پارتی توڕە دەكات؛ ئێران فیلمێكی دیكەی لەسەر هاوكاریی قاسم سلێمانی بۆ بارزانی بڵاوكردەوە

23-01-2021 09:04
مەسعود بارزانی - كارەكتەری بارزانی لە فیلمەكەدا

پەرەگراف

فیلمێكی دیكۆدرامیی ئێران كە باسلە بەدەمەوەچوونی قاسم سلێمانی دەكات بۆ داوایەكی مەسعود بارزانی دەربارەی پاراستنی هەولێر لە هێرشی داعش، پارتی توڕە دەكات‌و لە چەند ئاستێكدا وەڵام دەدرێتەوە، لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا ئەوە دووەم فیلمی ئێرانییەكانە لەسەر ئەو بابەتە.

لە فیلمەكەدا كارەكتەری بارزانی لەلایەك وەك كەسایەتییەكی لاواز پیشاندراوەو لەلایەكی دیكە باسلە "پەیوەندیی نێوان بارزانی‌و ئەبوبەكر بەغدادی" دەكات.

فیلمەكە میدیاكانی ئێران بەناوی "فیلمی بەڵگەنامەیی" بڵاویان كردووەتەوە، لە فیلمەكەدا كارەكتەری بارزانی وەك كەسایەتییەكی شڵەژاوی لاواز پیشاندەدرێت، سەرەتای فیلمەكە بەوە دەستپێدەكات كە بارزانی هەواڵی خێزانەكەی دەپرسێت‌و وا پیشاندەدرێت كە "لە ترسا بە فڕۆكە نێردراونەتە دەرەوە"و كەسێك لە نزیكەكانی بارزانی پێی دەڵێت، ئەوان بە سەلامەتیی گەیشتوونەتە شوێنەكەیان.

ماوەی فیلمەكەی ئێران 9 خولەكەو باس لەو شەوە دەكات كە داعش نزیك هەولێر بووەتەوە لە ساڵی 2014دا، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو كە هیچ دەوڵەتێك ئامادە نەبووە وەڵامی تەلەفۆنی بارزانی بداتەوەو هاوكاریی بكات لە بەرامبەر هێرشی داعش.

لە فیلەمەكەدا كاتێك بارزانی دەیەوێت پەیوەندیی بە ئێرانییەكانەوە بكات، كەسێكی نزیكی پێی دەڵێت "ئەوان پێشتر هۆشدارییان بە ئێمە دابوو دانیشتن لەگەڵ ئەبوبەكر بەغدادی ئەنجامی نییە، ئێمە بەهەندمان وەرنەگرت. ئێستا ئەگەر بمانەوێت ڕوویان لێبنێین دەبینە سەهۆڵی سەر بەرد". ئەم وتەیەی ناو فیلمەكە ئاماژەیە بۆ پەیوەندیی‌و دانیشتنی بارزانی لەگەڵ ئەمیری ڕێكخراوی داعش، پارتی لەمە توڕەیەو بە تووندی ڕەتیدەكاتەوە.

لە فیلەمەكەدا، كاتێك بارزانی پەیوەندیی بە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە دەكات، سلێمانی ئامادەیی پیشاندەدات بۆ هاوكاریی‌و ڕۆژی دواتر لەگەڵ دوو فڕۆكەو "50 سەرباز" دەگاتە هەولێر، كاتێك بارزانی‌و ستافەكەی دەچن بەدەمیانەوە یەكێك لە نزیكەكانی بارزانی دەپرسێت "بەخۆی‌و ئەو چەندە كەسەوە دەیەوێت پێش بە داعش بگرێت؟"، لە وەڵامدا وەك پیشاندانی بێهیوایی لە پاراستنی هەولێر بارزانی بەو كەسە دەڵێت "بڕۆ پێیان بڵێ كەرەستەی دیوەكەی منیش كۆكەنەوە" ئەمەش ئاماژەیە بۆ كۆكردنەوەی كەلوپەل‌و ئامادەكاریی بۆ هەڵهاتن.

سەركردەو پەرلەمانتارانی پارتی لە كاردانەوەی ئەو فیلمەدا، وێنەی بارزانییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردووەتەوەو ستایشی دەكەن‌و دەڵێن، بارزانی‌و پێشمەرگە كوردستانیان پاراستووە نەك "دوژمنانی كورد".

عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە كەناڵی ڕووداو وەڵامێكی تووندی فیلمەكەی دایەوەو بە زادەی خەیاڵی ئێرانییەكانی لە قەڵەمدا، وتی "چیرۆكێكی خەیاڵییەو زادەی خەیاڵی خودی فارسەكانە" وتیشی "ڕاستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهانای ئێمەوە هاتوون، بەڵام ئەوەی لە مەیدانی شەڕدا شەڕەكەی یەكلاكردەوە هێزی پێشمەرگە بوو... ئەوەی ئەفسانەی داعشی شكاند هێزی پێشمەرگە بوو بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی".

هەروەها ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان وێنەیەكی خۆی‌و بارزانی بڵاوكردووەتەوە ئەم پارچە شیعرەی لەسەر نووسیوە " تۆ هەم بیری هەم باوەڕی. هەم سەرۆك و هەم ڕێبەری".

هاوكات هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە كەسێكی نزیكی مەسعود بارزانییە، بەهەمانشێوەی ئومێد خۆشناو بە پارچە شیعرێك بەشداری كردووە لە هەڵمەتی وەڵامدانەوەی فیلمەكەی ئێران.

هێمن هەورامی وێنەیەكی خۆی لەبەردەم تابلۆیەكی مەسعود بارزانیدا بڵاوكردووەتەوەو ئەم شیعرەی هەژار موركیانیی شاعیری لەسەر نووسیوە:

زۆر لە مێژە و بەر لە مێژوون سەر بڵندی و بوون و ژینت
ھەر ھەیت و ھەر چین لە دوای چین مەرگی داگیركەر دەبینی
دووژمنانی كورد زۆر ھاتوونە سەرت و ڕاونراون
تۆ لە مەیدانی خەباتا ھەر چەقیوی، تۆ سەفینی

بڵاوكردنەوەی ئەو فیلمە دوای ئەوەدێت كۆتایی مانگی ڕابردووش، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی، ڕاگەیاندنی ئێران فیلمێكی ئەنیمەیشنی لەسەر هەمان پرس بڵاوكردەوەو باسی لە بەشداریی‌و هاوكاریی قاسم سلێمانی لە پاراستنی هەولێر لە دەست تیرۆریستانی داعش كرد.

ئەنیمەیشنەكە 18 خولەك بوو، بە هەمانشێوە پەیوەندی تەلەفۆنیی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستانی بە قاسم سلێمانییەوە باسدەكرد دوای ئەوەی وڵاتانی دیكە ئامادەی هاوكاریی نەبوون.

"تا ئەوەی كاك مەسعود پەیوەندیی بە ئێرانەوە كرد، كاك مەسعود لەگەڵ حاجی قاسم قسەی كرد. حاجی قاسم وتی: بەیانی زوو لەوێم. كاك مەسعود وتی: حاجی قاسم سبەینێ درەنگە. داعش گەیشتووەتە دەروازەكانی هەولێر. حاجی قاسم وتی: ئەمشەو شارەكە بپارێزە. سبەی دوای نوێژی بەیانی لەوێم" ئەنیمەیشنەكە پەیوەندییەكەی نێوان بارزانی‌و قاسم سلێمانی بەم شێوەیە گێڕاوەتەوە.

هاوكاری‌و هەماهەنگی ئێران‌و قاسم سلێمانی بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە پاراستنی هەولێر دژی داعش، لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە دانی پێدا نراوەو بە فەرمیی سوپاسی ئەو وڵاتەیان كردووە، بەدەر لە هەولێر، ئێران لە چەند ناوچەیەكی دیكەی هەرێمی كوردستانیش هاوكاریی پێشمەرگەی كردووە لە دژی داعش كاتێك ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە پەلاماری هەرێمی دا.

قاسم سلێمانی سەرەتای ئەم مانگە(3-1) یەكەم ساڵیادی كوژرانی بوو لەلایەن ئەمەریكاوە لە شاری بەغداد، ئەو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان هەبوو.

هەرچەندە قاسم سلێمانی لە 2014دا ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی هەرێم لە تیرۆریستانی داعش، بەڵام 3 ساڵ دواتر بە تووندی دژی هەرێمی كوردستان‌و مەسعود بارزانی وەستایەوە كاتێك سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017، ئێران چەندین مانۆڕی سیاسی لە هەرێم بەڕێوەبرد بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لە ڕیفراندۆم، بەڵام تەواوی هەوڵەكانی شكستیان هێنا، هەربۆیە ئەو وڵاتە بەتەواوی پشتیكردە هەرێم‌و هەڕەشەكانی جێبەجێ كرد، وەك بەرپرسانی كورد دەڵێن، بە سەرپەرشتی ئێرانییەكان هێزەكانی عێراق هێرشیان بۆسەر ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامدا.