كاندیدەكەی عومەر سەید عەلی وەك سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان جێگیر كرا

27-09-2020 07:10
گزڵستان سەعید سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی گۆڕان - عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی گوڵستان سەعیدی وەك سەرۆكی نوێی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان ناساند، لە نێوان ئەو و دابان محەمەد كە لە هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە دەنگەكانیان یەكسان بوو، گوڵستان دیاریی كرا كە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە پشتیوانیی دەكات.

دابان محەمەد لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕەخنەی تووند لە دەستێوەردان‌و جیاكاریی عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان دەگرێت لە پڕۆسەكەو دانانی سەرۆكی فراكسیۆن، دابان ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە كاریگەریی پارتی دەكات لە دانانی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان.

"لە هەڵبژاردنەكەدا، هەردو كاندیدی سەرۆكایەتی گوڵستان سەعید و دابان محەمەد بە (6) دەنگ یەكسان بون. بەپێی دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەگەر لە هەڵبژاردنێكدا دوو كاندید هەبو یەكێكیان (ژن) و ئەوی تریان (پیاو)، دەنگەكانیان یەكسان بو، ئەوا ئەولەویەت بۆ (ژنە)كە دەبێت، بۆیە ژوری هەڵبژاردن و دواتریش ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەسەند كردو، (گوڵستان سەعید) بووە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان" ژوری پەرلەمانی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا وادەڵێت.

هەفتەی ڕابردوو بە خواستی ڕێكخەری گشتی گۆڕان، هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان دووبارە كرایەوە، دوای ئەوەی پێشتر دابان محەمەد بە سەرۆكی فراكسیۆنەكە هەڵبژێردراو میدیای فەرمیی گۆڕان ناساندی وتەبێژی گۆڕان پیرۆزبایی لێكرد، بەڵام ڕێكخەری گشتی سووربوو لەسەرئەوەی دابان لەو پۆستەدا نەبێت.

بەرەی عومەر سەید عەلی بۆئەو پاساوە پشتیان بە دەستووری ناوخۆیی گۆڕان بەستووە كە باسی ئەو پرسەی بۆ هەڵبژاردنی ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە كردووە، بەڵام دەستورەكە باسی فراكسیۆنەكانی بزووتنەوەكە ناكات، هەربۆیە بەرەی بەرامبەر كە پشتیوانیی دابان محەمەد دەكەن‌و ئەویش خاوەنی 6 دەنگی هەڵبژاردنەكەیە، ئامادەنەبوون گوڵستان سەعید وەك سەرۆكی فراكسیۆن پەسەند بكەن.

دابان محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان، لە بابەتێكدا كە لە فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، باسلە ناكۆكی‌و ململانێكانی دانانی سەرۆكی فراكسۆن‌و دەستێوەردانەكان دەكات، ئەوە دەخاتەڕوو، بڕیاربووە ڕۆژی 3-8-2020 هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە ئەنجام بدرێت.

"‎پێش وادەی هەڵبژاردنەكە دەستێوەردانی ئاشكرا و زەق كرا، تۆمەت بەخشرایەوە دژی بەشێك لە فراكسیۆن! فشاری زۆر، بەكارهێنانی ڕێگای ناشەرعی و هەڕەشە و تەنانەت ئیمتیاز و بەخشین، بەرامبەر ئەو بەرێزانەی كە پێیان وابو پشتیوانی بەندە دەكەن، هەمو ئەوانە كاریان لە هاوڕێكانم نەكرد. كە زانرا لانیكەم ۷ دەنگی مسۆگەر هەیە كە بەندە، بە سەرۆكی فراكسیۆن هەڵدەبژێرێ بە بڕیاری بەڕێز ڕێكخەری گشتی هەڵبژاردن ڕاگیرا، لەكاتێكدا سكرتێری كاروباری ژورەكان موكوڕبو لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان دەستی بەسەرداگیرا" دابان وا دەڵێت كە لە 7-9-2020 بە سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژێردرا بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان.

دەشڵێت "‎لە ڕێگەی پابەند نەكردنی 5 لە هاوڕێیانمان لە فراكسیۆن، كێشەكەیان بردە ناوهۆڵی پەرلەمان و كۆبونەوەكانی، هەوڵی لەتكردن و پەرتكردنی فراكسیۆن درا، ((ئەو هاوڕێیانەی ئەم هەوڵەیاندا تەئكیدیان دەكردەوە تەنیا گوێ لە ڕیكخەری گشتی دەگرن، بەمانایەكی تر بە قسەی رێكخەری گشتی وادەكەن)). ‎لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و دروستنەبونی یٔاڵۆزی، هۆڵی پەرلەمانمان بەجێ هێشت، بۆ ماوەی سێ هەفتەش هەمان حاڵەت چەند بارە بوەوە. بە بێدەنگی لە چاوەڕوانی چارەسەردا بوین".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان باسلە ئەنجامدانی دووبارە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەكات كە لەسەر داوای ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن بووەو دەڵێت "وەك بەڕێز ڕێكخەری گشتی وتی: تەنیا بۆ لەحیمكردنەوەی ئەو 5 هاوڕێیەمانەو پڕۆسەیەكی ڕوكەش و نهێنی دەبێت، لە 21_9_2020 هەڵبژاردن كرا، لەو نێوانەدا هەمو هەوڵیاندا دەنگێك لە پشتیوانانی ئێمە كەم بكەنەوە و كردیان، كاندیدی بەرامبەریشیان لە برایەكمەوە گۆڕی بۆ خوشكێكم بۆ ئەوەی دوایی مادەیەكی دەستوری گۆڕان بە نا دەستوری بەكار بهێنن، ئەوەشیان كرد".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، ڕاستەوخۆ دەبێت بە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، ئەو جڤاتە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانە لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، ململانێكان لەسەر ئەو پۆستە دوای ئەوە دروست بوون، كۆتایی مانگی ڕابردوو عەلی حەمەساڵح بە نیگەرانییەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كێشایەوە.

دابان‌و ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان كە پشتیوانیی ئەویان دەكرد، ئەنجامەكانی دووەم هەڵبژاردنیان ڕەتكردەوەو دانیان پێدا نەنا، دابان دەڵێت "نەك لەبەر ئەوەی كە سەرۆكایەتی فراكسیۆنمان زۆر لا مەبەست بێت، بەڵكو، لەبەرئەوەی كە بۆچی ڕێكخەری گشتیی فەرق لە نێوان دو پەرلەمانتاری حزبەكەیدا دەكا؟! ئایا مەسەلە دەستەگەرییە؟ ئایا مومكینە مامەڵە لەگەڵ گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسیی بكرێ بەم نەفەسە؟! ئایا دەبێ ڕێكخەری گشتی هەمو گۆڕان بە تەكەتول و گروپی خۆی بزانێ یا چەند كەسێك؟!".

دابان زیاتر دەشڵێت "‎بۆ منیش و هاورێكانیشم لە فراكسیۆن ئەم مامەڵەیە ئێجگار نەشیاو و دورە لە فكر و بنەما بنچینەییەكانی گۆڕانی نەوشیروان مستەفا، مامەڵەیەكە دەتگەیەنێتە بنبەستی ئەوەی كاتێك هەڵسوڕاو و یا وەزیر یا پەرلەمانتاری گۆڕان كێشەیەكی هەبێ دەبێ بیباتە لای ڕێكخەری گشتی ، ئەی ئەگەر ڕێكخەر خۆی كێشەبێت بیبات بۆ كوێ؟!".

لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەیدا دابان نا ڕاستەوخۆ باسلە كاریگەریی پارتی‌و دەست‌و دەم بەستنی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان دەكات‌و دەڵێت "‎دەمەوێ بۆ دەنگدەرانم و گۆڕانخوازان جەخت لەوە بكەمەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، گرنگی و بایەخی تا ئەو جێگەیە هەیە، بتوانێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵك بكات، بەرگری لەو بنەمایانە بكات كە بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دروست بوە، پەرلەمانتارانی ئازاد و ئازایانە بتوانن كاری پەرلەمانیان ئەنجام بدەن، هەڵسوڕاوان و دەنگدەران و هەوادارانی ئەم بزوتنەوەیەش بە شانازییەوە پەنجە بۆ نوێنەرەكانیان درێژ بكەن، لەوە بترازێ و بێتە سەر ئەوەی ببێتە پێگەیەكی حزبی دەست و دەم بەستراو، بۆ ڕازیكردنی دڵی پارتی بێت، هیچ نرخێكی نیە و ناشبێت".