هاوپەیمانی هیوا بۆ حكومەتی هەرێم: نەوت ڕادەست بكەن‌و لێدوانی نابەرپرسانە مەدەن

19-01-2021 01:14
ناردنی مووچەو بودجە لە بەغداوە پەیوەستە بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم.

پەرەگراف

هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق كە 15 پەرلەمانتاری فراكسیۆنە كوردییەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتین، لە ڕاگەیەندراوێكدا داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات نەوت ڕادەستی عێراق بكات بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا.

نوێنەرانی هاوپەیمانییەكە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: داواكارین حكومەتی هەرێم خۆی لە لێدوان و رونكردنەوەی نابەرپرسیارانە بەدور بگرێ وەك دوا رونكردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، كە كۆمەك بە گفتوگۆكانی ناو لیژنەی دارایی و كۆی گفتوگۆكانی رێكەوتنی نێوان هەردو حكومەت ناكا و پێویستە كابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵە و كوشندەی نەوت وەك رابردوو بەردەوام نەبێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دوێنێ لەسەر چەند پرسێك وەڵامی وەزیری نەوتی عێراقی دایەوەو ڕایگەیاند، داوای ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەكی نادەستوورییە، بەڵام ئامادەن داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ بكەن لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكات.

بەرلەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەو هەڵوێستەی ڕابگەیەنێت، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا داوای لە حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێم كرد پابەندی ڕێككەوتنەكانی نێوانیان بن لەبارەی نەوت‌و بودجە، وتی: حكومەتی هەرێم وەك دەستپێشخەرییەك بۆ بنیاتنانی متمانە، ئەو بڕە نەوتەی لە پڕۆژەی یاسای بودجەدا هاتووەو بۆی دیاریكراوە ڕادەستی بكات، ئەوەش لە پێناو دەستەبەركردنی مووچەی هەرێم بۆ ئەم مانگەو مانگەكانی دواتر.

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆی نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

وەك نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەركی نوینەرایەتی سەرشانمان بەرامبەر خەڵكی كوردستان و موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی تری شیوەی جوتیاران و پێشمەرگە و، لە سۆنگەی هەستكردن و ئاگاداربون لە هەستیاری گفتوگۆكانی ناو ناوەندی سیاسی عێراق بە گشتی و لیژنەی دارایی بە تایبەتی، بە پێویستی دەزانین دوبارە تەئكید لە پێشنیارێكی پێشومان بكەینەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بریتییە لە رادەستكردنیی نەوت بە سۆمۆ بە گوێرەی ئەو رێكەوتنەی كە حكومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاند لەگەڵ حكومەتی عێراق كردویانە.

دوا بەدوای ئاشكرابونی داتاكانی ناو راپۆرتیی (دیلۆیت) ئێستا لەهەمو كات زیاتر لای خەڵكی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە كە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەكرێت و پڕە لە كێشەی بونیادی كە بونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستا و لە ئایندەشدا دەبێتە كێشەی گەورەتر و ئاڵۆسكاوتر بۆ هەرێم و خەڵكەكەی، بۆیە پێویستە بە خێرایی ئەو مەلەفە بە ریشەیی چارەسەر بكرێ و، حكومەتی هەرێم بەخیرایی لەگەڵ سۆمۆ بكەوێتە گفتوگۆ لە پێناو رادەستكردنی نەوت و نیشاندانی نیەتپاكیی سەرەتایی بۆ پابەندبون.

ئێمە وەك نوێنەرانیی هاوپەیمانی هیوا رایدەگەیەنین، كە ئەگەر حكومەتی هەرێم هەنگاوێكی لەو شیوەیە بنێت، ئەوا پشتیوانیەكی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و گفتوگۆكانی ناو پەرلەمانیش بۆ تێپەراندنی موازەنەی ۲٠۲۱ بەدەست دەهێنێت، جیا لەوەی رێدەگرێ لە بەرزبونەوەی ئەو گوتارە شەعبەویەی كە بە هۆی رێكنەكەوتنی نێوان هەردو حكومەت لە بەغدا و هەولێر كەسانێك هانی گوتاری ڕق و ناكۆكی دەدەن.

ئێمە داواكارین حكومەتی هەرێم خۆی لە لێدوان و رونكردنەوەی نابەرپرسیارانە بەدور بگرێ وەك دوا رونكردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، كە كۆمەك بە گفتوگۆكانی ناو لیژنەی دارایی و كۆی گفتوگۆكانی رێكەوتنی نێوان هەردو حكومەت ناكا و پێویستە كابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵە و كوشندەی نەوت وەك رابردوو بەردەوام نەبێت و بە خێرایی پێداچونەوە بكات بە مەلەفیی نەوتدا بە شێوەیەك نەوت و داهاتەكەی نەبێتە هۆكاری بێموچەیی خەڵك بەڵكو ببێتە سەرچاوەی موچە و ژیان و بژێوی و خۆشگوزەرانیی بۆ هاونیشتیمانیانمان.

ئەحمەد حاجی رەشید
جەمال كۆچەر
هۆشیار عەبدوڵا
بەغدا
۱۹ی جانیوەری ۲٠۲۱