مەلا بەختیار: پارتی كاریگەریی لەسەر من دروست بكات ئەوانی تر زەڵاتە دەبن بۆی

19-09-2020 07:54
مەلا بەختیار

پەرەگراف

مەلا بەختیار كتێبەكەی بڵاوكردەوەو وەڵامی بەشێك لەو ڕەخنانەی دایەوە كە ئاڕاستەی كراون، ئەو بە نیگەرانییەوە باسی لە ڕەخنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كردو بە "هێرش بۆسەر كەسایەتی‌و مێژووی" ناوی برد.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندی یەكێتی ئەوەی خستەڕوو، تیمێكی پارێزەری ڕاسپاردووەو تا ئێستا سكاڵای لەسەر دوو كەس تۆمار كردووە بە تۆمەتی ناوزڕاندن‌و تەشهیر، وتیشی، گۆڕان هەر سكاڵایەكی یاسایی دەكەن با بیكەن.

لە وەڵامی ئەوەی دەوترێت لەژێر كاریگەریی پارتیدا كتێبەكەی نووسیوەو ڕەخنەكانی گرتوون، مەلا بەختیار وتی "پارتی بتوانێت كاریگەری لەسەر من بكات ئەوانی تر زەڵاتە دەبن لەلای. تێناگەم چۆن دەتوانن كاریگەریی لەسەر من دروست بكەن؟ لە دامەزراندنی ئەم شۆڕشەوە من جیاواز بیردەكەمەوەو تائێستاش جیاوازم لەوان، ئەوان لە حیزبێكی تر‌و من لە حیزبێكی ترم، هەر لەبەرئەوەی دەڵێم پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و پارتی چارەنوسسازە؟ ئێ لە مام جەلال زیاترم نەوتووە، مام جەلال سەد ئەوەندەی منی وتووە لەسەر ئەو پەیوەندییانە، مام جەلال‌و كاك نەوشیروان ئەندازیاری پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوون خۆ من نەبووم".

مەلا بەختیار لە گۆڕان‌و وەڵامەكانیان نیگەرانەو داوای لێكردن "جاش" نەهێنن وەڵامی ئەو بداتەوە، لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و گۆڕان وتی "هەمیشە وتومە چارەسەری كێشەی یەكێتی‌و گۆڕان یەكگرتنەوەیەو ئێستاش دەیڵێم".

مەلا بەختیار وەڵامی ئەو ڕەخنەیەشی دایەوە كە لێی دەگیرێت‌و دەوترێت تا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندابوو بۆچی ئەو ڕەخنانەی لێ نەگرتووە، ئەو قسەیەی بە قسەی "خەڵكی نەخوێندەوارو بێئاگا لە مێژوو" ناوبردو چەند نمونەیەكی هێنایەوە كە لە ئامادەیی نەوشیروان مستەفادا ڕەخنەی هەبووە، وتیشی "نە هەموو ئەو رەخنانەی من لە كاك نەوشیروان گرتوومن لایەنە ئیجابییەكانی ئەو دەسڕێتەوە، نە هەموو ئەو هەڵمەتە كۆیلە ئاسایەی بەرامبەر كتێبەكەی من دەكرێت سلبیاتی كاك نەوشیروان دادەپۆشێت".

مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا بە ناونیشانی (لەبری بیرەوەری)، باسی چەند قۆناغێكی مێژووی ژیانی سیاسی خۆی‌و كۆمەڵەو یەكێتی‌و ئاڵای شۆڕش دەكات، چەندین ڕووداوی هەستیارو تاوان‌و كوشتنی ناو ئەو مێژووە لەسەر نەوشیروان مستەفا تاپۆ دەكات.

لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئاڵای شۆڕش(ئاش) لەناو ڕیزەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەران‌و یەكێتیدا، یەكێتی پێیان دەزانێت‌و سەركردەكانی ئاش دەستگیر دەكات لەناویاندا مەلا بەختیار لە كۆتایی ساڵی 1985 تا ناوەڕاستی 1989 لە زیندانی یەكێتی دەمێنێتەوە، مەلا بەختیار ڕەخنەی تووندی لە مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ ئاش هەیەو ئەوەش بە نەوشیروان مستەفاوە گرێ دەدات.