دیلەكانی توركیا لە چیای گارە كێ بوون ‌و چۆن كوژران؟

17-02-2021 09:04
مەراسیمی ناشتنی تەرمی دیلە كوژراوەكان دوای بردنەوەیان بۆ توركیا.

پەرەگراف

ئۆپەراسیۆنە سێ ڕۆژییەكەی سوپای توركیا دژی پەكەكە لە چیای گارەی هەرێمی كوردستان، بە بردنەوەی تەرمی 13 دیلی توركیا بۆ وڵاتەكەیان كۆتایی هات، چیرۆكی چۆنیەتی كوژرانی ئەو دیلانە گێڕانەوەی جیاوازی هەیە لە نێوان پەكەكەو توركیادا.

دوو گێڕانەوەی جیاواز

گێڕانەوەكەی توركیا لەسەر زاری خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری بوو، ئاماژەی بەوە كرد ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ 2" لە چیای گارە كە بەرەبەیانی 10ی ئەم مانگە دەستی پێكردو سێ ڕۆژی خایاند، بۆ پاراستنی سنورو ڕزگاركرنی ڕفێندراوەكان بووە، بێ ئەوەی ناسنامەی ئەو كەسانە ئاشكرا بكات.

دواتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاو مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوە، باسیان لەوە كرد "كوژراوەكان كەسانی مەدەنین، پەكەكە ڕفاندونی و هەموویانی كوشتووە، لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش بێدەنگن لەوبارەیەوە".

لە بەرامبەردا پەكەكە دەڵێت، ئامانجی توركیا وێرانكردنی بنكەیەك بووە كە ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی پۆلیس و هەواڵگریی توركیای تێدابووە، كە پەكەكە لە چەند كاتێكی جیاوازداو لە ساڵی 2015وە دەستگیری كردوون، بەو هۆیەوە ١٣ كەس لەو دیلكراوانەی كوشتووە.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل(نەپەگە) ڕایگەیاند "سەرباری ئەوەی دەزانرا دیلەكان لەو كامپەدان و كەس ناتوانێت بە ساخیی دەرچێت، بەڵام سێ ڕۆژ لەسەر یەك بۆردومانێكی چڕی كامپەكەیان كردو شەڕێكی قورس لە ناوەوەو دەرەوەی كامپەكە ڕوویدا. ئامانجی ئەو هێرشە ڕزگاركردنی دیلەكان نەبوو، بەڵكو ئامانجی لەناوبردنی دیلەكان بوو".

پەكەكە لەگەڵئەوەی، تەئكید دەكاتەوە كە ڕفێندراوەكان سەرباز و ئەفسەری هەواڵگری بوون لەگەڵ چەند پۆلیسێك، هەمووشیان بە بۆردومانی فڕۆكە توركییەكان كوژراون، هاوكات ئەوەش دەخاتەڕوو، پێشترو لە ساڵی 2019 ئەوان هۆشدارییان داوە كە توركیا لە هەوڵدایە شوێنی دیلەكان دەستنیشان بكات‌و بیكاتە ئامانج.

ئاژانسی فورات نیوز-نزیك لە پەكەكە- ئەوەی بڵاوكردووەتەوە كە ماهیر دەنیز فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لەبارەی ئەو بابەتەوە لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٩دا بۆ ئاژانسەكەیان قسەی كردووە و ڕایگەیاندووە "بەرپرسانی دەوڵەتی تورك بۆ پۆلیس، سەرباز و ئەندامانی میتی دیلكراو هیچ شتێك ناكەن، بەڵام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی شوێنی ڕاگرتنیان دەستنیشان بكەن و لە ئاسمانەوە هێرشیان بكەنە سەر و ئەو پۆلیس و سەرباز و ئەندامانەی میت بكوژن".

كوژراوەكان كێن؟

ڕۆژێك دوای لێدوانە توندەكانی بەرپرسانی توركیا لەبارەی كوژراوەكانەوە، ئایدن باروش حاكمی ویلایەتی مەلاتیا لیستی ناوی ئەو كەسانەی بڵاوكردۆتەوە كە تەرمەكانیان براوەتە ناوەندی پزیشكی دادوەری مەلاتیا.

ناوەكان لە 10 كەس پێكهاتوون كە پلەی سەربازییان هەیە، بەڵام ناسنامەی سێ كەسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

هاوكات میدیاكانی سەربە پەكەكە وێنەو ناو و دانپێدانانی پێشتری بەشێك لەو دیلە كوژراوانەیان بڵاوكردووەتەوە.

وێنەی بەشێك لە دیلەكان كە ئاژانسی فورات نیوز بڵاوی كردووەتەوە.

ناسنامەكان بەپێی حاكمی ویلایەتی مەلاتیا

1- فیدات كایا، ئەفسەری پۆلیس لە بەشی پۆلیسی ئیستەنبوڵ، ساڵی 2016 لە شارۆچكەی لجە لە دیاربەكر ڕفێندراوە.

2- سادات یاباڵك، ئەفسەری پۆلیس، ساڵی 2016 ڕفێندراوە.

3- سەمیح ئۆزبی، چاودێری یەكەم لە بنكەی نیشتمانی، ساڵی 2015 ڕفێندراوە.

4- مەولود قەهوەچی، چاودێری تایبەتمەند، ساڵی 2016 لەسەر ڕێگای هەكاری _ جۆكۆرجا ڕفێندراوە.

5- عادل كاڤكاڵی، سەربازی مەدفەعیە، لەسەر ڕێگای خێرای تونجلی بۆلۆمۆر ساڵی 2015 ڕفێندرا.

6- سلێمان سونگور، سەربازە لە بنكەی نیشتمانی، ساڵی 2015 لەسەر ڕێگای خێرای دیاربەكر ڕفێندراوە.

7- حسێن ساری، چاودێر لە بەرگری ئاسمانی، ڕفاندنەكەی لە ساڵی 2015دا بوو.

8- موسلیم ئەلتین تاش، سەبازی مەدفەعیەی قورس، لەسەر ڕێگای خێرای تونجلی بۆلۆمۆر ساڵی 2015 ڕفێندرا.

9- محەمەد ساڵح كانجا، دەوترێت كەسێكی مەدەنییە.

10- ئایدن كۆسا، دەوترێت كەسێكی مەدەنییە.

گومان لە گێڕانەوە فەرمییەكانی توركیا

شەڕی سەخت‌و بۆردومانی چڕی چەند ڕۆژەی چیای گارە، بە گەڕانەوەی سوپای توركیاو كۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەكە بەبێ دەسكەوت تەواو بوو، ئەوەش حكومەتەكەی ئەردۆغانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی ناوخۆیی لە وڵاتەكەی كردەوەو بە شكستخواردوو لەقەڵەم درا.

ئایتۆن چرای، نوێنەری حزبی خێر لەسەر شاری ئەزمیر، هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و هەواڵگری لە پەرلەمانی توركیا، چەند پرسیارێكی قورسی ئاڕاستەی خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری كردووە، لە دانیشتنێكی پەرلەماندا.

بۆچی دەستەواژەی "مەدەنی"یت بۆ ئەو كەسانە بەكارهێنا، كە سەرباز و ئەفسەر بوون، بۆ شاردنەوەی شكستی سەركردایەتی كردنی ئۆپەراسیۆنەكە، خۆت هەست دەكەیت ئۆپەراسیۆنەكە سەركەوتوو بووبێت و ئامانجەكانی پێكابێت؟ ئەمە یەكێك بووە لە پرسیارە سەرەكییەكانی ئەو پەرلەمانتارە بۆ وەزیری بەرگری.

هەروەها كەمال كلیجدار ئۆغلۆ، سەركردەی حزبی گەلی كۆماری لە وتەیەكیدا لەبەردەم نوێنەرانی حزبەكەی، پەیامێكی ئاڕاستەی ئەردۆعان كرد و وتی، لەم پێنج ساڵ و نیوەدا چیت كرد بۆ ڕزگاركردنی ئەو كەسانە، لەكاتێكدا تۆ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران بویت، كێ بەرپرسیارێتی كوشتنی ڕفێندراوەكان‌و شكستی ئۆپەراسیۆنەكە لەئەستۆ دەگرێت؟.

لای خۆیەوە وەلی ئەگبابا ئەندامی پەرلەمان ئاماژەی بەوە كردووە "حزبی دەسەڵاتدار دەیەوێت ڕووداوەكان بۆ دەستكەوتی سیاسی بەكاربهێنێت، ئەوەش لە لێدوانەكانیاندا دەردەكەوێت"، ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كردووە، لەهەر شوێنێكی جیهان 13 سەرباز بكوژرایە، بەرپرسان دەدرانە دادگا.

دوای شكستی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە چیای گارە، حكومەتی ئەو وڵاتە هەڵمەتێكی فراوانی دەستپێكردووە بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، زیاتر لە 700 ئەندامی ئەو پارتە كوردییەی لە 40 پارێزگای توركیا دەستگیركردووە.

هاوكات پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ هەریەك لە هودا كایا و عومەر فاروق جەرجرلی ئۆغلۆ كراوەتەوە كە پەرلەمانتارن لەسەر لیستی حزبی گەلی دیموكرات، ئەوەش بەهۆی ڕەخنەكانیان لە حكومەت‌و ئۆپەراسیۆنەكە.

جەرجرلی ئۆغلۆ لە تویتێكدا نوسیویەتی "بەر لە دوو ساڵ و نیو كەسوكاری ئەو سەربازە ڕفێندراوانە داوایان لێكردم یارمەتییان بدەین بۆ گەڕاندنەوەیان بە سەلامەتی"، ئاماژە بەوەش كردووە "ئەگەر دۆخێكی ئاشتیی هەبوایە ئەوان نەدەكوژران، بەڵام بەرپرسان بەهیچ شێوەیەكی بیریان لەوە نەكردۆتەوە".

هاوكات هودا كایا لە دانیشتی پەرلەماندا وتویەتی "كەسوكاری ئەو سەربازانە چەند جارێك لەدەرگای پەرلەمانیانداوە، بەڵام دەرگاتان بەڕوویاندا داخست، حكومەت هیچ نەجوڵا، هەوڵی بێدەنگكردنی ئەوانیدا، ئێستاش بازرگانی بەخوێنی كوڕەكانیانەوە دەكەن".