ئەمریكا وەڵامی هێرشەكەی سەر هەولێرى دایەوە

26-02-2021 10:21

پەرەگراف

لە وەڵامی هێرشەكەی سەر هەولێردا، ئەمریكا هێرشێكی ئاسمانیی بۆ سەر ناوچەیەك لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دا كە تێیدا "كەتائیبی حیزبوڵڵا و كەتائیبی سەیدولشوهەدائـ"ی نزیك لە ئێران كراونەتە ئامانج.

هێرشەكە بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجام دراوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت "چەندین پێگەی كەتائیبەكانی حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدائـ لەسەر سنووری سووریا - عێراق خاپوور كراون".

هەروەها پنتاگۆن ئەم هێرشەی بە وەڵامێك بۆ هێرشی مووشەكی بۆ سەر ئەو ناوچانەی عێراق كە هێزەكانی ئەمریكای لێیە، ناو بردووە. كە مەبەست لێی هێرشەكەی سەر هەولێرە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەبارەی هێرشەكەوە دەڵێت "بە لای كەمەوە 22 چەكداری حیزبوڵڵای عێراقی و حەشدی شەعبی لە هێرشەكەدا كوژراون".


دەشڵێت "هێرشەكە لە كاتژمێر یەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە. تێیدا سێ‌ بارهەڵگر كە چەكیان تێدا بووە و لە عێراقەوە چوونەتە ناو سووریاوە، لەگەڵ ژمارەیەك پێگەی ئەو گرووپانە خاپوور كراون".

بەرپرسانی ئەمریكا بە نیویۆرك تایمزیان وتووە، لە هێرشەكەدا حەوت بۆمبی 226 كیلۆگرامی بەكار هێنراون. ئەو شوێنەش كە كراوەتە ئامانج "ژمارەیەك بینای بچووك بوون لە خاڵێكی سنووریی نافەرمیدا كە شوێنی قاچاخچێتیی چەك بووە".

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە تویتێكدا لەبارەی هێرشەكەوە ڕایگەیاندووە، بە فەرمانی جۆ بایدن، هێزەكانی ئەمریكا هێرشێكی ئاسمانییان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی پێگەكانی گرووپە چەكدارییەكانی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێرانەوە، ئەنجام داوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا هێرشەكەی بە "وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئەمدواییە دژی كارمەندانی ئەمریكی و هاوپەیمانان لە عێراق و هەڕەشە بەردەوامەكان دژی كارمەندەكانمان" ناو بردووە.

"ئەم هێرشە بووە هۆی لەناوبردنی چەندین پێگە لە خاڵێكی پشكنینی سنووری لە لەلایەن ژمارەیەك گرووپی چەكداری پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێرانەوە لەوانە كەتائیبی حیزبوڵڵا و كەتائیبی سەیدولشوهەدائـ بەكار دەهێنران".