مەسرور بارزانی: ئەو پێشھاتە مەترسیدارە پێویستە بە زووترین کات ڕاست بکرێتەوە

14-11-2020 12:07

پەرەگراف

مەسرور بارزانی تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستیکورد بە پێشھاتێکی مەترسیدار لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: پێویستەبە زووترین کات ڕاست بکرێتەوە. ھێشتاش دەرفەت ماوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ستەمەی ئەنجام درا.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە تویتێکدا دەشڵێت "پشکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی پاداشت نییە، بەڵکو مافێکی خۆمانە. پێشتریش باسمان کردووە، پەیوەندی ھەولێر و بەغدا پێویستە لە سەر بنەمای داننان بە ماف و ئەرکی ھەر لایەک بێت بە پێی دەستور".

لایەنە شیعەو سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق، بەبێ خواستی كورد یاسای قەرزیان تێپەڕاند‌و ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی مووچەی مانگانەیھەرێم بەربەستی یاسایی بۆ دروستكرا.

فراكسیۆنە كوردییەكان ھەوڵیاندا كۆبوونەوەكەی پەرلەمان نەكرێت و پەكبخرێت تاوەكو داواكارییەكانیان لە پڕۆژەكەدا جێ دەكرێتەوە كە تایبەت بوو بە پاراستنی ناردنی مووچەی ھەرێم لە بەغداوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

بەپێی یاساكە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی ھەرێم(٣٢٠ملیارەكە) مەرجدار كرا بە؛ ڕادەستكردنی ھەناردەی نەوت بە بەغدادو بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات بۆ ھەناردەكردن لەگەڵڕادەستكردنی داھاتە نانەوتییەكان بە بەغداد، بە پێچەوانەوە لەكاتی پابەند نەبوونی ھەرێم پارەی مانگانەی مووچەی بۆ نانێردرێت وبەرپرسیارێتی شكاندنی ئەو ماددە یاساییەی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئەوەلەكاتێكدایە ھەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو مانگانە چاوی لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەیە لەلایەن بەغداوە بۆ دابەشكردنی مووچە.

پەسەندكردنی یاساكە كاردانەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و لایەنە كوردییەكانی لێ‌ كەوتەوە، حكوومەتی هەرێم "نیگەرانی و ناڕەزایی بەرامبەر تێپەڕاندنی" یاساكە دەربڕی و دەڵێت "بە زۆرینە و بێ گوێدانە پرنسیپی سازان و لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەكانی گەلی كوردستان" دەنگی لە سەر دراوە".

بە هەمان شێوە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "یاساكە بە زۆرینە و بەبێ ڕەچاوكرنی پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و بێ گوێدانە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان تێپەڕێنرا".

لەو ڕووەشەوە "نیگەرانی"ی دەربڕەوە جەخت دەكاتەوە كە "بەوپەڕی گرنگییەوە" دەڕوانێتە ئەم بابەتە و هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ "پارێزگاری لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان".

هەرچی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیشە لە ڕاگەیەندراوێكدا "نیگەرانیی قووڵ" لەبارەی پەسەندكردنی یاساكەوە نیشان داو دەڵێت "بەبێ ڕەچاوكردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و هاوبەشی و بنەماكانی سیستمی فیدراڵی كە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینەو بێ ڕەچاوكردنی مافی خەڵكی كوردستان" پەسەند كراوە.