قاچاخچێتی و گەندەڵی لە دەروازەکان بەردەوامە؛ مانگانە زیانی "١٧٠ ملیار دینار" لە حکومەت دەدەن

25-02-2021 07:15

پەرەگراف- هەڤاڵ غالب

دوای دوو بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی و گەندەڵیی لە سنورەکان و بڕیاری پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بۆڕوبەڕوبوونەوەی قاچاخچییان، تا ئێستا هیچ کام لە بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون.

زیانی ئەو گەندەڵی و دۆخە نایاساییەی لە دەروازە سنورییەکانی ھەرێم دەگوزەرێت، مانگانە ١٧٠ ملیار دینار زیانیان بە داھاتی حکومەتگەیاندووە، ئەوەش بەوتەی پەرلەمانتارێک کە بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە.

حکومەتی هەرێم مانگی ئازاری ٢٠٢٠ بڕیاری ڕێگری لە قاچاخی سنورەکان و ڕێکخستنەوەی کۆمپانیاکانی لە دەروازەکاندا، سەرەتای ساڵی ٢٠٢١یش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەیدا بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتیی، بەڵام هێشتا ھێزەکە پێکنەھێنراوە.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرەگراف دەڵێت "بەدڵنیاییەوە پڕۆسەی قاچاخچێتی لەدەروازە سنورییەکان هەیەوهۆکاری بنەبڕنەکردنیشی بەرپرسانی باڵان لە هەردوولا لە پشتی ئەم قاچاخییەوەن، بۆیە هەرئەوانە خۆیان قاچاخیەکە ئەنجام دەدەن خۆیانڕێگرن لە بنەبڕکردنی".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو کەلوپەلانەی کە هاوردە دەکرێن بە قاچاخ؛ جگەرە و هێلکە و مریشک و خواردەمەنی و نەمام وخورما و کەلوپەلی دیکەن، "کۆی گشتی ئەم قاچاخیەو کاری کۆمپانیاکانیان نزیکەی١٧٠ ملیار دینار زەرەری داوە لە حکومەت، ئەوکەسانەشی قاچاخی دەکەن بەرپرسانی باڵا و دەسەڵاتداری هەردوولان و هێزە ئەمنیەکانیش کارئاسانییان کردووە".

بەبڕوای عەلی حەمەساڵح، تا ئێستا حکومەت "بەشێوەیەکی جدی نەهاتۆتە خەت بۆ بنەبڕکردنی قاچاخی، جاروبار کەلوپەلێک کەمدەکرێتەوەو دواتر سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە سەرۆکی حکومەت لە هەولێر و دهۆک و هاوسەرۆکانی یەکێتیش لە سلێمانی دەتوانن دەوریان هەبێتبۆ نەهێشتنی پڕۆسەی قاچاخی".

لە ٢٢/ ٣/ ٢٠٢٠ حکومەتی هەرێم ژمارەیەک بڕیاری دەکرد لەوانە ڕێگری لە قاچاخچێتی و ڕێکخستنەوەی کاری کۆمپانیاکانی دەروازەسنورییەکان، بەڵام تائێستا هیچ کام لەو بڕیارانە جێبەجێ نەکراون، بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش بە بڕوای عەلی حەمەساڵح "جێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارە کافییە".

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەی ڕۆژی ٧ کانونی دووەمی ٢٠٢١ بڕیاری پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی بۆ ڕێگری لەقاچاخی دا، بەڵام تائێستا ئەو هێزە پێکنەهێنراوە.

عەلی حەمەساڵح‌و دابان محەمەد پەرلەمانتارانی گۆڕان، ٣١ی کانونی دووەمی ئەمساڵ، لەسەر داوای خۆیان پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا تابچنە بەردەمی دادگا بەهۆی سكاڵایەكی دەروازەی باشماخ، بەهۆی ئەوەی كۆتایی ساڵی ڕابردوو بابەتێكیان بڵاوكردەوە‌و تێیدا ئاماژەیان بەقاچاخچێتی لەو دەروازەیە كرد.

عەلی حەمەساڵح دەڵێت "تا ئێستا بانگهێشتمان لە دادگاوە پێ نەگەیشتوە".

ناڕەزایی پەرلەمانتاران لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتی‌و گەندەڵیی خاڵە سنورییەكان لە چەند لایەنێكەوەیە، بەشێكیان قۆرخكاریی‌و كارینایاسایی ژمارەیەك كۆمپانیایە كە داهاتێكی زۆر بە ناڕەوا بۆ خۆیان كۆدەكەنەوە، بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە نەدانی گومرگ‌وهاوردەكردنی كاڵای قەدەغەكراو هەیە بە ڕێگای فەرمیی‌و لە دەروازەكانەوە.

"لە هەرێمی کوردستان ٢١ مەرز هەیە چوار بۆ پێنج مەرزیان یاسایین، چەند مەرزێکیان دەکەونە پارێزگای دهۆک لەوانە وەلیدو سیمێلکا کەهیچ حکومەتێک لەوێ نیە تەنها دوو شەخس و دوو کۆمپانیا، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و هەردوو کۆمپانیای ستێرک وسەڵاحەدینن حوکم دەکەن، داهاتیان لە داهاتی ئیبراهیم خەلیل زیاترە" غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکیڕۆژنامەوانیدا وای وت.

گەندەڵی و بەھەدەردان لە خاڵە سنورییەکان  لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو حكومەت پارەی نییە بۆمووچەی مانگانە.