بۆچی عەممار حەكیم سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی نەكرد؟

22-02-2021 08:00
عومەری سەید عەلی - عەممار حەكیم

پەرەگراف

سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتیمانی عێراق دوو ڕۆژی ڕابردووی لە هەرێمی كوردستان بەسەر برد، لە سلێمانی‌و دواتر لە هەولێر زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ حیزب‌و بەرپرسانی هەرێم ئەنجام دا، بەڵام سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی نەكرد كە هێزی سێیەمی هەرێمی كوردستان‌و پێكهێنەرێكی حكومەتە، ئەوەش بەهۆی "نیگەرانیی هێزو لایەنە شیعەكان لە ڕێكخەری گشتیی گۆڕان".

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕانەوە زانیاریی ئەوەی دەست كەوتووە، هێزە شیعەكانی عێراق نیگەرانن لە عومەری سەید عەلی، "بەهۆی ئەوەی ئامادە نییە پێشوازییان لێبكات‌و لەگەڵیاندا كۆببێتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، لە چەندین سەردانی ڕابردوویاندا بۆ هەرێمی كوردستان، ڕێكخەری گشتی گۆڕان ئامادە نەبووە پێشوازیی لە هێزو لایەنە شیعەكان بكات، "جارێك هادی عامری‌و فالح فەیاز هاتنە سلێمانی، بەڵام كاك عومەر ئامادە نەبوو بیان بینێت و لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی گۆڕان كۆبوونەوە، دواتر هادی عامری‌و ئەبو مەهدی موهەندیس سەردانیان كردەوە بەهەمانشێوە كاك عومەر ئامادە نەبوو پێشوازییان لێ بكات، ئەوەش نیگەرانیی ئەوانی لێكەوتەوەو وتیان مادەم وایە سەردانی گۆڕان ناكەین‌و لەگەڵ گۆڕان كۆنەبوونەوە".

لە دواین سەردانی شیعەكان بۆ هەرێم، دوو ڕۆژ لەمەوبەر عەممار حەكیم سەردانی سلێمانی كردو بەشداربوو لە مەراسیمێك كە بەبۆنەی 18هەمین ساڵیادی كوژرانی محەمەد باقر حەكیم‌و ڕۆژی شەهیدی عێراق ڕێكخرابوو، حەكیم دواتر سەردانی مەزاری مام جەلالی كردو پاشان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبووەوە.

بەڵام سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفای نەكرد لە گردی زەرگەتە كە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانەو لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە كۆنەبووەوە، لەكاتێكدا عەممار حەكیم دۆستایەتیی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هەبووەو لە مەراسیمی ناشتنەكەی لە ساڵی 2017دا بەشداریكردو وتارێكی پێشكەش كرد.

عەممار حەكیم دوای سلێمانی، سەردانی هەولێری كردو بەدەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی‌و بەرپرسانی حكومی، هاوكات سەردانی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانی كرد.

"سەردان نەكردنی گۆڕان بەهۆی ئەوەیە كە عەممار حەكیم نیگەرانە لەو مامەڵەیەی عومەری سەید عەلی لەگەڵیاندا دەكات، بەرلەم سەردانەی‌و پێش هاتنی كۆرۆنا، عەبدوڵا زەیدی نوێنەری حەكیم هاتە سلێمانی‌و لەگەڵ گۆڕان كۆبووەوە، بەڵام عومەری سەید عەلی نەهاتە كۆبوونەوەكە، نوێنەرەكەی حەكیم لە كۆبوونەوەكەدا بە ئاشكرا وتی، ئێمە ئەمە لای خۆمان تۆمار دەكەین‌و ئیتر ئامادەنین بێینە لای ئێوەو كۆبوونەوەتان لەگەڵدا ناكەین" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

لەبارەی هۆكاری كۆنەبوونەوەی عومەری سەید عەلی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، ئەو سەرچاوەیە وتی "هۆكاری سەرەكیی نازانم، بەڵام ڕەنگە بەهۆی ئەوەبێت كە عەرەبی نازانێت، چەندین جاریش داوای لێكراوە سەردانی بەغداد بكات‌و لەگەڵ سەركردەو لایەنەكان كۆببێتەوە، بەڵام ئامادە نییە ئەوەش بكات".

ئەوە لەكاتێكدایە ڕێكخەری گشتی گۆڕان لەگەڵ شاندی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا كۆدەبێتەوەو زمانی ئینگلیزیش نازانێت‌و وەرگێڕی هەیە‌و ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبێت لەگەڵیدا.

بزووتنەوەی گۆڕان 5 پەرلەمانتاری لە بەغداد هەیەو فراكسیۆنەكەی بەشێكە لە هاوپەیمانیی هیوای كوردستانی، هەرچەندە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە لە بزووتنەوەكە دابڕاوەو پەیوەندیی نییە لە نێوانیاندا، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكە بانگهێشتی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكان‌و سەركردە عێراقییەكان دەكرێت لە بەغداد.

یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد، ڕۆژی 9-12-2020 لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند، بەشداربووە لە كۆبوونەوەی دەوریی سەرۆكایەتییەكانی عێراق‌و سەركردەی هاوپەیمانی‌و هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق، بۆ ڕۆژی دواتریش لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك(لە گروپی 15 كە ئێستا هاوپەیمانیی هیوایە) سەردانی عەممار حەكیم-یان كردووەو لەگەڵیدا كۆبوونەتەوە.

ئەو پەراوێزخستن‌و لاوازیی پەیوەندییەی بزووتنەوەی گۆڕان وەك حیزبێكی سیاسیی لەگەڵ شیعەكانی عێراق لەكاتێكدایە، حیزب‌و لایەنەكانی هەرێم لە هەوڵدان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بەهێز بكەن زیاتریش لەگەڵ شیعەكان كە بڕیار بەدەستی وڵاتن، بەتایبەت كە ئێستا هەرێم چاوی لە ڕێككەوتنە لەگەڵ عێراق لەسەر پرسی نەوت‌و بودجە بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی‌و لێدوانی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم پرسە، پەرەگراف پەیوەندی كرد بە هۆشیار عومەر، بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕان ناوبراو ئامادە نەبوو لێدوان بدات‌و وتی، ئەو دۆسیەیە لای ژووری پەیوەندییە سیاسیەكانە، هاوكات بەختیار عومەر ئەولی، بەرپرسی پەیوەندییە سیاسیەكانی گۆڕان بەهەمان شێوە ئامادە نەبوو قسەی لەسەر بكات‌و وتی، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە پێویستە پەیوەندیی بە وتەبێژی بزوتنەوەكەوە بكرێت.

پەرەگراف پەیوەندیی بە دلێر عەبدولخالق وتەبێژی فەرمیی گۆڕانەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوو قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات.