نووسەرێک بڕیاری ٨ ڕۆژ زیندانیکردنی درا بەھۆی سکاڵایەکی بەرھەم ساڵح

22-09-2020 08:15

پەرەگراف

بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق سکاڵای لەسەر بەھرۆز جەعفەر، نووسەر، تۆمارکردووەو تۆمەتباری دەکات بەناوزڕاندنی، ئەمڕۆ نووسەرەکە لەبەردەم دادوەر ئامادەبوو و بڕیاری ٨ ڕۆژڕاگرتن(توقیف)ی بۆ دەرچوو.

سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان داوای گۆڕینی ماددەی یاسایی و بە کەفالەت ئازادکردنی ئەونووسەرە دەکات، سەرۆکایەتی کۆماریش بۆ پەرەگراف دەڵێت، سکاڵاكە پەیوەندى بە ئازادى رادەربڕین و کاری میدیاییەوە نییەو بەھۆی "تەشهیرو تۆمەتەوەیە" کە ئاڕاستەی بەرھەم ساڵحی کردووە.

میترۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت "لە حاڵەتی نوسینەكەی (بەهرۆزجەعفەر) پەنا براوە بۆ یاسای سزادانی عێراقی، كە سزاكانی توندترن. سەنتەری میترۆ داوا دەكات سەرۆك كۆمار سنگی فراوان بێت لەبەردەم نوسین و تەنانەت بڵاوكردنەوەی هەندێ زانیاری پشتنەبەستوو بە سەرچاوەكانی سەرۆكایەتی كۆمار، چونكە دەرگای زانیاری هەموو كات ئاوەڵا نین بۆ نوسەران و رۆژنامەنوسان".

بەهرۆز جەعفەر، سەرۆكی ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ئەندامی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسان، لەلای بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ لە شاری سلێمانی راگیراوە.

میترۆ ئەوەش دەخاتەڕوو، لەكاتی سەردانی هاوڕێكانی بەهرۆز پێیی راگەیاندوون "پارێزەرێكی بەرهەم ئەحمەد صالح سەرۆك كۆمار داواكەی جوڵاندووە، بۆ ماوەی 8 رۆژ توقيف، راگیراوە".

سەنتەری میترۆ داوای گۆرینی مادە یاساییەكەی ئەو دۆسیەیە دەکات بۆ یاسای رۆژنامەگەری و بە كەفالت ئازادکردنی بەھرۆز جەعفەر، میترۆ دەشڵێت: بوونی نوسەر، چالاكوان لە تەوقیفكردن لەسەر پۆستی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان، یان سایت و رۆژنامەكان، كارێكە بەخراپ دەشكێتەوە بۆ هەر كەس و سیستمێك كە بانگەشە بۆ دیموكراسیەتو كرانەوە دەكەن.

بەھرۆز جەعفەر پێشووتر کەسێکی نزیکلە بەرھەم ساڵح بوو، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو کێشە لە نێوانیان دروست بوبو ئەوەش بە نووسینەکانی ئەو نووسەرەوە دیاربوو کە تێیدا ڕەخنەی تووندی لە سەرۆککۆمار دەگرت.

گۆران عەلى کەریم رێکخەرى میدیایی سەرۆک کۆماری عێراق لە کوردستان، لەبارەی ئەو سکاڵایە بە پەرەگرافی وت "تۆمارکردنى سکاڵای یاسایی لەسەر بەهرۆز جەعفەر پەیوەندى بە ئازادى رادەربڕین و کاری میدیاییەوە نییە، بەڵکو بۆ چەندین جار بابەتی "تەشهیرئامێز و تۆمەتى" لەسەر سەرۆک کۆمار بڵاوکردوەتەوەو زمانێکى زبرو نالایەقى لە نووسینەکانیدا بەرامبەر سەرۆک کۆمار بەکارهێناوە".

گۆران عەلی کەریم ئەوەشی خستەڕوو،دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەو هۆشداری پێدان لەسەر ئەو "تەشهیرو تۆمەتانەى" خستوویەتییەپاڵ سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەو بەردەوام بووە، بۆیە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کراوە.

رێکخەرى میدیایی سەرۆک کۆماری عێراق لە کوردستان، باسى لەوەشکرد، پێش ئەو و دوای ئەویش چەندین رەخنە لەسەر سەرۆکایەتى کۆمارو خودى سەرۆک کۆمار نوسراوەو بڵاوکراوەتەوە ئاسایی وەرگیراوە، وتیشی "ئێمە گومانمان هەیە کە بەهرۆز جەعفەر بەدەست لەپشتدان و هاندان ئەم تەشهیرو ناوزڕاندن و تۆمەتانەى بەرامبەر سەرۆک کۆمار بەکارهێناوە کە تیایدا مەبەست لێی سوکایەتى بێت بە سەرۆک کۆمار بۆیە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە".