تابلۆیەكی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان بە وتەی ئۆجەلانەوە لە نەرویج؛ توركیا توڕە دەكات

17-01-2021 07:27
ئەو تابلۆیەی توركیای توڕە كردووە.

پەرەگراف

تابلۆیەكی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان كە وتەیەكی عەبدوڵا ئۆجەلانی لەسەر نووسراوەو لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج هەڵواسراوە، حكومەتی توركیای توڕە كردووەو بە فەرمیی داوای لابردنی دەكات، بەڵام نەرویج ئەو داوایە ڕەتدەكاتەوە.

تابلۆكە لەلایەن هونەرمەندێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە كێشراوەو لە شوێنێكی گشتیی شاری ئۆسلۆ هەڵواسراوە، ئەوەش بەشێكە لە چالاكییەكی هونەریی كە شاروانی ئۆسلۆ پاڵپشتیی دەكات.

"هەتا ژن ئازاد نەبێ، كۆمەڵگاش ئازاد نابێ" ئەم وتەیەی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لەسەر تابلۆكە نووسراوە، ئەوەش حكومەتی ئەنقەرەو كۆمەڵەو گروپە توركەكانی لە نەرویج زیاتر توڕە كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا داوای لە نەرویج كرد دەستبەجێ ئەو تابلۆیە لاببرێت‌و وەك "پڕوپاگەندە بۆ تیرۆر" وەسفی كرد، بەوپێیەی توركیا پەكەكەو شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای كوردستان بە "تیرۆریست لە قەڵەم دەدات"، بەڵام نەرویج وەك پشتیوانیكردن لە ئازادی ڕادەربڕین بەرگریی لەو كارە هونەرییە دەكات‌و داواكەی توركیای ڕەتكردەوە.

لە وەڵامی داواكەی توركیادا، ئیڤۆر ئیڤنرود، سەرۆكی ئەنجومەنی شاری ئۆسلۆ بۆ كاروباری ڕۆشنبیری ڕایگەیاند، ئەو تابلۆیە لانابرێت، لە تویتێكدا وتی "سڵاو توركیا! لە نەرویج ئێمە باوەڕمان بە ئازادی ڕادەربڕین و دیموكراسی هەیە. سیاسەتمەداران ناتوانن‌و ئەوە ناكەن كە تابلۆیەك بگۆڕن‌و لاببەن. سەیركەو فێربە".

بەدەر لە حكومەتی ئەنقەرە، كۆمەڵەو ڕێكخراوە توركییەكان لە نەرویج هەڵمەتێكی فراوانیان دژی ئەو كارە هونەرییە دەستپێكردووەو داوای لابردنی دەكەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە هەوڵەكانیاندا. شارەوانی ئۆسلۆ زیاتر لە 80 سكاڵاو داواكاری‌و زیاتر لە 300 واژۆی بۆ لابردنی تابلۆكە بەدەست گەیشتووە.

لە بەرامبەردا ژمارەیەك هونەرمەندو ڕێكخراوی نەرویجیی پشتیوانییان بۆ تابلۆكە دەربڕیوە.

هونەرمەند گەلاوێژ وەلەدخانی، كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەو لە نەرویج نیشتەجێیەو تابلۆكە ئەو كێشاویەتی، باسلەوە دەكات، هیچ سكاڵایەكی كەسیی لەسەر تۆمار نەكراوە لەسەر ئەوكارە هونەرییەی، ساڵانێكی زۆرە وێنەی ئەو ژنانە دەكێشێت كە وەك سیمبولی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێكۆشاون، "ئەم كارەشم لە ئۆسلۆ لەو چوارچێوەیەدا نەخشاندووە".

گەلاوێژ دەڵێت: قسەكردن لە سەر شۆڕشی ڕۆژاڤا بەبێ ناوبردنی ئۆجەلان وەك ئەوە وایە باسی تێكۆشان دژی نەژادپەرستی لە باشووری ئەفریقا بكەیت بەبێ ئەوەی ناوی نێلسۆن ماندێلا بهێنیت.

"چونكە خەباتی ئەو ژنۆلۆژی لەخۆ دەگرێت، فەلسەفەیەك و بزاڤێكە كە ئامانجی پێكهێنانی دیموكراسی، سۆسیالیزم و ژینگەپارێزی و فێمینیزمە لە سەر ئەساسی دروشمەكانی "ژن ژیان ئازادی" و "هەتا ژن ئازاد نەبێت كۆمەڵگا ئازاد نابێت" گەلاوێژ وادەڵێت‌.