هێشتا چالاكانی بادینان لە زیندانن؛ گۆڕان لە بەغداوە ڕەخنەی تووند لە مەسرور بارزانی دەگرێت

25-10-2020 04:46
بەشێك لە ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانە دەستگیركراوەكان.

پەرەگراف

هێشتا ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانانی بادینان لە زیندانن‌و كەسوكاریان زانیارییان لەبارەی دۆخی ژیانیان نییە، لە كاردانەوەی ئەو دۆخەدا فشارەكان بەردەوامەو سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕەخنەی تووند لە مامەڵەی دەسەڵاتی كوردی‌و مەسرور بارزانی دەگرێت.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف لە بادینان، ئەو چوار ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانەی پێنج شەممەی ڕابردوو دەستگیركران(گوهدار زێباری، شڤان بەرۆشكی، ئەیاز نهێلی‌و هاریوان كۆچەر)، هێشتا ئازاد نەكراون‌و هیچ زانیارییەك بە كەسوكاریان نەدراوە لەبارەی دۆخی ژیان‌و شوێنی مانەوەیان.

ئەوە كاتێكدایە زیاتر لە دوومانگە بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشكی دوو چالاكوانی ناسراوی بادینان دەستگیركراون، نزیكەی سێ هەفتەشە چارەنووسی ڕۆژنامەنووس‌ شێروان شێروانی دیارنییە كە لە ماڵەكەی خۆی لە هەولێر دەستگیركرا.

"دەسەڵاتدارانی ھەرێم ماوەیەك پێش ئێستا ھەڵمەتی ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووس و مامۆستا و چالاكوانانەی ئەنجامداوە، كە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەولێر و دھۆك، داوای مافەكانیان كردووە سەبارەت بە دابینكردنی موچە" یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وادەڵێت كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بە چەند ماددەیەكی یاسایی كردووە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم پێشێلیان كردووە بەرامبەر ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانانی بادینان، دەشڵێت "بەشێكی ئەو كەسانە دوای دەرچوونی بڕیاری بێتاوانییان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە، ھێشتا لە زیندانەكاندا ماونەتەوە".

زیاتر لە دوو مانگە بادینان بە دۆخێكی نائاساییدا تێدەپەڕێت بۆ ڕۆژنامەنووس‌و كەسانی چالاكی مەدەنی‌و ڕەخنەگر، هێزە ئەمنییەكان بە هەڵكوتانەسەر ماڵان‌و دەستگیركردنیان ڕەوشێكی پڕ لە ترس‌و تۆقاندنیان دروست كردووە.

یوسف محەمەد ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی ھەرێم دژ بە ڕۆژنامەنووس‌و مامۆستاو چالاكوانان‌و ڕفاندنیان بە "مافیا ئاسا" ناودەبات، "ھەڵمەتی دەستگیركردنەكان لەسەر شێوازی مافیاكان و لەماڵی ئەو كەسانە لەلایەن ھێزی دەمامكدارەوە ئەنجام دەدرێت، دواتر دەبرێنە شوێنێكی نادیار و زانیاری لەبارەی شوێنی دەستگیركردنیان ئاشكرا ناكرێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو بارودۆخە هەرێم بەرەو دەسەڵاتێكی پۆلیسیی دەبات، بەتایبەت كە لە لوتكەی دەسەڵاتەكەدا مەسرور بارزانی هەیە كە پەروەردەی سیستمێكی ئەمنیی حیزبییە.

سەرباری ڕەخنەو فشاری ناوخۆیی‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە دەستگیركردن‌و هەڵكوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكان، بەڵام حكومەتی هەرێم‌و دەسەڵاتدارانی بادینان گوێ بە فشارەكان نادەن‌و تەنانەت كەمترین زانیاریی لەبارەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردن‌و دۆخی ژیان‌و چارەنووسی چالاكانی دەستگیركراو بڵاودەكەنەوە.

هەفتەی ڕابردوو، چەند كاتژمێرێك دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دواین هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكان، پۆلیسی دهۆك لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی ڕەتكردەوە بێڕێزی بەرامبەر تۆمەتباران كرابێت، وتی "بەهیچ شێوەیەك ئەوەی لەوبارەیەوە وتراوە ڕووی نەداوەو دوورە لە ڕاستییەوە، هەندێك كەس و لایەنی تێكدەر هەوڵی تێكدانی ڕەوشی ئارامی پارێزگای دهۆك دەدەن‌و بۆ شێواندن‌و شاردنەوەی ڕاستییەكان ئەو هەواڵانە بڵاودەكەنەوە".

پۆلیسی دهۆك بەبێ ئەوەی ناوی دەستگیركراوان ئاشكرا بكات، ئاماژەی بەوە كرد، بەپێی ماددەی 221 لە یاسای سزادانی عێراقی-ئەو ماددەیە تایبەتە بە هاندانی خەڵك بۆ گردبوونەوە-، فەرمانی دەستگیركردن لەلایەن دادگاوە بۆ چەند تۆمەتبارێك دەرچووەو جێبەجێ كراوە، "وەك هەر حاڵەتێكی ئاسایی، ئەوكەسانەی دەستگیركراون بە ڕێزگرتن‌و بەپێی یاسا ڕەوانەی دادگا كراون‌و بە جوانترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە".