وەزیری بەرگریی توركیا دەربارەی پەكەكە دەڵێت: ئیرادەی حكومەتی هەرێم زۆر پڕماناو سەنگینە

20-01-2021 09:03
وەزیری بەرگری توركیا لە كاتی سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆن دژی پەكەكە لە ناوەڕاستی مانگی 6ی 2020.

پەرەگراف

وەزیری بەرگریی توركیا تەئكید لە بەردەوامیی ڕوبەڕوبوونەوەی پەكەكە دەكاتەوە‌و ئیرادەی حكومەتی هەرێم بە "زۆر پڕماناو سەنگین" لەقەڵەم دەدات‌و دەڵێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا كاریگەریی ئەرێنی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەغداو هەولێر بەشێوەیەكی كرداریی دەردەكەون.

ئەو وتانەی خولوسی ئاكار دوای كۆتایی هاتنی گەشتەكەی بوو كە تێیدا بەرپرسانی باڵای لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بینی‌و لە ماوەی 36 كاتژمێردا 8 كۆبوونەوەی باڵای ئەنجامدا، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكانی وەزیری بەرگری توركیا ڕوبەڕوبوونەوەی پەكەكە بووە كە ئەو بە "تیرۆریست" ناویان دەبات.

"بە دانانی میكانیزمی گونجاو ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا هاریكاری توركیا-عێراق و توركیا-هەولێر ببێتە هۆی كۆمەڵێك پێشهاتی زۆر گرنگ لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" وەزیری بەرگری توركیا وادەڵێت، بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی.

خولوسی ئاكار دەشڵێت "بیروڕامان ئاڵوگۆڕكرد لەبارەی بابەتەكانی نێوان توركیا و عێراق بەتایبەتی بابەتە ئەمنییەكان و بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی پەكەكە. خۆشحاڵبووین بەوەی لە كۆتایی كۆبوونەوەكاندا بۆچوون و هەڵوێستەكانمان لەیەكتری زۆر نزیك بوون. لە زۆر بابەتدا هاوڕابووین. لەو بابەتانەشدا لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر كارەكانمان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست هەم لەڕووی ئاسیشی عێراق، هەمیش ئاسایشی توركیا''.

وەزیری بەرگری توركیا ئەوەش دەخاتەڕوو، بەلای ئەوانەوە ئاسایشی سنوریی وڵاتەكەیان‌و عێراق گرنگە، "جارێكی دیكە باسمان لەو پێداگرییە كردەوە. بە چڕوپڕی بە موخاتەبەكانمان راگەیاند لەبارەی ئەنجامدانی چالاكی پێویست دژ بە پەكەكە و هاوكارانیان. كارەكانمان بە بێ پچڕان لەو بارەیەوە بەردەوامە. لە ئێستادا گوشاری زۆر جددیمان كردووەتە سەر پەكەكەو چاودێری هەنگاو بە هانگاویان دەكەین‌و تا لەچالاكی خستنی دوایین تیرۆریست بەردەوامدەبین لەسەر خەباتەكەمان. دووبارە و دووبارە باسمان لەوە كرد كە پێداگرین لەسەر ئەوەی كە ئیدی وڵاتەكەمان و گەلە ئازیزەكەمان لەو بەڵایە رزگار بكەین''.

دەربارەی هەڵوێستی لایەنی عێراقیی، خولوسی ئاكار دەڵێت "ئەوەمان بینی كە ئەوانیش بیركردنەوەیەكی هاوشێوەی ئێمەیان هەیە. دەربارەی پلانەكانمان بۆ رۆژانی ئایندە دواین. ئێمە بەردەوام دەبین لە كارەكانمان و كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ شاندەكانی لایەنی بەرامبەر. لە ئایندەیەكی نزیكیشدا كاریگەری ئەرێنی ئەم كۆبوونەوانە بەشێوەیەكی كرداری دەردەكەون".

ئایا مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە لەو وتەیەی كە لە ئایندەیەكی نزیكدا كاریگەریی كۆبوونەوەكانیان بەشێوەیەكی كرداری دەردەكەون؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وەزیری بەرگری توركیا وتی "لە سەرەتاوە تا ئێستا لەبری قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە، ئاڵوگۆڕی زانیاری دەكەین و لە بواری گۆڕینەوەی زانیارییدا میكانیزمی گونجاو دروستدەكەین. لایەنی بەرامبەریش لەم بارەیەوە ئیرادەی خۆیان خستەڕوو. بەتایبەت دەمەوێت تیشك بخەمەسەر ئەوەی كە ئیرادەی حكومەتی هەرێم دەربارەی ئەم پرسە زۆر پڕمانا و سەنگینە".

ئەو وتانەی خولوسی ئاكار لەكاتێكدایە لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی دوێنێیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی كە حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، باس لە پرسی پەكەكە نەكراوەو تەنها هاتووە، جەخت لە هەماهەنگیی كراوەتەوە بۆ سەقامگیركردنی ئاشتی‌و ئاسایشی ناوچەكە.

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج بۆ لێدانی پەكەكە، هاوكات توركیا لە شەنگال‌و كەمپی مەخموریش بۆردومانی ئاسمانیی ئەنجام دەدات بە پاساوی هێرش بۆسەر گەریلای پەكەكە.

هاوكات توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم، ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو هەزاران سەرباز دەبن‌و زۆرینەیان لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.