هێشتا نازانرێت شێروان شێروانی لە كوێیە؛ هاوسەرەكەی پەنا بۆ دەستەی مافی مرۆڤ دەبات

20-10-2020 07:27
كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پارێزەرو هاوسەری شێروان لەكاتی سكاڵا تۆماركردن لە دەستەی مافی مرۆڤ

پەرەگراف

دوو هەفتەیە ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی دەستگیركراوەو تائێستا نازانرێت لەكوێیەو زانیاریی بە پارێزەرو كەسوكارەكەی نادرێت، هاوسەرەكەی لە دەستەی مافی مرۆڤ سكاڵای تۆماركردو 10 پەرلەمانتاریش لە یاداشتێكدا داوای دیاریكردنی چارەنووسی دەكەن.

ڕۆژی 7ی ئەم مانگە شێروان شێروانی لە ماڵەكەی خۆیدا لە شاری هەولێر دەستگیر كرا، پارێزەرو كەسوكارەكەی هەموو ڕێكارە یاساییەكانیان گرتووەتە بەر، بەڵام تا ئێستا شێروان‌و پەڕاوی دۆسیەكەییان نەبینیوە‌و شوێنی ئەو ڕۆژنامەنووسە نازانرێت.

ڕووگەش عیزەددین، هاوسەری ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەمڕۆ سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی كرد لە هەولێرو سكاڵای تۆماركرد، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، تاوەكو ئێستا شوێن‌و چارەنووسی شێروان دیارنییەو شوێن بزرە، "دەستەی مافی مرۆڤ دڵنیایان كردم كە بەدواداچوون دەكەن و وەڵاممان دەدەنەوە".

هاوكات هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری شێروان شێروانی ئەوەی خستەڕوو، هەر لە یەك ڕۆژ دوای دەستگیركردنی شێروان، ئەوان ڕێگا یاساییەكانیان گرتووەتەبەر بۆ بینینی، سەردانی ئاسایشی هەولێرو دهۆكیان كردووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە‌و پێیان وتراوە لای ئەوان نییە.

"هەموو ڕێكارە یاساییەكانمان گرتووەتەبەر، تائێستا شوێنی بریكاردارم دیارنییەو چارەنووسی دیار نییە" پارێزەری شێروان شێروانی وای وت.

هەرێم ڕەفعەت سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا لەبارەی لێدوانەكەی دیندار زێباری كە دەڵێت، شێروان دانپێدانانی هەیە، "بەهیچ جۆرێك پارێزەرەكانی ئامادەنەبوون لەكاتی وەرگرتنی وتەكانی، نازانین چۆن بە ماوەی 4 ڕۆژ دانپێدانانی هەیە؟".

پاش سێ‌ ڕۆژ لە دەستگیركردنی، دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شێروان شێروانیی تۆمەتبار كرد بەوەی كە "لە سەرچاوەی دەرەكییەوە یارمەتیی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشرینكردن و گوتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و كەسانی خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتیی دیاریكراو، هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەكان بۆ دروستبوونی تووندوتیژی، هەروەها هەڕەشەكردن لە دادوەران".

پارێزەری دۆسیەكەی شێروان شێروانی سەبارەت بەو تۆمەتانە دەڵێت "هیچ زانیارییەكمان سەبارەت بە قسەكانی دیندار زێباری نییە". هەروەها هاوسەرەكەی شێروانی قسەكانی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "بێ‌ بنەما" وەسف دەكات و دەڵێت "ئەمە تەنیا قسەی خۆیانە بۆ پەردەپۆشكردنی هەڵكوتانە سەر ماڵەكەمان".

دۆسیەكەی شێروان كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوەو بەهۆیەوە ڕەخنەی تووند لە حكومەتی هەرێم‌و دەسەڵات گیرا، بەڵام هێشتا حكومەت نەچووەتە ژێرباری فشارەكان بۆ دەستنیشانكردنی چارەنووسی شێروان‌و ڕێگەدان بە پارێزەرو كەسوكارەكەی تا بیبینن.

هەر ئەمڕۆ 10 پەرلەمانتاری گۆڕان‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان 4 داواكارییان خستەڕوو لەبارەی دیاریكردنی چارەنووسی شێروان شێروانی.

ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن، گومان دەكرێت بەهۆی كاری ڕۆژنامەوانییەوە تۆمەت بۆ شێروان دروست كرابێت، هەربۆیە داوادەكەن بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

هەروەها داوای ڕوونكردنەوە دەكەن لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دیندار زێباری ئاڕاستەی شێروان شێروانی كردووە. ئەو پەرلەمانتارانە لە خاڵێكی دیكەدا داوادەكەن بە زووترین كات دەرفەتی سەردانكردنی شێروان بڕەخسێت بۆ ئەوان‌و پارێزەرو كەسوكارەكەی، "بۆئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ژیان‌و بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەكان بین".

ئەو هێزەی شێروان شێروانیی دەستگیر كردووە، شەش ئۆتۆمبێلیان پێ بووە. "دوانیان جامڕەش بوون، دوانیان ئۆتۆمبێلی پۆلیس و دوانەكەی دیكە ئۆتۆمبێلی مەدەنیی ئاسایی بوون".

ئەوكات هاوسەرەكەی شێروان شێروانی بە پەرەگرافی وت، لە كاتی دەستگیركردنیدا هێزەكە توندووتیژییەكی ئەوتۆیان نەنوواندووە، بەڵام پاڵیان بەوەوە ناوە بەرەو چێشتخانەی ماڵەكەیان و پێیان گوتووە "لەوێ دابنیشە و بێدەنگ بە".

هێزە ئەمنییەكە فەرمانێكی دەستگیركردنیان پیشانی هاوسەری ئەو ڕۆژنامەنووسە داوە كە "بە دەستنووسی عەرەبی نووسرابوو. ناو و واژووی دادوەرەكەی لەسەر بوو". بەڵام ڕووگەش عیززەدین دەڵێت "لە فەرمانەكەدا پاساوی دەستگیركردنەكەی تێدا نەبوو".

دەستگیركردنی شێروانی شیروانیی ڕۆژنامەنووس، پاش ئەوە دێت لە ماوەی ڕابردوودا هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس، مامۆستا و چالاكانی مەدەنی لە پارێزگای دهۆك بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە پێشتر پەرەگراف بڵاوی كردەوە، تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا لە دوای ناوەڕاستی مانگی ئابەوە، لە بادینان نزیكەی 100 كەس دەستگیر كراون.

ئەو بارودۆخەی لە دهۆك گوزەرا، گەنجانی شارەكە بە ڕەشبگیری ناویان برد، چونكە وەك ئەوان دەڵێن؛ بە بێ فەرمانی دادوەر هەڵدەكوتنە سەر خەڵك.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك، بە ڕێگەی عەشایەری و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەوڵی بێدەنگكردنی چالاكوان و خەڵكانی ناڕازیی دەدەن، بەتایبەت ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕەخنە دەگرن یان بانگەوازی خۆپیشاندان دەكەن.

دەڤەری بادینان، لە مێژوی حوكمڕانی كوردیدا بەردەوام لە قازانج و هێزی پارتیدا یەكلابۆتەوە، پێش چەندین ساڵ یەكێتی و دواتریش یەكگرتوو، دوو ڕكابەری لاوازی ئەو حیزبە بوون، بەبێ زیادبون و هەڵكشان لە دەنگ‌و سەنگیاندا.