دوو تۆمەتباری ڕووداوەكەی ڕیستۆرانتی هۆقەباز لە هەولێر ئازاد كران

22-09-2020 12:52

پەرەگراف

سدقی كەریم خانی برادۆست‌و هاوڕێیەكی كە بە مادەی تیرۆر دەستگیركرابوون دوای 14 مانگ مانەوە لە زیندان ئەمڕۆ ئازاد كران، ئەوان بەهۆی ڕووداوەكەی ڕیستۆرانتی هۆقەبازو كوژرانی دیبلۆماتكارێكی توركیا لە هەولێر دەستگیر كرابوون.

سەرچاوەیەك لە بنەماڵەی میری برادۆست بۆ پەرەگراف وتی "ئەمڕۆ سدقی كەریم خان برای میری برادۆست‌و ئەیوب ئیبراهیمی هاوڕێی ئازاد كران‌و بڕیاری بێتاوانییان درا لەلایەن دادگاوە".

ئەو دوو كەسە بە تۆمەتی دەست هەبوون لە ڕووداوەكەو پەیوەندییان بە ئەنجامدەری هێرشەكەوە دەستگیر كرابوون، دادگا بڕیاری دوو ساڵ زیندانیكردنی بۆ سدقی كەریم خان دەركردبوو، بەڵام تەمیز كرایەوەو بڕیاری ئازادكردنی درا.

ڕۆژی 17-7-2019 ڕووداوێكی تەقەكردن لە ڕیستۆرانتی هۆقەباز لە هەولێر ڕوویداو تێیدا سێ كەس كوژران، یەكێكیان دیبلۆماتكارێكی كونسوڵخانەی توركیا بوو بەناوی عوسمان كۆسە، دوو كەسە كەی دیكەش خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون.

دوای سێ ڕۆژ لە ڕووداوەكە دەزگا ئەمنییەكان دەستگیركردنی دوو كەسیان ڕاگەیاند یەكێكیان بەناوی مەزڵوم داغ كە حكومەتی هەرێم وەك "سەرپەرشتیار و بكوژی سەرەكی كردەوەی تەقەكردنەكە" ناوی هێناو كەسی دووەمیش وەك هاوكاری مەزڵوم داغ.

ڕووداوی تەقەكردنەكەو كوژرانی ئەو بەرپرسەی توركیا كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: كردەوەیەكی تیرۆریستیی ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراو بووە.

ڤیدیۆی تەقەكردنەكەی ڕیستۆرانتی هۆقەباز