مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دەكات كۆبونەوەی سبەینێ دوابخەن

14-11-2020 09:58

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە فەرمی داوا لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبونەوەی ڕاگەیەنراوی سبەینێ دوابخەن بۆ كاتێكی تر، "بۆ ئەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن".

ئەو داوایە لە بەیاننامەی كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە كە بە سەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەچووە، بەیاننامەی كۆبوونەوەكە دەڵێت "پاراستنی ئەو یەكڕیزییەی كە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە هاتە ئاراوە بە گرنگ زانی و پێداگیری لەسەر پاراستنی دەكات".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق جگە لە پارتی، بایكۆتی كۆبوونەوەكەی سبەینێیان كرد، بە یەكێتی‌و گۆڕانیشەوە كە دوو حیزبی پێكهێنەری حكومەتی هەرێمن هاوشانی پارتی.

"ئەم جۆرە كۆبونەوانە زیاتر شكڵین و هیچ كاریگەریی ئەرێنیی نییە لەسەر بڕیارەكانی هەرێم. بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە شەفافییەتی مەلەفی نەوت و بودجە و جێبەجێ كردنی ڕێكەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا" ئەمە وتەی یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

یوسف محەمەد لە تویتێكدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی سبەینێ، وەك ئاماژەیەك بە هۆكارێكی دیكەی بەشداریی نەكردنەكەیان دەڵێت "لە هەمان كاتدا دەسەڵات سەرباری دابین نەكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییانی هەرێم، بەردەوامە لە رفاندن و دەستگیر كردنی نایاسایی چالاكانی مەدەنی و رۆژنامەنوسان".

كۆبوونەوەی بڕیارلێدراوی سبەینێ بۆ یەكخستنی هەڵوێستی گشتگیری هەرێمی كوردستانە لەبارەی پەسەندكردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق كە تێیدا ناردنی بەشە مووچەی مانگانەی هەرێم مەرجدار كرا، ئەوەش نیگەرانیی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

ئێوارەی ئەمڕۆ (14/11/2020) بە سەرپەرشتی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسیەكان و بەتایبەتی پرسی مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان كۆبوەوە.

لە كۆبونەوەكەدا، كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری تیمی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالی عێراق ئامادەیبوون، مەكتەبی سیاسی پاراستنی ئەو یەكڕیزییەی كە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە هاتە ئاراوە بە گرنگ زانی و پێداگیری لەسەر پاراستنی دەكات، بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان.

بۆ ڕەخساندنی زەمینەی لەبار لەپێناوی گفتوگۆ و گەیشتن بەبڕیارێكی گونجاو، كە لەبەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و باشكردنی گوزەرانی خەڵكدا بێت و یەكڕیزی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان پیشانبدات، مەكتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لەهەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبونەوەی ڕاگەیەنراوی سبەی (15/11/2020) دوابخات بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی عێراق، لەپێناوی گەیشتن بە رێككەوتن بۆ دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان بە باشترین رێگاچارە دەبینێت.

بۆ گەیشتن بەرێككەوتنی بنەڕەتی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی خەڵكی كوردستان، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان و حكومەتی فیدرالی عێراقیش پابەندی بنەمای تەوافق و دەستوری هەمیشەیی عێراق بێت.

هەر سەبارەت بەهەمان پرس، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان، هەوڵەكانی درێژە پێدەدات و خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكاتەوە، كە لەم پێناوەدا درێغی ناكات.