عەلی حەمەساڵح پرساندنی مەسرور بارزانی واژۆ كرد

24-09-2020 12:18
مەسرور بارزانی - عەلی حەمەساڵح

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان واژۆی پرساندنی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی كرد، بەوەش نیسابی یاسایی بۆ پرساندنەكە تەواو كرد كە چەند ڕۆژێك بوو لەسەر واژۆی پەرلەمانتارێك وەستابوو.

عەلی سێیەم پەرلەمانتاری گۆڕانە كە پرساندنەكەی واژۆ كردووە، هەریەكە لە شیرین ئەمین‌و شایان كاكە ساڵح دوو پەرلەمانتارەكەی دیكەی گۆڕانن كە لەگەڵ پەرلەمانتارانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان واژۆیان كردووە.

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغداو هاوڕێی نزیكی عەلی حەمەساڵح لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك ڕایگەیاند "عەلی حەمە ساڵح، پرساندنی هەریەك لە سەرۆكی حكومەت، جێگرەكەی و وەزیری دارایی واژۆ كرد".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەشڵێت "دوێنێ چوار شەممە، دواجار (عالی) هیمەتێك خۆی (شیرین) كرد و (شایان)ی خۆی وەك هەمیشە ئازایانە و بێمنەتانە نیشانی هەمو لایەكدایەوە. (عەلی)تەنها خۆی بەرەیەكە دژی گەندەڵیی و ئەم هەڵوێستەشی ئێجگار عالە. گومانم نەبو لەوەی ئەو واژۆیە هەر دەبێ تۆبیت هاوڕێ گیان، بەردەوام بە، ئەوە ڕێگا ڕاستەقینەكەی گۆڕانە".

بابەتی پرساندن بەتایبەت بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەلایەن پارتییەوە قبوڵ نەكراوەو ئەو پرسە گرژیی خستە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و بەهۆی واژۆی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بۆ پرساندنەكە، پارتی ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دهۆكی لەگەڵ یەكگرتوو هەڵوەشاندەوەو ئەو پۆستانەی لێ وەردەگرێتەوە كە پێی درابوو.

پارتی چی دەڵێت لەبارەی پرساندنەكە؟

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، دوێنێ لە وتارێكدا هەڵوێستی فراكسیۆنەكەی ڕاگەیاند لەبارەی بابەتی پرساندنی حكومەت‌و بەتایبەت سەرۆكوەزیران.

"فراكسیۆنی پارتی وەك گەورەترین فراكسیۆن، بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ ڕۆڵ بینینی پەرلەمان و كارابوونی پەرلەمان و پەیوەندی بەهێزی نێوان دامەزراوە دەستوریەكانە، هەڵبەت كەس ناتوانێت نكوڵی لەوە بكات، فراكسیۆنی زۆرینە بەشی شێری باشی و خراپیەكانی بەر دەكەوێ، ئێمەش بەوە ڕاهاتووین و خەڵكیش شاهێدە، لەبەرپرسیاریەتی ڕا ناكەین و تحمولی مەسئولیەتی خۆمان كردوەو دەكەین" ئومێد خۆشناو وادەڵێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت: ئەوانەی دەڵێن دەسەڵات لە پەرلەمان دەترسێ، یان هیچ لە مانای هێزی زۆرینە ناگەن، یان ئەوەتا خۆیان و خەڵك دەگەوجێنن. بۆیە ئێمە زۆر ڕاشكاوو ڕاستگۆ بوینە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكومەت و لەگەڵ ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن، هەڵبەت هەموو لایەك ئەو ڕاستیە دەزانن كە، لە پڕۆسەی پرساندن و وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت پێویست بە ٧٤دەنگ لە كۆی ١١١ دەنگی پەرلەمان دەكات، بۆ ئەوەش هەموولایەك ئەوە دەزانن، ٧٤ دەنگ بەدەستهێنان لەسەرووی موستەحیلاتە!.

لەبەرامبەردا، جگە لە سەرۆك وەزیران، ئەندامانی دیكەی كابینەكە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لێیان پێویست بە ٥٦ دەنگ دەكات، "ئەو ڕاستیەش هەموولایەك دەزانن بەدەستهێنانی ٥٦ دەنگ بۆ فراكسیۆنی پارتی یەكێك لە ساناترین كارەكانە، بەڵام پەنامان بۆ نە بردوەو ئەگەر ناچاریشمان نەكەن پەنای بۆ نابەین!" سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وادەڵێت.

ئومێد خۆشناو پرسیاری ئەوەدەكات، ئاخر ئەوە كەی لۆژیكە، ئێوە دەنگی پێویستان لە پەرلەمان نەبێ و ئێمە زۆرینە بین، كەچی ئێوە بە ئێمە بڵێن لە پەرلەمان دەترسن؟. دەشڵێت "ئێوەو ئێمەو خەڵكیش باش دەزانین، ئێمە لە پەرلەمان ناترسین و بەڵكوو خودانی پەرلەمانین، ئەوە ئێوەن وەك كەمینە دەبێ لە شكۆ و هەیبەتی پەرلەمان و ڕاستیەكان بترسن كە، هەمیشە ترساون و لەبەرامبەردا دەست و پەنجەتان لەگەڵ چەواشەكاری نەرمكردوە".