ئەو فەرمانبەرانەی زیاتر لە مووچەیەكیان هەبووە پارەی مووچە زیادەكانیان لێ دەسەندرێتەوە

10-01-2021 05:16

پەرەگراف

لە بڕیارێكی نوێی چاكسازیی حكومەتی هەرێمدا، ٤٠٧ ملیۆن دینار لە مووچەی مانگانەی ٤٩٢ فەرمانبەر بڕدرا و ٨٧ ملیۆن دینار مانگانە لە مووچەی خانەنشینی ١٠٣ دادوەر كەمكرایەوە، ئەمە بەوتەی هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان.

هێڤیدار لە فەیسبوك نووسیویەتی، هەر فەرمانبەرێك زیاتر لە یەك مووچەی هەبێت، ئەوا دوای ئەوەی مووچە زیادەكانی دەبڕدرێت‌و یەك مووچەی دەمێنێتەوە، مانگانە لەسەدا 20 تا 49 لەو مووچەیەی دەبڕدرێت لەجیاتی ئەو مووچە زیادانەی لە ڕابردوودا وەریگرتووە.

"واتە ئەوەی ئەوەندە ساڵە وەریگرتووە لێی دەسەنرێتەوە. چاوەڕێبن بڕیاری زیاتر لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی" هێڤیدار وادەڵێت.

ئەو بڕیارە نوێیە لە كاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم مووچەی ١٠ ھەزارو ٦٠٩ مووچەخۆری ڕاگرت كە لە سیستمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمار كراون و بە نایاسایی مووچەیان ھەبووە.

ئەوانەی مووچەكانیان ڕاگیراوە، 791 كەسیان لە دوو شوێن فەرمانبەربوون، 3 هەزارو 909 فەرمانبەریان بەردەوامن لە كاركردن‌و لە هەمانكاتدا مووچەی خانەنشینیش وەردەگرن، 5 هەزارو 909 كەسیش دووجار خانەنشین كراون.

هەر ئەوكات، هێڤیدار ئەحمەد ڕایگەیاند: چاوەڕێ بن 36 ھەزار كەسی دیكە بەڕێوەن كە سەرووی دوو مووچەیان ھەیە‌و دەبڕدرێت.

دوای ڕاگرتنی مووچەی ئەو كەسانە لەلایەن وەزارەتی دارایی، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیش ڕایگەیاند، مینحەی 13 هەزار و 282 كەسیان بڕیوە كە مەرجی یاساییان تێدا نەبووە، بڕیارەكە لە 1-1-2021 چووەتە بواری جێبەجێ كردن.