شەماڵ عەبدولوەفا و عەدنان عوسمان دەستیان لە خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كێشایەوە

17-01-2021 11:22
شەماڵ عەبدولوەفا و عەدنان عوسمان

پەرەگراف

شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان "دەستی لە ئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندن كێشاوەتەوە"، بە وتەی سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "كاك شەماڵ دەست لەكار كێشانەوەی ئاڕاستەی خانەی ڕاپەڕاندن كردووە، ئەمڕۆش كۆبوونەوەی خانەبووەو بەشداریی نەكردووە".

شەماڵ عەبدولوەفا، سكرتێری كاروباری باژێڕەکان بوو كە یەكێكە لە حەوت پۆستە پێكهێنەرەكەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، ئەو مانگی 4ی ساڵی ڕابردوو بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە چووەوە ماڵەوەو دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام بە مەرجی جێبەجێ كردنی پڕۆژەیەك گەڕایەوە ناو بزووتنەوەكە.

خانەی ڕاپەڕاندن باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە لەناو گۆڕان، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە سەرپەرشتی دەكات.

هەر ئەمڕۆش عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كە ھاوكات ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەكە بوو، دەستی لەكار كێشایەوە.

عەدنان عوسمان لە تویتێكدا دەڵێت "ئاڕاستەو ئیدارەدانی بزوتنەوەكە گەیشتۆتە دۆخێك نە ئەتوانم تیایدا بەشدار بم و نە توانای بەرگری لێكردنیم هەیە. هەر بۆیە بەناچاری و دڵێكی پڕ حەسرەتەوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆم لەئەندامێتی خانەو وتەبێژی بزوتنەوەكە رائەگەیەنم. بە هیوای سەركەوتن بۆ هاوڕێیانم".

سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، ئەوەش دەخاتەڕوو: پێشتر لە ۱٤/۹/۲٠۲٠ دوای ساڵێك لەكاركردنی لە خانەی ڕاپەڕاندن، دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی خانەكردووەو لە ۱/۱٠/۲٠۲٠ پێشكەشی جڤاتی نیشتیمانی كردووە. "بەڵام بەهۆی فشاری دڵسۆزان و هاوڕێیان و بەڵێنی هەندێ هەنگاو، ناچاركرام دان بەخۆمدا بگرم. لەئێستادا بۆ ئەوەی چیتر هۆكاری سەرئێشە بۆ خۆم وئەوان نەبم، دوابڕیاری كۆتایی خۆم دا".