یوسف محەمەد: عێراق بەڵگەی گرنگی لەبەردەستە لەسەر بە قاچاخ بردنی پارە

21-10-2020 01:00
یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق

پەرەگراف

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەڵگەی یاسایی‌و بانكیی گرنگ لەبەردەستی عێراقدا هەن لەسەر بە قاچاخ بردنە دەرەوەی پارەو موڵك‌و ماڵی وڵات بە هەرێمی كوردستانیشەوە كە بەدەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێن.

یوسف محەمەد لە بەیاننامەیەكدا كە بەزمانی عەرەبی بڵاویكردووەتەوە‌و وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، داوادەكات، كاری جددی بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەو ڕوبەڕوبوونەوەی توندی گەندەڵكاران‌و وەستاندنی بەهەدەردانی پارە لەڕێی گەندەڵییەوە، پێشیوایە ئێستا زەمینەیەكی جیهانیی لەبار هەیە بۆ یارمەتیدانی عێراق لە گەڕاندنەوەی پارە بە قاچاخ براوەكان.

"پێویستە دەسەڵاتداران ڕێوشوێنی توند لەدژی گەندەڵكاران بگرنەبەر، بەهەدەردانی موڵك‌و ماڵ‌و پارەی عێراقیەكان ڕابگرن لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی وەرەقەی سپی چاكسازیی ئابووریدا" سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وادەڵێت.

یوسف محەمەد لە بەیاننامەكەیدا ئاماژە بە خراپیی دۆخی ئابوری عێراق دەكات، تەئكید دەكاتەوە بەبێ لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران چاكسازیی هیچ بەهایەكی نابێت‌و دۆخی دارایی پێویستی بە بڕیاری قورس هەیە بۆ بونیادنانەوە.

گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لە عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە لە ڕێی گەندەڵیی‌و "بە قاچاخ" براونەتە دەرەوەی وڵات، چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە باسكراوە، بەڵام هێشتا شەقامی عێراقی بینەری هەنگاوی كرداریی‌و گەڕاندنەوەی هیچ لەو بڕە پارانە نەبووەو كەسانی گەندەڵكارو قاچاخچیی لەو پرسەدا دەستنیشان نەكراون.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان داوادەكات، كار بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو پارانە بكرێت كە لە دوای ساڵی 2003و ڕوخانی ڕژێمی بەعس براونەتە دەرەوەی وڵات، "بەڵگەی گرنگ لەسەر ئەو دۆسییە هەیە، حكومەتی عێراق دەتوانێت سوود لە هاریكاریی شارەزایانی ئەوروپی وەربگرێت بۆ ئاشكراكردنی ئەو پارانە‌و گەڕاندنەوەیان".

یوسف محەمەد دەشڵێت، لە ئێستادا زەمینەیەكی لەبار هەیە لە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی دیكە، بەمەبەستی گەڕانەوەی پارە بە قاچاخ براوەكان كە بەهۆی گەندەڵییەوە براونەتە دەرەوەی وڵات.

ئەوە لە كاتێكدایە، مانگی ڕابردوو سەرۆككۆماری عێراق دووبارە داوای پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵان براوەكان.

بەرهەم ساڵح لە گوتارێكدا كە بە ڤیدیۆ كۆنفرانس لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان پێشكەشی كرد، باسی لە مەترسییەكانی تیرۆرو گەندەڵی كرد، وتی: هەر كەمتەرخەمییەك لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەر دەستدرێژییەك بۆ سەروەری نیشتمانیمان، دەشێ ببنە بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم كۆششەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویدا.

"لەم سۆنگەیەشەوە هیوامان بە پاڵپشتی دۆستەكانمانە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەكو هاوكار و هەماهەنگمان بن لە سۆراغكردنی ئەو پارانەی بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی وڵات، هەروەها ئاشكراكردنی ناوی ئەو گەندەڵكارانەی بەو كارە قێزەونە هەستاون و كۆمەكی گروپە لە یاسا دەرچووەكان و توندڕەوەكانیشی پێ دەكەن" بەرهەم ساڵح وای وت.