ھێزێکی تایبەت پێکدەھێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان

07-01-2021 03:43
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران.

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن بۆ ڕێگەگرتن لە هەرپێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لەدەروازەکان بە بێ جیاوازی.

ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ھاتووە کە مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کردووە، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە؛ ئەو ھێزە ھاوبەشە، دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیو كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەکان بەبێ جیاوازی.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/1/7 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران،کۆبوونەوەی هەفتانەی سازدا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە کەمال ئەتروشی وەزیری نوێیسامانە سروشتییەکان کرد بە بۆنەی متمانە وەرگرتنی لە پەرلەمانی کوردستان و دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکەکانیدا.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی، هێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆساڵی2021 و پێشبینی و پێشنیارەکانی وەزارەتەکان، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنیکورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2021.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانیڕەشنووسی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.

دواتر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتی وەزارەتەکەی پێشکەش کرد دەربارەی بودجەی وەبەرھێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لەچوارچێوەی پڕۆژە بودجەی ھەرێم بۆ ساڵی 2021.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران خشتەیەکی زەمەنی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەممەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی ڕەشنووسی یەکەمی بودجە.

ھەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکخستنەوەی داھات لەپڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕیکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا، بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کە هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن، بۆڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ھێزە ھاوبەشە، دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا وڕێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری ناقانونی لەسەرجەم دەروازەکان بە بێ جیاوازی. سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە پێشتر دراون بۆ ڕێکخستنەوەیگرێبەستی خزمەتگوزاریی دەروازە سنووریەکان، بە ڕەچاوکردنی داھات و بەرژەوەندی گشتی.