قوباد تاڵەبانی دەچێتە بەغداد؛ چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارانە لەشاندی ھەرێم دەکرێت

25-01-2021 12:26

پەرەگراف

بڕیارە ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بچێتە شاری بەغداو سەرۆکایەتی شاندی ھەرێم بکات لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نەوت و بودجە.

شاندەکەی ھەرێم دوێنێ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی سەرۆکایەتی کردو یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا کە سەرقاڵی نووسینی ڕاپۆرتە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسیارێک ئاڕاستەی شاندەی ھەرێم کراوەو چاوەڕێن لە کۆبوونەوەی ئەمشەویاندا وەڵام بدرێنەوە.

دیلان غەفور، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەی دوێنێی شاندەکەی ھەرێم و لیژنە دارایی پەرلەمان، بۆ پەرەگراف وتی، لیژنەکە چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی شاندەکە کردو ئەونیش وتیان لە کۆبوونەوەی سبەینێدا واتە ئەمڕۆ وەڵامیان دەدەنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "پرسیارەکان بریتی بوون لە؛ شاندەکەی ھەرێم تاچەند دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە بۆ ڕێککەوتن؟ ئایا ھەرێم ئامادەیە ھەموو نەوتەکەی ڕادەست بکات؟ ئایا ئامادەن لەگەڵ عێراق بەو ڕێککەوتنانەدا بچنەوە کە لەبارەی نەوت ئەنجام دراون؟ ئایا پابەند دەبن بەوماددانەی پڕۆژە یاسای بودجە کە تایبەتن بە ھەرێم؟ نرخی نەوتی ھەرێم کە دەفرۆشرێت ١٠ دۆلاری کەمترە لە نەوتی عێراق، ئەوە چۆن چارەسەر بکرێت؟ ئایا مووچەی پێشمەرگە لەسەر بودجەی ھەرێم بێت یاخود وەزارەتی بەرگری عێراق؟".

حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی ھەرێم ڕێککەوتووەو لە پڕۆژە یاسای بودجەدا ڕێککەوتنەکە جێگیر کراوەو نێردراوە بە پەرلەمان، بەڵام لەپەرلەمان ئاڕاستەیەکی بەهێز ھەیە کە دژی هەرێمی كوردستانە‌و ئەگەری گۆڕانكاریی هەیە لەو بەشەی پڕۆژە بودجەکە كە تایبەتە بە هەرێم.

دیلان غەفور پێیوایە، سەردانی شاندەکەی ھەرێم و گفتوگۆیان لەگەڵ لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران گرنگە، بەوپێیەی ڕاو ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕایگشتی پەرلەمانتاران.

ئەو پشكەی بۆ هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژەکەدا، 13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە، ئەوەش زیاترە لە كۆی مووچەی یەك ساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ لێبڕین، هەرێم مانگانە پێویستی بە 894 ملیار دینارە بۆ مووچە كە بۆ 12 مانگ دەكاتە 10 ترلیۆن‌و 728 ملیار دینار، بەوپێیەش ئەو بڕەی وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، زیاتر لە 3 ملیار دیناری زیاترە لەوپارەیەی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ مووچەی 12 مانگ بەبێ لێبڕین.

لە بەرامبەر ئەو پشكەی بۆی دیاریكراوە، هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی نەوتی هەناردەكراو لە كۆمپانیای سۆمۆی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم پێویستە داهاتە فیدراڵییەكان ڕادەست بكات.

بەپێی پڕۆژەكە ئەگەر هەرێم پابەندی ڕادەستكردنی نەوت‌و داهاتەكان نەبێت، ئەوا لەو پشكە دەبڕدرێت كە بۆی دیاری كراوە.

 

لە بەشێكی دیكەی پڕۆژە یاساكەدا باسلە قەرزەكانی سەر هەرێم كراوە، ئەوە خراوتە ڕوو، هەرێمی كوردستان پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدائەو قەرزو پابەندییە داراییانە ئاڕاستەی بەغداد بكات كە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بەهۆی نەناردنی شایستەكانی لەلایەن بەغداوەتووشی بووە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق‌و هەرێم لە ماوەی 90 ڕۆژدا وردبینیی بۆ ئەو لیستانە دەكەن.

لە پڕۆژەكەدا ئەوەش هاتووە، حساباتی نێوان هەرێم‌و عێراق لە 2004 بۆ 2020 پاكتاو دەكرێت، ئەوەش دوای وردبینیی لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق‌و هەرێم.

تێڕوانینی دژە كورد‌و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان‌و گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە بەهێزبووندایەو ئەو بێمتمانەییەی بەهۆی جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكانی پێشووترەوە دروست بووە، باری سەرشانی هەرێمی قورستر كردووە.

لایەنە عێراقییەكان خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان دەزانن كە نەبوونی پارەیە بۆ مووچەو ناڕەزایی فراوانی شەقامی كوردیی لێكەوتووەتەوە، لەگەڵ خراپیی دۆخی دارایی حكومەتی ناوەند لە بەغداد، ناشیانەوێت وەك ساڵانی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكەن.