سەرۆكایەتییەكانی عێراق تەئكید لە هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن بە چاودێریی نێودەوڵەتی

16-11-2020 07:05
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتییەكانی عێراق‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو.

پەرەگراف

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبوونەوە، هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوویان تاوتوێ كردو تەئكید دەكەنەوە لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەكی پاك لەگەڵ گێڕانەوەی متمانە تا خەڵك بەشداریی هەڵبژاردنەكە بكەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئەمڕۆ لە كۆشكی بەغداد بەڕێوەچووەو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئامادەی بووە، گفتوگۆكراوە لەبارەی وردەكاریی گرنگ سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، "دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بەڕێكوپێكی لەلایەن كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی جێبەجێكردنی پڕۆسەكە و چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی كە ‌دێنەڕێی".

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا جەختكراوەتەوە لە گرنگی زیادكردنی ڕێژەی تۆماری بایۆمەتری و دانانی پێودانگێك كە یارمەتیدەر بێت لە پڕۆسەی تۆماركردن بە مەبەستی پشتبەستنی تەواو بە كارتی بایۆمەتری تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە گوێرەی یاسا بۆ زامنكردنی دەنگدانی ئاوارەو ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن.

ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار باسلەوەش دەكات، جەختكراوەتەوە لە پێویستی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەیەك لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەكان بۆ پشكنین و چاودێری بەرنامەكانی هەڵبژاردن بە ڕاوێژ لەگەڵ تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان، هەروەها تەئكید لە گرنگی هەماهەنگی و پشتیوانیكردن لە تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان كرایەوە لەگەڵ كۆمسیۆن و زامنكردنی چاودێری كارا تا زامنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكات بە گوێرەی پێودانگە نێودەوڵەتییەكان.

"بەڕێوەبردنی هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی نیشتیمانیش كە یارمەتیدەر بێت بۆ گێڕانەوەی متمانەی دەنگدەر بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان و پابەندبوونیان بە بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا" سەرۆكایەتی كۆمار وادەڵێت.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق شەشی حوزەیرانی ساڵی 2021ی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

هەڵبژاردنەكە بەپێی یاسایەكی نوێ بەڕێوەدەچێت، بەپێی یاساكە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كەسێك كە تەمەنی لە 25 ساڵ كەمتر نەبێت و مەرجە دەستورییەكانی تێدابێت و دانیشتو و دەنگدەری بازنەی هەڵبژاردنەكەی بێت، دەتوانێت خۆی كاندید بكات.

لەم هەڵبژاردنەدا هاوڵاتی دەنگ بە لیست نادات بەڵكو ڕاستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەو بازنەی هەڵبژاردنەی مافی دەنگدانی تێدا هەیە.

یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق؛ كێ‌ براوە دەبێت خەڵك یان حزبەكان؟