بە ڤیدیۆ؛ گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان كارە خێرخوازییەكانی لە 2020دا بڵاودەكاتەوە

18-01-2021 12:21
فاخر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان

پەرەگراف

گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان بە ڤیدیۆ ئاماری هاوكارییەكانی لە ساڵی 2020دا بڵاوكردەوە، كۆمپانیاكە لەو ساڵەدا هاوكاریی بەخشیوەتە 26 هەزارو 134 خێزانی كەمدەرامەت، هەروەها بەشداریی كردووە لە دابینكردنی پێداویستی بۆ بەشێك لەو دامەزراوانەی خزمەتگوزاری گشتی پێشكەشی هاوڵاتیان دەكەن.

فاخر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان، دەڵێت، كاری خێرخوازیی بەشێكی گرنگە لە كۆمپانیاكەیان‌و بەردەوام دەبن لە هاوكارییەكانیان‌و بەشداریكردن لە كەمكردنەوەی كێشەكانی خەڵكدا.

شێخ فاخر باسلە گرنگیی كاری خێرخوازی‌و چاكەخوازی دەكات لە ڕووی مرۆڤایەتی‌و ئاینیی، دەشڵێت "لە ڕوانگەی هەردوو لایەنەكەوە باوەڕمانوایە كە دەبێت وا سەیری كۆمەڵگە بكەین، كەموكورتی براو خوشكەكانت بەهی خۆت بزانیت‌و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە بە دەستەجەمعی‌و كاری پێكەوەیی، ئەرك‌و قورسییەكانی سەرشانی ئەوانی دیكە كەم دەكاتەوە".

هاوكات هەریەكە لە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‌و بەرپرسانی ناوچە جیاوازەكان‌و چەند ڕێكخراو ‌و كەسایەتیی ناوچەكان باسلە كارە خێرخوازییەكانی قەیوان گروپ دەكەن.

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، كۆمپانیای قەیوانی پشتیوانێكی سەرەكی حكومەتی خۆجێییە لە پارێزگای سلێمانی‌و لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی پشتیوانێكی گەورەبێت لەم قەیرانە دارایی‌و نەهامەتییەی بەسەر وڵاتەكەماندا هاتووە كە بتوانێت بەشێك لە نەهامەتییەكانی خەڵك كەم بكاتەوەو هەلی كار بڕەخسێنێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، سوپاسی كۆمپانیای قەیوان دەكات كە لەسەرەتاوە بەشدارییان كردووە لە هەڵمەتی سەوزكردنی چیای گۆیژە كە لە قۆناغی یەكەمدا كۆمپانیاكە 200 دۆنم سەوز دەكات‌و بۆ ماوەی 3 ساڵ پەروەردەی دەكات، پاشان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەكاتەوە.

ڤیدیۆی كارە خێرخوازییەكانی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان لە 2020دا