بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی وەڵامێكی تووندی مەلا بەختیاری دایەوە

21-09-2020 07:11

پەرەگراف

بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی وەڵامی كتێبەكەی مەلا بەختیاری دایەوەو دەڵێت، "كۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیكایەتی بێ بنەما"ی داوەتە پاڵ نەوشیروان مستەفا.

گۆڕان پێیوایە كتێبەكەی مەلا بەختیار هەوڵدانە بۆ لێدان لە پڕۆژەی فكری و سیاسی نەوشیروان مستەفاو وەستانەوە بەڕووی ئەو هەوڵەدا بە ئەركی هەموو كەسێك دەزانێت‌و دەستخۆشی لەوانە دەكات كە وەڵامیان داوەتەوە، بزوتنەوەكە دەشڵێت "لەهەمانكاتدا رایدەگەیەنین كە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و كەسانی دڵسۆز و راستگۆو خەمخۆری نیشتمان، بەهەموو توانایەكەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەكەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی راستیەكان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەكی نزیكدا بڵاوئەكرێنەوە".

دەقی ڕونكردنەوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ رای گشتی كوردستان

دوای بڵاوبونەوەی كتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار، كە كۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیكایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، كە مێژوو سەلماندویەتی یەكێك بوە لە ڕابەرە هەرە دیارو كاریگەرەكانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی كوردستان و قەڵەمێكی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فكر و رۆشنبیری و سیاسەت بووە، لەمیدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا خەڵكی ڕاستگۆو پێشمەرگە دێرینە تێكۆشەرەكان و شاهید حاڵی ڕوداوەكان وخەڵكانی دڵسۆز و بەئەمەك، ئەم حیكایەتە ساختەی ناوەڕۆكی كتێبەكە و چاوپێكەوتنەكەی ناوبراویان لە كەناڵی روداو پێ قبوڵ نەكراو، هەر یەكە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستكردنەوەیان دا.

نەوشیروان مستەفا یەكێكە لە رابەر و سەركردە گەورەكانی میلەتەكەمان و لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو راستگۆیانەو خۆنەویستانە، كاری بۆ ئازادی و عەدالەت و رزگاری كردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەك سەركردەیەكی كارامەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵە، وەك ئەندازیار و رابەری راپەڕینی ١٩٩١، وەك پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و رێكەوتنەكانی نێوان دوو هێزی شەڕكەری یەكێتی و پارتی، وەك كەسایەتیەكی سەرەكی لە گفتوگۆكانی دوای راپەڕین و دوای روخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیكەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕێخستنی بزوتنەوەی چاكسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی دیموكرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماكانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ. بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەكاری و ناڕاستی و بوختان و حیكایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەكانی، كە دەیانەوێت لەپاڵ باسكردنی مێژوویەكی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فكری و سیاسیە گەورەكەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو و ویژداندا پاكبكەنەوە، بە ئەركی هەمو مرۆڤێكی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونكە جورئەتكردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی كۆمەڵێك بوختانی بێبنەماو تەشهیركردن بەسەركردەیەكی دەستپاك و مێژوو پاكی وەك نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی كردن و ناوزڕاندنی كۆمەڵێك كاراكتەری سەربازی و سیاسی میلەتەكەمان لە قۆناغەكانی رابردودا، سەرەتایەكی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە.

ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژووە پڕشانازیەكەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانكاتدا رایدەگەیەنین كە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و كەسانی دڵسۆز و راستگۆو خەمخۆری نیشتمان، بەهەموو توانایەكەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەكەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی راستیەكان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەكی نزیكدا بڵاوئەكرێنەوە.

دواجار دەبێ ئەو راستیە بزانین، كە ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵكو بەشێكە لە هەڵمەتەكانی دژ بە بزوتنەوەی چاكسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی كاك نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێكی نزیكدا، كۆی چەواشەكاریەكان بۆ خەڵكی كوردستان و مێژوو رونبكەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢١/٩/٢٠٢٠