بەرهەم ساڵح‌و هاوپەیمانی هیوای كوردستانی كۆبوونەوە

12-01-2021 03:34

پەرەگراف

بەرهەم ساڵح‌و هاوپەیمانی هیوای كوردستانی ئەمڕۆ لە شاری بەغدا كۆبوونەوەو كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداو پرسی بودجەو مووچەیان تاوتوێ كرد.

ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی هاوپەیمانییەكەیە لە دوای ئەوەی دوێنێ دامەزراندنی ڕاگەیەندرا، هاوپەیمانییەكە پێكدێت لە پەرلەمانتارانی كوردی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی لە بەغداد كە پێَشتر بە گروپی 15 ناسرابوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بەگرنگییەوە باس لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كراوە "جەختكرایەوە لە رەخساندنی كەشێكی گونجاو و لەبار و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردەنەكان دوور لە ساختەكاری و فرتوفێڵ و گوشار".

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا تەئكید كراوەتەوە لە پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و كۆتایی هێنان بەم دۆخە نالەبارە، ھاوكات جەختكراوەتەوە لەوەی گرنگە بودجەی گشتی ساڵی 2021 زامنی مافەكانی تەواوی خەڵك بكات بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانیشەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرهەم ساڵح دووپاتی كردووەتەوە لە پێویستی درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەر و جددی و ھێنانەكایەوەی خواستی هاوبەش بۆ ھێنانەدی بەرژوەندی خەڵك لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر لەبارەی دۆسێی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەك مافێكی دەستووری رەوا، لەسەر بنەمای پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و جیاكردنەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان لە ململانێ سیاسییەكان.