بەرهەم ساڵح: تێپەڕاندنی یاسای قەرز بەبێ خواستی كورد پێشینەیەكی مەترسیدارە‌‌

13-11-2020 12:51

پەرەگراف

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ڕایگەیاند، یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بێ ڕەچاوكردنی سازانی نیشتمانی، بەدیاریكراویش بەبێ خواستی كورد پەسەندكرا و تێپەڕێندرا، ئەمەش پێشینەیەكی مەترسیدارە‌‌ لە كاری سیاسی عێراقدا.

سەرۆكایەتی كۆمار لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوە دەخاتەڕوو، هەرچەندە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كارێكی پێویست بووە بۆ دابینكردنی مووچە‌ی فەرمانبەران بۆ سێ مانگی داهاتوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەنابردن بۆ قەرز چارەسەرێكی بەردەوام نییە.

"بۆیە جەخت لە رێگەچارەیەكی بنەڕەتی دەكەینەوە كە رێگە لە دووبارە بوونەوەی قەیرانی مووچەی فەرمانبەران بگرێت، چونكە قەرزكردن بەتەنها بەس نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، بەڵكو پێویستە پشت بە چاكسازیەكی گشتگیر ببەسترێت بۆ چارەسەری ریشەیی قەیرانەكەو پارێزگاری لە مووچەی فەرمانبەران وەكو ئەولەویەتێكی بێچەندوچوون".

لەبارەی ڕەچاونەكردنی خواستی كورد لە یاساكەدا، سەرۆكایەتی كۆمار دەڵێت "دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە عێراق بەبێ چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كارێكی ناتەواوە، چونكە ئەوانیش هاوڵاتی عیراقن‌و مافەكانیان لەدەستوردا جێگیركراوە. لەم چوارچێوەیەدا دوپاتی دەكەینەوە پێویستە فەرمانبەران و تەواوی هاوڵاتیان بەدووربن لەو ململانێی سیاسیەی كە وڵاتی بەم رۆژە گەیاندوە".

لایەنە شیعەو سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ بەبێ خواستی كورد یاسای قەرزیان تێپەڕاند‌و ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی مووچەی مانگانەیھەرێم بەربەستی یاسایی بۆ دروستكرا.

فراكسیۆنە كوردییەكان ھەوڵیاندا كۆبوونەوەكەی پەرلەمان نەكرێت و پەكبخرێت تاوەكو داواكارییەكانیان لە پڕۆژەكەدا جێ دەكرێتەوە كە تایبەت بوو بە پاراستنی ناردنی مووچەی ھەرێم لە بەغداوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

بەپێی یاساكە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی ھەرێم(٣٢٠ملیارەكە) مەرجدار كرا بە؛ ڕادەستكردنی ھەناردەی نەوت بە بەغدادو بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات بۆ ھەناردەكردن لەگەڵڕادەستكردنی داھاتە نانەوتییەكان بە بەغداد، بە پێچەوانەوە لەكاتی پابەند نەبوونی ھەرێم پارەی مانگانەی مووچەی بۆ نانێردرێت وبەرپرسیارێتی شكاندنی ئەو ماددە یاساییەی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئەوەلەكاتێكدایە ھەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو مانگانە چاوی لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەیە لەلایەن بەغداوە بۆ دابەشكردنی مووچە.

پەسەندكردنی یاساكە كاردانەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و لایەنە كوردییەكانی لێ‌ كەوتەوە، حكوومەتی هەرێم "نیگەرانی و ناڕەزایی بەرامبەر تێپەڕاندنی" یاساكە دەربڕی و دەڵێت "بە زۆرینە و بێ گوێدانە پرنسیپی سازان و لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەكانی گەلی كوردستان" دەنگی لە سەر دراوە".

بە هەمان شێوە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "یاساكە بە زۆرینە و بەبێ ڕەچاوكرنی پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و بێ گوێدانە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان تێپەڕێنرا".

لەو ڕووەشەوە "نیگەرانی"ی دەربڕەوە جەخت دەكاتەوە كە "بەوپەڕی گرنگییەوە" دەڕوانێتە ئەم بابەتە و هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ "پارێزگاری لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان".

هەرچی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیشە لە ڕاگەیەندراوێكدا "نیگەرانیی قووڵ" لەبارەی پەسەندكردنی یاساكەوە نیشان داو دەڵێت "بەبێ ڕەچاوكردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و هاوبەشی و بنەماكانی سیستمی فیدراڵی كە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینەو بێ ڕەچاوكردنی مافی خەڵكی كوردستان" پەسەند كراوە.