نێچیرڤان بارزانی: هیچ كێشەیەكمان لەسەر ڕادەستكردنی نەوت بە بەغداد نییەو نەبووە

15-11-2020 04:17
نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتییەكان. وێنە؛ نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم

پەرەگراف

كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كۆتایی هات، سەرۆكی هەرێم جارێكی دیكە نیگەرانیی قووڵی هەرێمی پیشاندا لە تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بەبێ ڕەچاوكردنی خواستی كورد‌و ئەو كارەی بە "گەورەترین شكست" بۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق لەقەڵەم دا، تەئكیدی كردەوە هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەستی بەغداد بكات.

نێچیرڤان بارزانی دوای كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "هەرێم هیچ كێشەیەكی لەسەر ڕادەستكردنی نەوت بۆ بەغداد نییەو پێشتریش نەیبووە، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە نووسین بۆ بەغدادی ناردووە كە ئێمە ئامادەین نەوت ڕادەست بكەین، لەگەڵ عێراق ڕێككەوتن هەبووە كە ئەو شایستە داراییە بە هەرێم دەدەن تا كۆتایی ئەمساڵ‌و ئەوكات ڕێككەوتنی نوێ دەكرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، بەغداد خۆی بە هەرێمی وتووە نەوتەكەتان خۆتان هەناردەی بكەن، ئێمە لەم قۆناغەدا دەستوەردان ناكەین، وتیشی "ئەگەر عێراق ئامادەیە مانگانە 900 ملیار دینارمان بداتێ، فەرموون هەموو نەوتەكە ببەن".

سەرۆكی هەرێم یاسای قەرزی بە "دژی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان" ناوبرد، داوای لە هێزە عێراقییەكان كرد كە ئەگەر خەمی پێكەوەژیان‌و ئاشتی‌و تەباییان هەیە هەڵوەستە لەسەر ئەم بابەتە بكەن، وتی "بڕیارمان ئەوەیە وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بكات‌و بە گفتوگۆ ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن".

لایەنە شیعەو سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق، بەبێ خواستی كورد یاسای قەرزیان تێپەڕاند‌و ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی مووچەی مانگانەی ھەرێم بەربەستی یاسایی بۆ دروستكرا.

فراكسیۆنە كوردییەكان ھەوڵیاندا كۆبوونەوەكەی پەرلەمان نەكرێت و پەكبخرێت تاوەكو داواكارییەكانیان لە پڕۆژەكەدا جێ دەكرێتەوە كە تایبەت بوو بە پاراستنی ناردنی مووچەی ھەرێم لە بەغداوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

بەپێی یاساكە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی ھەرێم(٣٢٠ ملیارەكە) مەرجدار كرا بە؛ ڕادەستكردنی ھەناردەی نەوت بە بەغدادو بەو بڕەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاریی دەكات بۆ ھەناردەكردن لەگەڵ ڕادەستكردنی داھاتە نانەوتییەكان بە بەغداد، بە پێچەوانەوە لەكاتی پابەند نەبوونی ھەرێم پارەی مانگانەی مووچەی بۆ نانێردرێت و بەرپرسیارێتی شكاندنی ئەو ماددە یاساییەی دەكەوێتە ئەستۆ.

ئەوە لەكاتێكدایە ھەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو مانگانە چاوی لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەیە لەلایەن بەغداوە بۆ دابەشكردنی مووچە.