لەیادی دە ساڵەی بەهاری عەرەبیدا؛ خانەوادەی قەزافی لەكوێدا كۆتاییان پێهات؟

21-02-2021 07:14

پەرەگراف- هەكار مەحمود

پریشكی بەهاری عەرەبی 10 ساڵ لەمەوبەر و لەم كاتەدا گەیشتبووە لیبیا، خۆپیشاندان و شۆڕشی جەماوەری شارەكانی خرۆشاندبوو، كە لە كۆتاییدا بە كوشتنی موعەر قەزافی سەرۆك كۆتایی هات، دوای 40 لە حوكمی ئاسنین‌و دەستبەسەردا گرتنی وڵات لەلایەن كوڕ و كەسە نزیكەكانییەوە.

دوای تێپەڕینی دەیەیەكی تەواو، پرسیارێك زۆر كەسی سەرقاڵكردووە، ئەوەش چارەنوسی ئەندامانی خانەوادەی قەزافییە بەتایبەت ئەوانەی لە ژیاندا ماون، هەروەها چۆنێتی ژیانی ڕابردوویان و زانینی زانیاری نوێ دەربارەیان.

لە خۆپیشاندانەكاندا سێ كوڕی سەركردەكەی لیبیا كوژران، لەنێوانیاندا موعتەسەم قەزافی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، كە لەسەردەستی چەند چەكدارێك لەهەمان ڕۆژی كوشتنی باوكیدا كوژرا.

قەزافی و خێزانەكەی
قەزافی

موعەمەر قەزافی ئەو سەرۆكەبوو كە زۆرترین ماوە لەسەر كورسی دەسەڵات مابووەوە لە وڵاتانی عەربی و ئەفریقیدا، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 1969 كە تەمەنی تەنها 27 ساڵبوو، كودەتایەكی بەسەر شا ئیدریس سنوسیدا ئەنجامدا و چووەسەر كورسی دەسەڵات.

قەزافی ساڵی 1942 لە نزیك شاری سەرت لەدایكبووە، بەجلوبەرگە سەیرەكانی و تایبەتمەندی پاسەوانەكانی كە لە ژن پێكهاتبوون ناسرابوو، هاوكات نوسینی كتێبی سەوز وەك جێگرەوەیەك بۆ سیستمی ئیشتراكی و سەرمایەداری‌و خستنەڕووی چەند ڕایەكی ئیسلامییانە یەكێكی دیكەبوو لە سەیرترین كارەكانی.

ساڵی 1977 جەماهیری لیبیای دامەزراند كە تێیدا دەسەڵات لە دەست چەند لیژنەیەكی گەلدابوو، بەڵام لە واقیعدا هەمووی ڕووكەشبوو خودی قەزافی دەسەڵاتی تەواوی هەبوو.

ئەو جەماهیرییە لەمانگی ئابی ساڵی 2011 بەشێوەیەكی فەرمی ڕوخا دوای ئەوەی هێزەكانی ئەنجومەنی ئینتیقالی چونەناو تەرابلوسی پایتەختەوە، واتە پاش شەش مانگ لە سەرهەڵدانی شۆڕشێكی بەهێز كە هێزە ڕۆژئاواییەكان ڕۆڵی سەربازییان تێدا گێڕا.

دوای دوو مانگ لە ڕوخانی یەكێك لە جیاوازترین سیستمەكانی دەسەڵات لە جیهاندا واتە لە مانگی تشرینی یەكەمدا، موعەر قەزافی بەشێوەیەكی دڕندانە لە شاری سەرت كوژرا.

خێزانی یەكەمی

فەتحیە خالید یەكەم ژنی موعەمەر قەزافییە كە مامۆستابووە و پێش ئەوەی ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنن یەكتریان نەبینیوەو نەناسیوە، دوای شەش مانگیش لەهاوسەرگیری لە یەكتر جیابونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونەتە خاوەنی كوڕێك بەناوی محەمەد.

خێزانی دووەمی

سەفییە قرقاش ژنی دووەمی قەزافییەو دایكی حەوت منداڵێتی، هەروەها كچ و كوڕێكیان هەڵگرتۆتەوە و بەخێویان كردوون بە ناوەكانی میلاد و هەنا.

ساڵی 2011 دوای دروستبونی خۆپیشاندانەكان، سەفییە لەگەڵ كچەكەی بەناوی عائیشە و محەمەدی كوڕی قەزافی(لە خێزانی یەكەمی)، بەرەو جەزائیر هەڵهاتن‌و لەوێ مافی پەنابەری مرۆییان پێدرا، دواتریش ڕوویان كردە شانشینی عومان و لەوێ نیشتەجێ بوون.

چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوە كردووە، ژنی دووەمی سەركردەكەی لیبیا ساڵی 2014 سەردانی ئەڵمانیای كردووە و لەوێ نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە.

محەمەد قەزافی

ساڵی 1970 لەدایكبووە و سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی لیبیا بووە كە بارەگاكەی لە تەرابلوسی پایتەخت بوو، هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای گشتی بۆ پۆستە و پەیوەندی سلكی و لاسلكی بووە، كە ئەركی ڕێكخستی كارەكانی كۆمپانیاكانی مۆبایل و مانگی دەستكردی پێسپێردرابوو، دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی باوكی، چووە جەزائیر و دواتر عومان.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی لیبیادا هیچ تۆمەتێكی ئاڕاستەی محەمەد قەزافی نەكرد، چونكە پێشبینی ناكرێت هیچ ڕۆڵكی لە تاوانەكانی ئەو وڵاتەو سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكاندا هەبووبێت.

سەیف ئەلئیسلام قەزافی

تەمەنی 49 ساڵە و زمانی ئینگلیزی دەزانێت، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە كۆلێژی ئابوری زانكۆی لەندەن، ئەندامی ئەو بەرەیەبووە كە هەوڵی ئازادكردنی ئابوری لیبیایان داوە.

سەیف ئەلئیسلام سەرۆكایەتی دامەزراوەی قەزافی كردووە بۆ كاری خێرخوازی ‌و گەشەپێدان، دانوستانی ئەنجامداوە بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانەی لەلایەن چەكدارە بیانییەكانەوە دەڕفێندران بەتایبەت لە فلیپین.

ئەو كوڕەی قەزافی بەڕووی نوێی وڵات دادەنرا، ساڵی 2008 ئاماژەی بەوەكرد كە حەز ناكات دوای باوكی دەسەڵات بگرێتە دەست.

لە گەرمەی خۆپیشاندانەكاندا لە تەلەفزیۆنی لیبیاوە دەركەوت و هۆشداریدا لە سەرهەڵدانی جەنگێكی ناوخۆیی لەو وڵاتە.

هێزەكانی ئەنجومەنی ئینتیقالی لیبیا لەكاتی چونەژوورەوەیان بۆ شاری تەرابلوس، ئاماژەیان بە دەستگیركردنی كرد، بەڵام دواتر دەركەوت و لە وتەیەكیدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، باوكی لە پایتەخت ماوە و ڕوبەڕوی بەرهەڵستكاران دەبێتەوە، دواتر لە 19ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، ئەنجومەنەكە دەستگیركردنی ڕاگەیاند.

دادگای تەرابلوس ساڵی 2015 حوكمی لەسێدارەدانی بەشێوەی غیابی بۆ دەركرد، ئەوەش لە پڕۆسەی دادگایی كردنی 30 سەركردەی ڕژێمەكەی قەزافیدا، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەوانە كوشتنی خۆپیشاندەران.

هاوكات دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوای دادگایكردنی كرد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لەو كاتەدا كە موعەمەر قەزافی باوكی ڕوبەڕوی كەسانی ناڕازیی لە دەسەڵاتەكەی بووەتەوە.

ئەو میلیشیایەی سەیف ئەلئیسلامی لە شاری زەنتان دەستبەسەر كردبوو، ڕەتیكردەوە ڕادەستی بكات، دواتر ئەو دوو پەنجەیەی بڕی كە لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا وەك هێمای سەركەوتن بەرزی دەكردەوە، بەڵام ساڵی 2017 لەسەر داوای حكومەتی كاتیی ئازاد كرا، لەو كاتەشەوە دەرنەكەوتووەتەوە.

چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوە كردووە، دەیەوێت بگەڕێتەوە ژیانی سیاسی و دەست بە چالاكییەكانی بكاتەوە.

لەگەڵ ئەو ڕەخنە زۆرەی ئاڕاستەی ئەو كوڕەی قەزافی دەكرێت، تائێستاش لایەنگرێكی زۆری هەیە، وڵاتانی ڕۆژئاواش بە درێژەپێدەری ڕێبازەكەی باوكی دەبینن، بەجۆرێك ئۆرلا گیرین پەیامنێری بی بی سی نیوز بە میراتگری قەزافی دەیناسێنێت.

ئەو دۆخەی ئێستا لیبیای تێدایە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە ڕەنگە تاڕادەیەك ڕێگەخۆشكەربێت بۆ دووبارە گەڕانەوەی سەیف ئەلئیسلام قەزافی بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و دەسەڵات لەو وڵاتە.

ساعیدی قەزافی

سێهەم كوڕی موعەمەر قەزافییە، ساڵی 1973 لەدایكبووە و تەمەنی 46 ساڵە، هاوسەرگیری لەگەڵ كچی سەركردەیەكی پێشووی سوپادا كردووە، هاوكات یاریزانی تۆپی پێیە و ماوەیەك بەشداری خولی ئیتاڵی كردووە.

ساعیدی سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی لیبیای كردووە و ماوەیەكی زۆر كاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بووە، دواتر گۆڕاوە بۆ بەرهەمهێنەرێكی سینەمایی و داهاتەكەی لە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی فیلمدا 100 ملیۆن دۆلاربووە.

دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی باوكی، چووەتە نێجیریا و مافی پەنابەرێتی وەرگرتووە، بەڵام ساڵی 2014 ڕادەستی لیبیا كراوەتەوە بۆ دادگایكردنی، بەڵام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو نییە.

چەند ساڵێك پێش ئێستا بەرپرسێكی مەكسیكی ڕایگەیاند، تۆڕێكی قاچاخچێتییان دەستگیركردووە كە پلانیان هێنانی ساعیدی بووە بۆ مەكسیك بە ناوێكی خوازراوەوە.

ساڵی 2015 گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوبۆوە كە تێیدا ئەو كوڕەی قەزافی لە زیندان ئەشكەنجە دەدرێت، ئەوەش ناڕایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە بەتایبەت لەلای ئەو گروپانەی كە لە بواری مافی مرۆڤدا كاردەكەن.

موعتەسەم قەزافی

ساڵی 1974 لەدایكبووە و پلەی عەقیدی هەبووە لە سوپای لیبیادا، ساڵی 2008 هەوڵیدا كودەتای سەربازی بەسەر دەسەڵاتەكەی باوكیدا بكات، بەڵام دوای ئاشكرابوونی بەرەو میسر هەڵهات.

پاشان لێبوردنی بۆ دەركراو گەڕایەوە وڵاتەكەی و وەك ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی دیاریكرا، هاوكات سەركردایەتی هێزێكی سوپای پێبەخشرا، ساڵی 2011 لەهەمان ڕۆژی كوشتنی باوكیدا كوژرا.

هانیپاڵ قەزافی

ساڵی 1975 لەدایكبووە و لە كۆمپانیای نیشتیمانی گشتی بۆ گواستنەوەی دەریایی كاری دەكرد كە تایبەت بوو بە هەناردەكردنی نەوت، هاوكات تێوەگلاوە لە چەند دۆسییەكی ئەنجامدانی توندوتیژی.

ساڵی 2005 تۆمەتباركرا بە لێدان و دەستدرێژیكردنەسەر كچە هاوڕێكەی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، دواتر دوو یارمەتیدەری تۆمەتباریان كرد بە خراپیی مامەڵەكردن و بەهۆیەوە لە شاری جنێف دەستگیركرا، هەرچەندە پاش ماوەیەك بە كەفالەت ئازادكرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی لیبیا بڕیاری بایكۆتی كاڵا سویسرییەكانیان دەركرد و كۆمپانیاكانیان لەو وڵاتە دەركرد، ئەمە جگە لە بانگكردنی دیبلۆماتەكانیان بۆ لێكۆڵینەوە.

هانیپاڵ، سویسرای بە جیهانی مافیا ناوبرد پاشان ئەو وڵاتە ئەوروپییە ڕایگەیاند، بڕی ملیۆن و نیوێك فرانكی سویسری كە دەكاتە زیاتر لە ملیۆنێك یۆرۆ، خستویانەتە سەر حسابێكی بانكیی لە ئەڵمانیا بەناوی هانیپاڵ قەزافییەوە، ئەوەش وەك قەرەبوویەك بەرامبەر بڵاوكردنەوەی دوو وێنەی لەكاتی دەستگیركردنیدا لە ڕۆژنامەیەكی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2008.

دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی لیبیا چووە جەزائیر دواتر بۆ عومان، لەوێ مافی پەنابەرێتی وەرگرت، گروپێكی چەكدار لە لوبنان ساڵی 2015 بۆ ماوەیەكی كەم ڕفاندیان دواتر ئازادیان كرد.

ئێستا لەگەڵ هاوسەرە لوبنانییەكەیدا كە پێشتر نمایشكاری جلوبەرگ بووەو ناوی ئەلین سەكافە، لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دەژین، ماوەیەك پێش ئێستاش دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە بە ئۆتۆمبێل ژمارەیەك پیادەڕەوی شێلاوە، ئەوەش هەرایەكی گەورەی نایەوە.

سەیف ئەلعەرەب قەزافی

ساڵی 1980 لەدایكبووە، زانیاری كەم لەبارەیەوە زانراوە، بەڵام ساڵی 2008 ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئاشكرای كرد، پۆلیسی ئەڵمانیا دەستیانگرتووە بەسەر ئۆتۆمبێلە فیرارییەكەیدا، بەهۆی ئەو دەنگە زۆرەی لە ئەكزۆزەكەیەوە هاتووە، لەو كاتەدا خوێندكاری زانكۆی میونخ بووە.

سەیف ئەلعەرەب‌و دوو منداڵی ساڵی 2011 بە بۆردومانی فڕۆكەكانی ناتۆ لە تەرابلوس كوژران، وەك تۆڵەیەكیش لایەنگرانی قەزافی بارەگای باڵیۆزخانەی بەریتانی و باڵەخانەی چەند شوێنێكی دیكەی وڵاتانی ڕۆژئاوایان لە تەرابلوس سوتاند.

خەمیس قەزافی

بچوكترین منداڵی قەزافییە، ساڵی 1983 لەدایكبووە، ئەفسەری پۆلیس بووەو سەركردایەتی یەكەیەكی تایبەتی كردووە، لە ڕوسیا ڕاهێنانی سەربازی پێكراوە، چەند سەرچاوەیەكیش باسیان لەوە كردووە بەرپرسیارێتی سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی بنغازی پێسپێردراوە.

خەمیس لەمانگی ئابی 2011 لەگەڵ خزمێكی نزیكی بەناوی عەبدوڵا سنوسی كە سەرۆكی دەزگای سیخوڕی لیبیابوو، لەشەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ هێزەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی ئینتیقالی لە شاری تەرهونە كوژران.

عائیشە قەزافی

تەمەنی 44 ساڵە و تاقانە كچی قەزافییە، وەك پارێزەر كاری كردووە، یەكێك بووە لە ئەندامانی گروپی پارێزگاری لە سەدام حسێن سەرۆكی پێشوتری عێراق.

عائیشە ساڵی 2006 شوی كرد بە كوڕە مامێكی باوكی، دوای ڕووداوەكانی لیبیا لەگەڵ دایكی چونە جەزائیر دواتر بۆ شانشینی عومان.

عائیشە زۆر بە توندی پارێزگاری لە ڕژێمەكەی قەزافی دەكرد، لە مانگی نیسانی 2011 وتارێكی لە سەربازگەی باب عەزیزیە لە تەرابلوس پێكەشكرد، بەبۆنەی 25 ساڵەی یادی بۆردومانەكەی ئەمریكا بۆ شوێنی مانەوەی باوكی و وتی "داواكاری وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆشتنی باوكم لە دەسەڵات، سوكایەتیكردنە بە هەموو گەلی لیبیا".

ئاماژەی بەوەش كرد، ساڵی 1911 ئیتاڵییەكان باپیریان كوشتووە، ئێستاش هەوڵی كوشتنی باوكی دەدەن، بەڵام دوای سێ ڕۆژ لەو وتارە بەرە و جەزائیر هەڵهات، لەوێش كچەكەی لەدایكبوو كە بەناوی دایكییەوە ناوی نا سەفییە.

لەكاتی مانەوەی لە جەزائیر و لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی سوریا، داوای لە خەڵكی لیبیا كرد دژی حكومەتی نوێ بوەستنەوە.

چەند سەرچاوەیەك باسیان لەوە كردووە، لەگەڵ پارێزەرێكی ئیسرائیلی هەوڵیداوە دادگای تاوانی نێودەڵەتی لێكۆڵینەوە لە كوشتنی باوكی بكات.

هەر لەكاتی مانەوەی لە جەزائیر، یاری تۆپی پێی نێوان لیبیا و جەزائیر ئەنجامدراوە، ئەویش پشتگیری خۆی بۆ هەڵبژاردەی جەزائیر ڕاگەیاندووە و وتویەتی "لیبیا نوێنەرایەتی من ناكات".

میلاد قەزافی

كوڕی عەبدولسەلام ئەبو زەنتایە، بەڵام بە هەڵگرتنەوە كوڕی موعەمەر قەزافییەو بە كوڕی ڕۆحیی خۆی ناوی دەبرد، چونكە ساڵی 1986 لەكاتی بۆردومانی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆ بارەگاكەی قەزافی، ئەو منداڵە ژیانی ڕزگاركردووە.

دوای كەوتنی دەسەڵاتی جەماهیری، هەوڵیدا بچێتە تونس بەڵام لە سنورەكانی نێوان لیبیاو تونس دەستگیركرا و بۆ ماوەی سێ ساڵ و هەشت مانگ زیندانی كرا.

هەنا قەزافی

بەردەوام موعەمەر قەزافی دەیوت، ئەو كچەی كە بەناوی هەنا هەڵیگرتۆتەوە، لە بۆردومانی فڕۆكە ئەمریكییەكان لە ساڵی 1986 كوژراوە كاتێك تەمەنی 18 مانگ بووە، بەڵام ساڵی 2011 چەند بەڵگەیەك ئاشكرابوو كە هەنا لە ژیاندایە، چەند ڤیدیۆیەك دۆزرانەوە كە هەنای تێدایە لەگەڵ باوكی و براكانی یاری دەكات، مێژووی گرتەكانیش چەند ساڵێك دوای بۆردومانەكە بووە.

ئەو دۆسییەیانەی لە كۆمەڵگەی باب عەزیزیە دۆزراونەتەوە، چەند بەڵگەیەكی پزیشكی و بڕوانامەیەكی ئەنجومەنی بەریتانی تێدابووە بەناوی هەنا قەزافی.

بەپێی سەرچاوەكان هەنا پزیشكە و چەند ساڵێك لە ناوەندی تەرابلوسی پزیشكی كاری كردووە.