سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆدەبنەوە؛

پەسەندكردنی یاسای قەرز كورد یەكدەخات
12-11-2020 08:50

پەرەگراف

پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەبێ‌ جێكردنەوەی خواستی كورد تێیدا و مەرجداركردنی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، كاردانەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و لایەنە كوردییەكانی لێ‌ كەوتەوە. دوو پەررلەمانتاری كوردیش لە بەغدا دەڵێن "لە یاساكەدا پشكی هەرێم نەبڕدراوە، پەیوەست كراوە بە ناردنی نەوت و داهاتەوە".

حكوومەتی هەرێم "نیگەرانی و ناڕەزایی بەرامبەر تێپەڕاندنی" یاساكە دەربڕیوە و دەڵێت "بە زۆرینە و بێ گوێدانە پرنسیپی سازان و لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەكانی گەلی كوردستان" دەنگی لە سەر دراوە".

بە هەمان شێوە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت یاساكە "بە زۆرینە و بەبێ ڕەچاوكرنی پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و بێ گوێدانە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان تێپەڕێنرا"وە.

لەو ڕووەشەوە "نیگەرانی"ی دەربڕەوە جەخت دەكاتەوە كە "بەوپەڕی گرنگییەوە" دەڕوانێتە ئەم بابەتە و هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ "پارێزگاری لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان".

هەرچی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیشە لە ڕاگەیەندراوێكدا "نیگەرانیی قووڵ" لەبارەی پەسەندكردنی یاساكەوە نیشان داوە و دەڵێت "بەبێ ڕەچاوكردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و هاوبەشی و بنەماكانی سیستمی فیدراڵی كە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینە و بێ ڕەچاوكردنی مافی خەڵكی كوردستان" پەسەند كراوە.

"ئەم هەنگاوە، پێشێلكردنی گیانی پێكەوەژیان و هاوبەشییە و پێچەوانەی هێڵەگشتییەكانی ڕێككەوتنەكانی پێشووترە. هاوكات وەستانەوەیە دژ بە هەر جۆرە لێكنزیكبوونەوەیەك بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەماكانی دەستوور"، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی وردستان وا دەڵێت.

هەروەها مەسعود بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەربارەی پەسەندكردنی یاساكە دەڵێت "جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا و بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە".

"ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری كردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین، كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی".

بەپێی یاساكە كە نزیك كاتژمێر ٦ی ئەم بەیانییە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرا، ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم (٣٢٠ملیارەكە) مەرجدار كراوە بە ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا و بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات، لەگەڵ ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان، بە پێچەوانەوە لە كاتی پابەندنەبوونی هەرێم، پارەی مانگانەی مووچەی بۆ نانێردرێت و بەرپرسیارێتیی شكاندنی ئەو ماددە یاساییەی دەكەوێتە ئەستۆ.

لە ڕاگەیەندراوی حكوومەتی هەرێمدا هاتووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام و هەمیشە، ئامادەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە. لە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمیش، چەندین جار نیازپاكیی خۆی نیشان داوە و سەردانی بەغدای كردووە و چەندین لەیەكگەیشتن و ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی پێشوو و ئێستا هاتە ئاراوە".

هەروەها باس لەوە كراوە كە "حكوومەتی هەرێم هەمیشە پابەندییە دەستوورییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە لە بەرامبەر دابینكردنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان".

لای خۆیەوە مەسعود بارزانی داوای لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كردووە كە لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، لەسەر ئەم بابەتە "كۆببنەوە و بگەنە بڕیارێكی هاوبەش".

پاش ڕاگەیەندراوەكەی بارزانی، سەرۆكایەتیی هەرێم ڕایگەیاند "لەپێناو یەكهەڵوێستیی لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستاندا لەسەر ئەم پرسە، كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندارەكان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدرال و ئەنجومەنی نوێنەران ساز دەكرێت" سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.

پاشان حكوومەتی هەرێمیش جەختی لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە و ڕاگەیاندنی"هەڵوێستی فەرمی و یەكگرتووی هەرێمی كوردستان" كردووەتەوە.

هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و مەسعود بارزانی، دەستخۆشییان لە نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەن نوێنەرانی عێراق كردووە كە "هەڵوێستێكی یەكگرتوویان لە بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەربڕی"وە و بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردووە.

هاوكات 26 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان، لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن "دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ (١٢/ ١١/ ٢٠٢٠)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پڕۆژەیاسای قەرزی پەسەند كرد و هەرێمی كوردستانیشی پابەند كردووە بە ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ، بەپێویستی دەزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زوترین كات شاندێك ڕەوانەی بەغدا بكات و پرسی نەوت و خاڵە سنوورییەكان و شایستەی دارایی تەواوەتیی هەرێم، لەگەڵ حكوومەتی عێراقی یەكلا بكاتەوە".

"پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنێكی بە پەلە بە بەشداریی وەزیرانی پەیوەندیداری هەرێم ئەنجام بدات و تاوتوێی وردەكاریی ماف و شایستەی دارایی هەرێم و ئەرك و بەرپرسیارێتیی هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بكات" 26 پەرلەمانتارەكە وا دەڵێن.

ئەوان پێیشیان وایە "بەشێكی ئەم پرسە بە سیاسی كراوە"، بۆیە داواكارن "لە ڕێی كەناڵەكانی دیپلۆماسییەوە، ئاستەنگە سیاسییەكانی بەردەم ئەم پرسە تێبپەڕێنرێن و چیتر خەڵك و موچەخۆران لە دڵەراوكێی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم دا نەبن".

هەریەك لە ئەحمەد حاجی ڕەشید و هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن "بە گوێرەی یاساكە، هەرێم دەتوانێ لەگەڵ سۆمۆ بگاتە ڕێكەوتن كە چەند نەوت بنێرێ. لە یاساكەدا پشكی هەرێم نەبڕدراوە، پەیوەست كراوە بە ناردنی نەوت و داهاتەوە".

ئەو دوو پەرلەمانتارە پێیان وایە "ئەگەر هەرێم بە پەلە وەفدێك بنێرێتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی بكەونە گفتوگۆ و پابەند بن بە ناوەرۆكی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەبری ۳۲٠ ملیارەكە، زیاتر دەست بخەن. مەلەفی ئاڵۆزی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، هەردەبێ چارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە. ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو هەنگاوە بنرێ".

هاوكات هۆشداریش دەدەن "ئەگەر هەرێم بۆ ئەو سێ‌ مانگە لە یاسای قەرزدا نەتوانێ بە پەلە نیەتباشی نیشان بدات و بەشێك لە نەوت و داهاتەكان نەگەڕێنێتەوە، ئەوا بۆ یاسای بودجەی ۲٠۲۱ كە بەمزووانە دەگاتە پەرلەمان، كێشەی گەورەتری بۆ دروست دەبێت".