باوكی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كوژرا

27-11-2020 08:02
موحسین فەخری زادە - شوێنی ڕووداوەكە

پەرەگراف

موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمیی ئێران كە بە باوكی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە ناو دەبرا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باكوری تاران دەستڕێژی گوللەی لێكراو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل ڕادەكێشێت‌و ڕووداوەكە بە "تیرۆریستی‌و ترسنۆكانە" ناودەبات.

فەخری زادە لە ناودارترین زانا ئێرانییەكانەو بەڕێوەبەری یەكەمی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەیە، یەكێكە لەو ئێنج ئێرانییەی ناویان لە لیستی 500 بەهێزترین كەسایەتییەكانی جیهانە بەپێی گۆڤاری فۆربس-ی ئەمریكی.

ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێران چاوی ئیسرائیلی لەسەر بووەو وەك میدیاكانی ئەو وڵاتە دەڵێن، پێشتر ئیسرائیل جارێك هەوڵی كوشتنی داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، تاكە زانای ئەتۆمیی ئێرانە كە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ناوی هێناوەو وتویەتی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ بواری سەربازیی موحسین فەخری زادە بەڕێوەی دەبات، ناتانیاهۆ وتویەتی "ئەو ناوەتان لەبیر بێت".

فەخری زادە چۆن كوژرا؟

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناوچەی دەماوەندی شاری تاران، چەند چەكدارێك ھێرشیان كردۆتەسەر ئۆتۆمبێلەكەی فەخری زادە و پێكدادان لەنێوان پاسەوانەكانی و چەكدارەكاندا دروستبووە، سەرئەنجام ئەو زانایە و چەند كەسێكی دیكە لە پاسەوان و ھێرشبەرەكان كوژراون.

چەند میدیایەكی ئێرانی باسیان لەوە كردووە، پێش تەقەكان دەنگی تەقینەوەیەك لە ناوچەكە بیستراوە دواتر پێكدادان دروست بووە.

دوای ڕووداوەكە ھێزە ئەمنییەكان گەمارۆی ناوچەی دەماوەندیان داوە و دەروازەكانی چونە ژوورەوەیان داخستووەو لێكۆڵینەوەی چڕ دەستی پێكردووە.

لە یەكەم كاردانەوەدا سەركردەیەكی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران، بە تویتێك ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات و دەڵێت "تۆڵەی خوێنی زانا ئەتۆمییەكەمان دەكەینەوە وەكو پێشتر كردومانە".

حسێن دەھقانی ڕاوێژكاری سەربازی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، لە تویتەر نووسیویەتی "وەكو بروسكە لە بكوژانی ئەم شەھیدەمان دەدەین‌و وایان لێدەكەین لەم كارەیان پەشیمان ببنەوە".

هاوكات محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا دەڵێت، ئەو تیرۆریستانەی ئەمڕۆ ئەو زانا ئێرانییەیان تیرۆر كرد دەزانن ئەمە كارێكی ترسنۆكانەیە.

زەریف دەشڵێت "بەڵگەی ڕوون هەیە كە ئیسرائیل تێوەگلاوە لەو كردەوە تیرۆریستییە".

زانیاریی لەسەر فەخری زادە زۆر كەمە، میدیاكانی ئێران چەند ساڵێك لەمەوبەر وەك زانایەك كە لە وەزارەتی بەرگریی ئێران كاردەكات ناویان هێناوەو وەك سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی فیزیاش ناوی هاتووە.

زانا ڕۆژئاواییەكان لە باسی فەخری زادەدا ئاماژەیان بەوە كردووە، كەسێكی سەربازیی شاراوە بووە، لە ڕێوشوێنێكی ئەمنیی توونددا ژیاوەو چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانی بەدەست بووە، شیكەرەوە ڕۆژئاواییەكانیش باسلەوە دەكەن، فەخری زادە ئەندازیارێكی پرۆگرامی ئەتۆمییەو سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی پەیوەندیدار بە چەك‌و پێشخستنی مووشەكی كردووە.