بەهۆی واژۆ بۆ پرساندنی مەسرور بارزانی؛ ڕێككەوتنی پارتی‌و یەكگرتوو لە دهۆك هەڵوەشایەوە

21-09-2020 11:38
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو - سەرۆكی حكومەت

پەرەگراف

ڕێككەوتنی پارتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی دهۆك هەڵوەشایەوەو یەكگرتوو پۆستەكانی ڕادەست دەكات، ئەوەش بەهۆی سووربونی پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە لە پرساندنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

میدیای فەرمیی یەكگرتوو بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ حیزبەكەیان بڕیاریداوە ئەو پۆستانەی لە حكومەتی خۆجێی دهۆك وەریان گرتووە ڕادەستی پارتی بكەنەوە.

ماڵپەڕی كوردیو زمانحاڵی یەكگرتوو لە زاری سەباح باپیری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بڵاویكردەوە، بەهۆكاری سیاسی‌و دوای ئەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان واژۆیان بۆ بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت كردووە بە مەبەستی پرساندن، ئەوە پارتی دیموكراتی نیگەران كردووەو بووە بەهۆی ئەوەی ئەو ڕێككەوتنە هەڵبوەشێتەوە كە لە نێوان هەردوو حیزبدا كراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دهۆك.

 یاداشتی بانگهێشتكردنی سەرۆكوەزیران‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی بۆ پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی پرساندنیان كۆكراوەتەوەو تەنها یەك واژۆی ماوە تاوەكو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت‌و ڕێكارەكانی بگیرێنەبەر.

بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2014دا، پارتی لە كۆی 28 كورسی ئەنجومەن 19 كورسی بەدەستهێنا ئەوەش بە دەنگی زیاتر لە 357 هەزار كەس لە كۆی زیاتر لە 500 هەزار دەنگدەر.

بەدوای ئەودا یەكگرتوو، بە سێ كورسی و 62 هەزار دەنگدەر، یەكێتی بە دوو كورسی و نزیكەی 41 هەزار دەنگ و گۆڕانیش بە یەك كورسی و نزیكەی 23 هەزار دەنگدەر توانیویانە كورسی مسۆگەر بكەن، واتە بەو سێ حزبەوە نەیانتوانیوە بەقەت نیوەی پارتی دەنگ بەدەستبهێنن.