یەكێتی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕەتدەكاتەوە؛ ئەنجومەنەکە وەڵام دەداتەوە

27-10-2020 11:18

پەرەگراف

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕەتدەكاتەوە، لەبارەی "پووچەڵكردنەوەی چەند هێرشێك و دەستگیركردنی سێ گروپ"، ئەنجومەنی ئاسایش وەڵامی یەکێتی دەداتەوە.

ڕاگەیاندنی فەرمیی یەكێتی، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە بەناوی وتەبێژێك لە ئەنجومەنی ئاسایش، تێیدا ئەوە خراوەتە ڕوو ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنەكە كە زۆرینەن، ئاگاداری ڕووداوی لەوجۆرە نین، "بۆیە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە پشكی یەكێتی، ئەم بەیاننامەیە و هەر بەیاننامەیەكی تری لەم چەشنەی ئەنجومەنەكە رەتدەكەنەوە، بە هەندی وەرناگرن و نایسەلمێنن".

ھاوکات ئەنجومەنی ئاسایش وەڵامی ڕوونکردنەوەکەی یەکێتی دایەوەو دەڵێت، تەنیا ئەو ڕاگەیاندراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجومەنیئاسایشی هەرێمی کوردستان (https://www.krsc.gov.krd) بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندەکەن و هەر شتێکی تر لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەڕبڕی ڕای فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش نییە.

"هەموو هەوڵێکیش بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان ، لە ژێر هەر فشارێکدا بێت ڕەت دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم هەوڵە نەزۆکانە، لە کارەکانمان ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئاسایشیهاووڵاتیان و پووچەڵکردنەوە و ڕێگەگرتن لە هەموو هەوڵێکی تێکدەرانە و هەموو ئەوانەی دەستیان لەم کارە تیرۆریستیانەدا هەیە، ڕووبەڕووییاسا دەکرێنەوە" ئەنجومەنی ئاسایش لە وەڵامی یەکێتی دا وادەڵێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دوێنێ ڕایگەیاند، چەند هێرشێكی تێكدەرانەیان پووچەڵ كردووەتەوە كە تێیاندا كەسایەتی ناوخۆیی‌و بیانیی‌و كونسوڵخانەی وڵاتان بە ئامانج گیراون، چەندین كەس دەستگیركراون كە پەیوەندییان لەگەڵ "گرووپی تیرۆریستی"دا هەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، دەشڵێت: یەكێكیان لەلایەن پەكەكەوە پیلانی بۆ دانراوە.

ئەنجومەنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا وردەكاریی سێ كەیسی ئاشكرا كرد كە تێیاندا چەندین هاووڵاتیی عێراقی‌و بیانیی دەستگیركراون‌و ڕوبەڕوی دادگا دەكرێنەوە، ئەنجومەنەكە داوای دەستگیركردنی چەند كەسێكی دیكەش لە پۆلیسی نێودەوڵەتی(ئینتەرپوڵ) دەكات كە لە وڵاتانی دیكەن‌و پەیوەندییان بە كەیسەكانەوە هەیە.

هەردوێنێ پەكەكە وەڵامێكی تووندی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی دایەوەو ڕاگەیەندراوەكەیانی بە "چەواشەكاریی و ھاوئاھەنگیی پارتی و میتی توركیا" ناوبرد.

كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە- چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "گەریلا لە مسۆگەركردنیئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و هیچ كات بە دەستی خۆی ئەم ئەمن و ئاسایشە ناخاتە بەر مەترسییەوە كەبە سەدان شەهید لە پێناویدا گیانیان بەخت كردووە".

درەنگانێكی شەوی ڕابردوو ڕاگەیاندنی فەرمیی یەكێتی ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر هەمان پرس بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی

روونكردنەوەیەك بۆ كۆمەڵا‌نی خەڵكی كوردستان

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە له پێنج ئەندامی سەرەكی كە بریتین لە‌ راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگای زانیاری، سەرۆكی دەزگای پاراستن، و سەرۆكی هەواڵگریی پێشمەرگە. لەم پێنج ئەندامە، سێ ئەندامیان لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن و تەنها دوو ئەندامیان پارتین.

بەڵام دوای پرسیار كردن لە هەرسێ ئەندامە باڵاكەی یەكێتی لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، دەركەوت كە بەرپرسانی یەكێتی بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە نین كە رۆژی ٢٦\١٠\٢٠٢٠ لەرێی بەیاننامەیەك بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڵاوكراوەتەوە. بۆیە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە پشكی یەكێتی، ئەم بەیاننامەیە و هەر بەیاننامەیەكی تری لەم چەشنەی ئەنجومەنەكە رەتدەكەنەوە، بە هەندی وەرناگرن و نایسەلمێنن، چونكە ئاگاداری رووداوی لەو جۆرە نین كە لە هەرێم روویدابێت، رێگەش نادەن بەناوی ئەنجومەنێكەوە راگەیەندراو بڵاو بكرێتەوە كە پێش بڵاوكردنەوەی، ئەندامە سەرەكییەكانی‌ پرسوڕایان پێ نەكرابێت.

وتەبێژێك لە ئەنجومەنی ئاسایش
٢٦ - ١٠- ٢٠٢٠