولیەتە واتە جێبەجێنەکردنی بڕیاری بەگشتی هەمو کادرەکان یەعنی چی، وە بۆ ئێوەش کە ئەو بڕیارەتان لەسەر لابچێ چی یەعنی چی و ئەبێ و چی بنوسن و چی بکەن و چی بڵێن.
من ئەوەی لەسەرم بو وەکو ویژدانی خۆم و وەفای برایەتی و جۆرێک لە التزام بەرامبەر هەندێ کەس کردم، ماوە ئێوەش بەشەکەی خۆتان بکەن، ئەگینا من لێ ی دەرچوم و هیچی تر قسەی هاوڕیکانم ناهێنمە سەر خۆم.
دوبارە سڵاو
واژۆی: نەوشیروان مستەفا
٥/٦ی ١ی ١٩٨٦
بۆ قسەکردن دەربارەی هەر قسەیەکی هەتانە کاک ابراهیم جلال خاوەن دەسەڵاتە. وەڵامتان بداتەوە و مەسەلەکانتان عائیدی ئەوە، برادەران هەر یەکەیان بەلایەکا رۆیشتون و هەرم من بە تەنیا لەم ناوەم، کاک برایم ئەزانێ برادەران بە چی رازی ئەبن.
واژۆی: نەوشیروان مستەفا