کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغداد دواخرا

15-11-2020 10:50
کۆبونەوەی ڕوێژکاریی ئەمڕۆی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر. وێنە؛ ئەژی عومەر

پەرەگراف

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم پێشوازییەکی باشیان لە داواکارییەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق وەزیرەکان و نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

ڕێواز فایەق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەو کۆبوونەوەیە دواخرا بۆ کاتێکی تر ھەتا زەمینەی گونجاوی بۆ دەڕەخسێت، چونکە ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەبوو بەرجەستەی ھەمان ئەو یەکدەنگییە بکات کە لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەبوو".

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد، زەمینە سازیی دەکەن بۆ کۆبوونەوەی داھاتوو تا ھەموو لایەنەکان بەشداربن، وتیشی: ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی ئەنجام دەدەن بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە تا بزانن چییان پێدەکرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم پێشھاتە نوێیە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە فەرمی داوای لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان کرد، كۆبونەوەی ئەمڕۆیان دوابخەن بۆ كاتێكی تر، "بۆ ئەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن".

ئەو داوایە لە بەیاننامەی كۆبوونەوەی ئێوارەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هات كە بە سەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەچووە، بەیاننامەی كۆبوونەوەكە دەڵێت "پاراستنی ئەو یەكڕیزییەی كە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە هاتە ئاراوە بە گرنگ زانی و پێداگیری لەسەر پاراستنی دەكات".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق جگە لە پارتی، بایكۆتی كۆبوونەوەكەی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمیان كرد، بە یەكێتی‌و گۆڕانیشەوە كە دوو حیزبی پێكهێنەری حكومەتی هەرێمن هاوشانی پارتی.

"ئەم جۆرە كۆبونەوانە زیاتر شكڵین و هیچ كاریگەریی ئەرێنیی نییە لەسەر بڕیارەكانی هەرێم. بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە شەفافییەتی مەلەفی نەوت و بودجە و جێبەجێ كردنی ڕێكەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا" ئەمە وتەی یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

یوسف محەمەد لە تویتێكدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی سبەینێ، وەك ئاماژەیەك بە هۆكارێكی دیكەی بەشداریی نەكردنەكەیان دەڵێت "لە هەمان كاتدا دەسەڵات سەرباری دابین نەكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییانی هەرێم، بەردەوامە لە رفاندن و دەستگیر كردنی نایاسایی چالاكانی مەدەنی و رۆژنامەنوسان".

كۆبوونەوەی بڕیارلێدراوی سەرۆکایەتییەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغداد بۆ یەكخستنی هەڵوێستی گشتگیری هەرێمی كوردستانە لەبارەی پەسەندكردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق كە تێیدا ناردنی بەشە مووچەی مانگانەی هەرێم مەرجدار كرا، ئەوەش نیگەرانیی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە.